وردەکاریی داواکانی هەرێم لە بەغدا بۆ ڕێککەوتن
چاودێر
حکومەتی هەرمی کوردستان لیستێک داواکاریی خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراق تا ڕەزامەندییان لەسەر بدات و ڕێککەوتنی کۆتایی نێوانیان ڕابگەیەنن، بەڵام داواکارییەکان هەندێکیان بە قوورس ناو دەبرێن و باس لەوە دەکرێت حکومەتی عێراق بە ئاسانی ناچێتە ژێر باری هەندێکیانەوە.
گەرەنتیکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی سیادیی عێراق، پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێنن، دانەوەی قەرزەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، لە مەرجە بنەڕەتییەکانی هەرێمە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە بەغدا هیچ ڕەزامەندییەکی نیشان نەداوە.
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرۆکفراکسیۆنەکانیش ئەو هەستەمان کرد هەرێم ڕەنگە ئامادەیی ڕێککەوتن پیشان نەدات، چونکە بەغدا ناچێتە ژێر باری دانەوەی ٢٤ ملیار دۆلار قەرز کە لەسەر هەرێم بە پاشەکەوتی مووچە و قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتەوە.
وا بڕیارە لەم هەفتەیەوە گەڕێکی تری کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێ بکاتەوە، بەڵام دانوستانەکان تا ئێستا تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆدا ماونەتەوە و وا بڕیاریشە لە ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا حکومەت پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێت پەرلەمان، ئەگەر تا ئەوکاتە هەرێم و ناوەند ڕێکنەکەون ئەگەری درووستبوونی کێشە بۆ بەشە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران هەیە.