پرسیار و تێڕامان

رۆشنبیری پێش 2 هەفتە

نوسینی: نیشتیمان عەبدولقادر
لە دێر زەمانەوە و بەپێی تیۆرەکانی گەشەی مرۆڤ، فاکتەری سەرەکی گۆڕان لە ھۆش و ڕەفتار و مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا، سەرسوڕمان بووە، سەرسوڕمان لە ئاست ئەو دیاردە سروشتییانەی کە مرۆڤ لە ئاستیا لاواز و بێتوانا بووە، نە ھیچ تێگەیشتنێکی بۆیان ھەبووە نەتوانیوێتی وەکو خۆی بێ ئەوەی وەک مەترسی لەسەر ژیان و مانی خۆی وەریانگرێت، دواتر سەرسوڕمان بووەتە ھۆی دروستبوونی پرسیار لە بارەی ئەو دیاردانەوە وەک ھەوڵێک بۆ پەی بردن بە نھێنی ڕوودانیان و وەک دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ خۆپارێزی لەو مەترسیانەی کە دروستی دەکەن ، مرۆڤ سەرەتا پرسیاری لە خوودی خۆی کردووە وەک دەرئەنجامی شێوەیەک لە تێڕامان، کە ھەوڵێکی خۆڕسکیانە بووە لە گەیشتن بە ھۆکاری ڕوودانی ئەو دیاردە سروشتیانە. 
ئەمە وەک بنەمایەکە کە ئەیسەلمێنێ غەریزەی مانەوە و بەردەوامبوونی توخمی مرۆڤ لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانی گەشەی مرۆڤە و پرسیارکردن و تێڕامان ھەوێنەکەیەتی. تائێرە وەک پێشەکی بۆ چوونە ناو بابەتەکە بەسە، ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئەوەیە کە تەنیا دیاردە سروشتییەکان ھۆکاری تێڕامان و پرسیارکردن نیە لەم سەردەمەدا (ئەگەرچی پاڵنەری بەردەوامبوونی توێژینەوەی زانستگەلێکە لە جیھاندا و کاری لەسەر ئەکرێ)، چونکە وەسیلەکانی خۆپارێزی ھەن و دەستەبەرن بە بەراورد بە سەردەمە کۆنەکان، مەدەنیەتیش کەفیلە بەمە، بەڵام ئەوەی کە ھیچ پێشکەوتنێک کەفالەتی ناکات بەردەوامی توخمی مرۆڤە وەک مرۆڤ نەک وەک ڕۆبۆت یا وەک کاڵا ، ئەوەی کە مرۆڤ لە بەڕۆبۆتبوون و بەکاڵابوون جیائەکاتەوە ھاوکات ھەوێنی پاراستنی توخم و ڕەگەز و مانای مرۆڤبوونیشیەتی تێگەیشتنێتی لە خۆی وەک بوونیادێکی سەرپەخۆ بەدەر لە ھەموو پێواندنێک کە لە دەرەوەی مانا و بەھای مرۆڤبوون بێت، تێگەیشتنیش لە پرسیار و تێڕامانەوە سەرچاوە ئەگرێت، کە ھێمایەکی جیاکەرەوەی مرۆڤی ژیر و بەئاگایە لە پێچەوانەکەی، پرسیارکردن و تێڕامان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەل ڕاستییەکان وەک خۆی سەرەتای وشیاربوون و خۆناسی و ناسینی ئەوی دیکەیە، جا ئەوی دیکە ( مرۆڤێکی تر یا کایەکانی ژیانکردن یا پێکھاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و .... ھتد دیکە بێت) ھاوکات ڕاستییەکان لە جەستەی خۆتەوە دەست پێئەکات تا ئەگات بە ژینگەی خێزانی و مێژوویی و جوگرافی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تا ئەگات بە پیشەیی و ھونەری و ھەموو ئەوانی دیکە. پرسیارکردن لەوەی کە جێی سەرنجە یاخود ئەوەی کە پێویستی بە گۆڕانکارییە یا ئەوەی کە پێویستی بە سڕینەوە و ئەڵتەرناتیڤە یا ئەوەی کە پێویستی بە تێگەیشتن و شێوازێکی دیاریکراو لە مامەڵەکردندا ھەیە، ھەموو ئەمانە بۆ ھەر کەسێک بە شێوە و ڕادەی جیاوازە، کاریگەری و لێکەوتە و دەرئەنجامەکانیشی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بەھۆی جیاوازی لە ڕەگەز و تەمەن و توانای مرۆیی لە ھەموو ڕوویەکەوە، ھەر بۆیە ھاوشێوەیی و چاولێککردن لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەنێوان کەس و گرووپ و پێکھاتەی مرۆیی جیاواز و مامەڵەکردن لەگەڵ ھەموو حاڵەت و دیاردە جیاوازەکانی کۆمەڵگە باعیسی پێشکەوتن و مەدەنیەت و گۆڕانکاری نابێت ھێندەی چەقبەستوویی دروست ئەکات، تا ئەو ڕادەیەی کە بەھای مرۆڤەکان ھێندە بێنرخ ئەبێت بۆ نموونە وەک کاڵا لەلایەن سەرمایەدار و سیستمی سەرمایەدارییەوە بۆ بەرژەوەندی مادی بەکاردێت، یا لەلایەن سیاسی و حیزبی سیاسییەوە وەک کارتێکی یەدەگ لە کاتی پێویستدا بۆ بەرژەوەندی حیزب و ھێنانەدی ئامانجەکانی بەکاردێت، یا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە ھۆی دروستبوونی دیاردەی ڕووکەشپەرستی و دەمارگیری و وەھمی گەورە ، لە ڕووەکانی تریشەوە بە ھەمان شێوە ڕۆڵی دواخستنی کۆمەڵگە ئەبینێ تا ئەگات بەوەی کە مرۆڤ ھێند بێئاگا ئەبێت لە بەھا و پێگەی خۆی شێوەی جەستە و دەموچاوی خۆی بە پێی پێوەر و خواستی ڕۆژگار بگۆڕێت بەبێ ئەوەی پرسیار لە خۆی بکات کە پاڵنەری ئەو کارانەی چین و زیان و مەترسی و لێکەوتەکانی چی ئەبێت، ھەموو ئەمانە لەوەوە سەرچاوە ئەگرێت کە ئەگەر مرۆڤ فێری پرسیارکردن و تێڕامان نەبێت، ھەڵوێستی سەبارەت بە دیاریکردنی پێگەی خۆی نابێت و تێگەیشتنێکی مەعریفی و واقعی و لۆژیکی بۆ حەقیقەتی ئەوەی کە ھەیە و لە دەوری ئەگوزەرێ نابێت. 

پرسیارکردن کرۆکی گۆڕانکاری و پێشکەوتنە لەسەر ھەموو ئاستەکان و لە ھەموو ڕووەکانی ژیانەوە، خاڵی وەرچەرخانە بە ئاڕاستەی پێشکەوتن و پیادەکردن و پەیڕەوکردنی مەدەنیەت و کارکردن لەسەر بنەماکانی ڕۆشنگەری لەپێناوی بەرژەوەندی تاک و گشت دا.