تورکیا چەکی کیمیایی لەگارە بەکارهێناوە
چاودێر:
هەپەگە ڕایگەیاند: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی دیلەکانی خۆی لە کامپێکی مەیدانی سیانە لە چیای گارە، چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر کوژرانی دیلە تورکەکانی دەستی، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەوکەدا هاتووە: سوپای داگیرکەری تورکیا دژی ئەو دیلە تورکانەی کە لە کامپێکی مەیدانی سیانەی چیای گارە ڕادەگیران و هەروەها بۆ کوشتنیان گازی کیمیاوی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، کە بەکارهێنانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا وەک تاوانی شەڕ دەناسرێت.
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە: بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیە چەکی کیمیاوی بەکارهێنراوە، کەس ناتوانێت سەردانی شوێنەکە بکات، هەروەها بەهۆی بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان، هێشتا ئەنجامی شەڕەکەی گارە ڕوون نەبووەتەوە.
هەپەگە ئاشکراشیکردووە بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو کەسانەی کە لەو کامپەدا بە چەکی گیمیاوی کوژراون، دواتر لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە گولـلەباران کرابن.
هەروەها هاتووە: پیشتر ڕامانگەیاندبوو گوندی شکەفتیان سەربە هەرێمی گارە، پێنج جار بۆردوومان کراوە، لەم هێرشانەدا، هەڤاڵمان “گەلهات تۆڵهەڵدان” خەڵکی جزیرەی بۆتان شەهید بووە، کە دواتر ناسنامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: هێرشەکان لە ڕۆژی ١٥ی شوباتیش بۆسەر ناوچەی گارە بەردەوام بووە، بۆیە ئەنجامی شەڕ لەو ناوچەیە تا ئێستا دوا کەوتووە.