لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
چاودێر
مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لە ڕوانگەی هەست بە بەرپرسیاریەتی و بەخەمەوەبوونمان بۆ سەقامگیری و ئاڵۆزتر نەبوونی بارودۆخی عێراق و خستنەسەر رێچكەیەكی دروست و تەندروستی پرۆسەی سیاسی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكان، پێش دوو هەفتە لە پەیامێكی فەرمیماندا، داوامان لە بەڕێزانی رەوتی سەدر و چەند لایەنێكی تر كرد كە بەبڕیاری بەشداری نەكردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بچنەوە.
باسی لەوەش كردووە، داوامان كرد لەو پرۆسەیەدا بەشداری بكەن بەو مەبەستەی هەموو لایەك پێكەوە قورسایی راستكردنەوە و چاكسازی و چارەسەری كێشەكانی عێراق بگرینە ئەستۆ.
ڕوونی كردووەتەوە، دیارە دوای پێداچوونەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، موقتەدا سەدر رای گەیاند كە وەك رەوتی سەدر، بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەن، ئەم بڕیارەیان خزمەت دەگەیەنێ بە بەرژەوەندییە گشتییەكان و هێمنانەتر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ئەوەیشی ڕوون كردووەتەوە، دووبارە داوا لە تەواوی ئەو حزب و قەوارە سیاسی و كەسایەتییانەی تر دەكەینەوە كە بە بڕیاری بەشداری نەكردن و پاشەكشەكردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بچنەوە، هانیان دەدەین بۆ بەشداریكردنیان لە پرۆسەكە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی عێراق.