جارێكی دیكە خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك گردبونەوە

کوردستان 17/08/2021

چاودێر:
خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك گردبونەوە و رایدەگەنێنن، ماوەی 18 ساڵە زەویيەكانی هەشتی حەسارۆك بەسەر فەرمانبەران و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە دابەشكراوە ، تائێستاش مۆڵەت بەهاوڵاتیان نادرێت زەوییەكانیان بكەنە خانوو، دەشڵێن" ئەگەر بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەین كاردانەوەی توندیان دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە كەیفی ساڵح، بە نوێنەرایەتی خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەساڵی دوای 2003 زەویەكانی هەشتی حەسارۆك بەسەر فەرمانبەران و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە دابەشكرا، ئێستاش هیچ بیانویەك نەماوە بۆ هێنانی خزمەتگوزاری، چونكە خەڵكیان توشی دەیان نەخۆشی دەرونی كرد بەهۆی جێبەجێ نەكردنی بەڵێنەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، 16 هەزار و پێنجسەد زەوی دەبێت، نزیكەی 8  هەزارپارچە زەوی دابەش كراوە، 9 هەزار سەر خێزان كە زەویان هەیە كرێچین، ساڵانەش نزیكەی 400.هەزار دینار باج لەسەر زەویەكان وەردەگیرێت، لەماوەی 18 ساڵدا نزیكەی 112 ملیار دینار حكومەت لەزەویەكانی 8ی حەسارۆك وەرگرتوە، كە هەر دەیتوانی بەم پارەیە خزمەتگوزاری بۆ بێنن.

نوێنەرای خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك دەشڵین" "حكومەت هیچ بیانویەكی نیە، تەنها ئەوە نەبێت هەولێر كراوەتە دو زۆن، ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات، ئەو زۆنەی خەڵكی دەوڵەمەند و بەرپرسی تێدابێت ئاوەدان كراوەتەوە، زۆنی ڕۆژهەڵاتیش ئیهمالكراوە، سێ پێشنیارمان داوەتە حكومەت یان خۆی خزمەتگوزاری بۆ دابینبكات، یان زەوی بازرگانی بداتە كەرتی تایبەتیان، ئەوەتا بڕە پارەیەك دەدەین وەك خاوەن زەوی تا خزمەتگوزریمان بۆ بێنن".

 باس لەوەش دەكەن، دوای سێ مانگ چاوەڕوانی دەبێت سەرۆكی حكومەت بەدواداچوون بكات،كەبڕیارەكانی جێبەجێ نەكراوە، چونكە چیتر خەڵك ناوەستێ و خۆپیشاندانی هێمنانە ناكەن، ڕەنگە كاردانەوەی تریان هەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە  سێ مانگ لەمەوبەر  مەسڕور بارزانی، سەرۆكی حكومەت بەیاوەری وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، بەڵێنیدا دوای جەژن هاووڵاتیان مۆڵەتیان پێبدرێت زەویەكانیان بكەنە خانوو و خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەكەن.