ڕیتا … عاشقم بە !
قەسیدەی: مەحمود دەروێش
و: جەمال غەمبار
ئێواران ، لە ئەسینا
مانگ و گۆرانی دەشارینەوە و
یاسەمینێک داڵدە دەدەین .
باڵکۆنەکان پێیان گوتین :
نە دەستەسڕەکەی ئەو دێت و
نە مەیلێکیشی !
نە رێگەوبانیش
سۆز دەکەنە پیشەی خۆیان !
بنوو ! ئێرە پڕ بووە لە پۆلیس
بە قەد ژمارەی دار زەیتوون
پۆلیس ڕژاونەتە ئێرە !
بە ئەسینادا وەربوون .
لە خەونێدا ، خەیاڵ ئاوێزانت دەبێت .
لێم دوور دەکەویتەوە و
دەبیتە نەیاری زەمین
وەک کازیوەیەکی گۆرانیبێژ
کڵپە دەکەیت و
دەستەکانی منیش
بە کۆت و پێوەندەوەن.
«سەنتوورەکەم» لێم دوورە
وەک جەستەی تۆ
لە بەیتەکانی سترانبێژێکدا !
ڕیتا !
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و ،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە !
خۆشەویستیی قەدەغەیە ..
ئەوەتانێ پۆلیس و
قەدەری کۆن ،
هەردووک لێرەن .
گەر عیشقی خۆت
بۆ چاوە رەشەکان بەیان بکەیت
بتەکان هاڕە دەکەن .
ڕێگر و چەتەکان
لە کەمیندان بۆ هەر ژنێکی عاشق .
+ ئەسینا .. هۆ ئەسینا ..
خانزادەکەی من لە کوێیە ؟
- ئەوەتانێ لەسەر چەقۆ سەما دەکات
جەستەی ئەو
سەرزەمینێکی دێرینە .
خەمیشی ، دوو ڕوخساری هەیە :
یەکیان ڕوخسارێکی وشکەڵاتوو
بۆ رابوردوو یاخیی دەبێت .
ڕوخسارێکیشیان نوقمی شەوەزەنگی تاوانە .
خۆشەویستییش قەدەغەیە ،
ئەوەتا پۆلیس لێرەیە و ،
یۆنانیش ژنە عاشقێکی هەتیوە !
لە خەونێدا ،
خەیاڵ ئاوێزانت دەبێت .
گۆرانیبێژ
لە پەنجەرەکان یاخی دەبێ و ،
خۆرنشینیش لەجەستەی سووتاوی تۆ بەرز دەبێتەوە
جەستەیەک کە زوخاڵ و سووتاوە بە کۆت و بەند و
بە هەوا و هەوەس و ، بە زەمەنێکی پیسکە !
بنوو ، لەسەر خەونی من بنوو !
چاوانت لە بێدەنگیی مندا ون بوون .
جەستەشت شەڵاڵ بووە بە وەرزی هاوین و مردنێکی گەش .
لەوسەری دونیا ئاوێزانت دەبم
ئەو دەمەی پڕ پڕ بە مەحاڵ دوور دەکەویتەوە .
ڕیتا !
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و ،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە !
مەنفاکەی من : ئەو جوتیارانەن
کە لە نێو زوبانی دڵتەنگیی مندا زیندانیین!
مەنفاکەی من :
وەردیانی زیندانەکانن
کە لە نێو دەنگی من و لە نەغمەی ڕوبابەدا نەفی کراون .
مەنفاکەی من :
جەژنە مۆمیاکراوەکانن .
خۆرێکیشە لە نووسیندا !
مەنفاکەی من :
ئەو ژنە عاشقەیە کراسی خۆشەویستەکەی
بە کلکەی هەورێکدا هەڵدەخات !
مەنفاکەی من :
هەموو نەخشەکانی دونیا و کۆتایی دڵتەنگییە !
لە خەونێدا باسکت دەبینم خۆرێکی دێرینی هەڵگرتووە !
مردووەکان چ ڕەنگێکیان نییە ،
کەچی وەک درەختەکانی باخچە
دەیانبینم شەڕیانە لەسەر تۆ !
تۆش بەو ئەفسانانە ئاوێزانیان بە
کە حەقیقەتیان خستۆتەوە !
هەتا منیش
هەنجەتم بۆ مەنفا هەبێ و ،
سەنگەرم قایم کەم و بەردەوام بم لە گەڕان
بە دووی نهێنیی باووباپیرانم و ،
بە دووی
ئەو یەکەمین تەرمەی سنوورەکانی مەحاڵی بەزاند .
