لەسەر سکاڵای بەرهەم ساڵح ڕۆژنامەنوسێک دەستگیرکرا

کوردستان 22/09/2020

چاودێر:

 

ئەمڕۆ سێ شەممە لەسەر سکاڵای سەرۆک کۆماری عیراق بەرهەم ساڵح ڕۆژنامەنوس (بەهرۆز جەعفەر) لەلایەن پۆلیسەوە لەشاری سلێمانی دەستگیرکرا.

 

بەهرۆز جەعفەری ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی لەناوەڕاستی مانگی هەشتدا وتارێکی لەژێر ناونیشانی (تا کەی سەرۆک کۆمار ڕۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟) بڵاوکردەوە، کە بەهۆیەوە سەرۆک کۆماری عیراق سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرد.

 

بەهۆی ئەو سکاڵایەوە ئەمڕۆ بەهرۆز جەعفەر لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.

 

لەئێستادا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ئازادی خوازان و کەسایەتییە جیاوازەکانەوە داوای ئازادکردنی دەکەن.

 

لەوبارەیەوە سەروەر عەبدولڕەحمان ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر یاسا لەم وڕتەدا سەروەر بێت، زۆر كەس هەن دەبێت دەسگیربكرێن، كە یارییان بە موقەددەراتی ئەم نەتەوەیە كردووە! بەڵام بەداخەوە ئەوانە دەسگیردەكرێن كە راستییەكان دەدركێنن.

 

کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەهۆی ئەوەی ناوزڕاندنی کردووە، دەستگیرکراوە و فەرمانی هەشت ڕۆژ ڕاگرتنی بۆ دەرچووە و دەستگیرکراوە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، هەوڵدەدەن ئەمڕۆ یان سبەینێ بەکەفالەت ئازادبکرێت و جۆری یاساکە بگۆڕن بە یاسای ڕۆژنامەگەری نەک یاسای سزادانی عیراقی.