نەوتی هەرێم بە ناڕەسمی لە بازاڕەکانی جیهاندا ساغ دەکرێتەوە
چاودێر
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، محەمەد حسێن، توێژەری ئابووری لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارییە سیاسییەکان ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و تورکیادا هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2013 و پێشتریش، بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ڕێگە بە هەرێم دەدات نەوتەکەی لە ڕێگەی بۆریی عێراق/ تورکیاوە بفرۆشێت، کە بۆرییەکە شەراکەتی هەردو وڵاتی تێدایە و بەناو خاکی تورکیادا تێپەڕ دەبێت، ئەم ڕێگەپێدانەی تورکیا پێچەوانەی ڕێککەوتنی عێراق/ تورکیا بوو، بۆیە تورکیا تووشی زۆر کێشەی یاسایی بوو."
ڕوونیشی کردەوە: "لەبەر ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و تورکیا، هەرێم دەروازەیەکی بۆ دەستگەیشتنە بازاڕی جیهانی بۆ دروست بووە، دەتوانێت بەندەری جەیهان بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بەکار بهێنێت و لەوێشەوە نەوتەکە ڕادەستی کڕیارەکانی بکات، بازاڕی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕەسمی نییە، وەکو دەوڵەتێکی خاوەن نەوت، ئەم بازاڕەی هەرێم نەوتەکەی تێدا ساغ دەکاتەوە، ڕێک خراوە لە لایەن کۆمەڵێک بازرگانی نێوانگیر لەنێوان هەرێم و کڕیارانی نەوتەکەی."
لەبارەی چۆنێتیی سودوەرگرتنی تورکیا لە نەوتی هەرێم کە بەناو خاکەکەیدا تێپەڕ دەبێت، توێژەرە ئابورییەکە ئاماژەی بەوە کرد: "تورکیا دوو جۆر باج و ڕسومات لە هەرێم وەردەگرێت، گومرگ وەردەگرێت لە فرۆشی ئەو نەوتەی بەناو خاکەکەیدا دەڕوات بۆ بەندەری جەیهان، هەروەها بەهۆی سودوەرگرتنی هەرێم لە خەزانەکانی تورکیا، دیسانەوە باج و ڕسومات وەردەگرێت، واتە تورکیا سودمەندە لە ڕووی ئابوورییەوە لە نەوتی هەرێم."
وتیشی: "مەسەلەکە تەنها پارەپەیداکردن نییە، تورکیا بەهۆی نەوتی هەرێمەوە نفوزی خۆی لەناو بازاڕی وزەدا زیاد کردووە، نەک تەنها نەوتی هەرێم، بەڵکو نەوتی کەرکوکیش دەبرێتە فیشخاپوورو لەوێوە بەناو تورکیادا هەناردە دەکرێت."
محەمەد حسێن، زانیاریی وردیشی لەبارەی ئەو کۆمپانیایانەوە خستەڕوو کە نەوتی هەرێم ساغ دەکەنەوە، باسی لەوە کرد: "چەند کۆمپانیایەک کە ئیشی بەبازاڕکردن و گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی نەوت ڕێک دەخەن بۆ هەرێم، ئەم کۆمپانیایانە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، دەچن کڕیار دەدۆزنەوە بۆ نەوتی هەرێم، هەروەها پرۆسەی تەحویلکردن و ئاڵوگۆڕکردنی داهاتی نەوتی هەرێمیش هەر ل ەڕێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە دەگاتە دەست حکومەتی هەرێم."
لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن توێژەری ئابوری لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارییە سیاسییەکان، ئەوەشی خستەڕوو "عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم سکاڵای لە دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر تورکیا تۆمار کردووە، کە هەردو وڵات پابەندن بە بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە، بڕیار بوو لە ڕۆژی 21/4/2021 دادگا بڕیاری کۆتایی بدایە، بەڵام پێدەچێت هەندێک ڕێککەوتن و حساباتی سیاسی، دانیشتنەکەی دواخستبێت."