لە خەونێدا باسکت دەبینم خۆرێکی دێرینی هەڵگرتووە !
ئەزیش ،
خۆمم لە هەنگاوەکانی ئەم ڕەزمەدا بیرچۆتەوە
یەک لە سێ بەشی خۆم لە زیندانێ تووند کراوە
دوو بەشەکەی تریشم لە نێو گیای باخچەکەدایە.
ڕیتا !
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و ،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە !
خەم بۆتە شووناسی یۆنان !
یۆنان بە دووی منداڵیی خۆیدا وێڵە و
نایدۆزێتەوە .
ئەوەتانێ ، ستوونی پەیکەرەکان هەرەس دێنن
قەشەنگترینی سوارەکان خۆ دەکوژن .
عاشقان بە نێر و مێیانەوە لە هەڕەتی جوانییاندا
دەست لێک بەردەدەن .
هۆ پۆلیس ! تۆش لێم گەڕێ بە خەمی خۆمەوە بتلێمەوە .
نیوەی ڕێگا وێستگەی منە و ،
خۆشەویستەکەشم جوانترین مێینەی کوژراوە .
+ دەڵێیت چیی ؟
دەتەوێ تەرمەکەیت ڕادەستکەم ؟
بۆچی ؟
بۆ ئەوەی بیخەیتە سەر سفرەوخوانی خەلیفە ؟
کێ گوتی تۆ گەورەی منیت ؟
کێ گوتی ؛
خۆشەویستیی قەدەغەیە و؟
خوداوەندەکانیش لە پارلەماندان ؟
ئەی کێ گوتی ؛
سەماکردنی مەستانەی ئێمە
ساتە کورتەکانی پشوودانی تۆ دەشێوێنێت ؟
خەم بۆتە شووناسی یۆنان !
یۆنان بە دووی منداڵیی خۆیدا وێڵە و
نایدۆزێتەوە .
لە یۆنان ، پۆلیس ،
تەنانەت دڵتەنگییش دەستبەسەر دەکات !
تەنانەت فرمێسکی چاوی بە کل ڕێژراویش !
لە خەونێدا ، چاوە ڕەشەکان گەورەتر دەبن
کۆت و پێوەند هەڵدەلەرزن
تەدارەکی شەو ساز دەکرێ .
قەسیدەش
بە خەیاڵی خاکئامێزی خۆیەوە دادەگیرسێت ،
خەیاڵ بۆ پێشەوەی دەبات
بە زەبری باڵەکانی بیروباوەڕ دەیبات و
منیش تۆ دەبینم لێم دوور دەکەویەوە !
ئۆه .. بەرەو ئاسۆی خوداوەندێکی تر
لێم نزیک دەبیتەوە !
گەرچی دەستەکانیشم بە کۆت و پێوەندەوەن
کەچی ئەز هەمیشە سەنتوورە دوورەکەم و
جەستەی تۆ دەلاوێنم ..
ئەو دەم یۆنان لەدایک دەبێ ..
گۆرانییەکان گوڵ دەگرن ..
زەیتون گەنج دەبێتەوە ..
ئەو دەم ، بروسکە بە نیشتمانەکەمدا
بێ ترس تێدەپەڕێت .
ئەو دەم ،
دوو عاشقیش منداڵ دەبنەوە .
ڕیتا !
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و ،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە !
————————————————
سەرچاوە : aldiwan.net
سەرنجی وەرگێڕ :
ڕیتا ، ئەو کچە جولەکەیە بوو لەگەڵ م . دەروێش لە ئاهەنگێکی حزبی کۆمۆنیستی ئیسرائیلدا یەکتریان ناسی و دواتر عاشقی یەکتر بوون . دواجار بەهۆی جەنگی خوێناویی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ، بە تایبەت شەڕی حوزەیرانی 1967 کە بە (نسکۆی حوزەیران ) ناسراوە ، دەستبەرداری ئەو عیشقەیان بوون .
م. دەروێش ئەم قەسیدەیەی لە (ئەسینا) ی پێتەختی وڵاتی یۆنان نووسیوە . ئەوێ دەمێ ، لەوێ ، لە سایەی کەیسی پەناهەندەییدا و لە کۆلیتەکانی دڵەراوکێ و بێ وڵاتیدا ژیانی بەسەر بردووە .
لە تەرجەمەکردنی ئەم شاکارەی م . دەروێشدا ، هەوڵم داوە بە دوور لە تەرجەمەی حەرفیی و ، ئەوەندەی پێم کرابێت ڕوانینەکانی شاعیر بخەمە بەر زەینی خوێندەواری کورد .