کوژانەوەی مانگ
سامی هادی
١
سەیرە
ژیان بەو ئاڵۆزییەی
هێشتا بە گومانەوە
شەوباش لە شتێ دەکات
پێی وایە
کوژانەوەی مانگە
٢
ئەگەر خەیاڵ
هەمووی زیندانی بکرێ
بێگومانم
نە ڕووبار
نە باڵندە
نە پەنجەرە
ماندووەکان
چیتر سەیری
خۆرئاوابوون ناکەن
٣
لە دوای شەستەوە
چ بەئازارە سەیری سێو
بکەین
بە مانگەشەویش
بڵێین
چاوی من
کوژاوەتەوە
یان نیشتیمانی تۆ؟
٤
ئەگەر باران
نەمێنێ
لە وەرزەکانا هەر
تەرزە ببارێ
چووزانم
ئیتر دەبێ مرۆ بیر لە چی بکاتەوە؟
٥
ماڵەکەم پڕە لە
ئینجانە و گەڵا
بەیانییان بەر لە
هەتاو
ئەگەر کارەبا
هەبێ
گوێ لە پیانۆکانی
باخ و شۆپن دەگرم
پەنجەرە و دەرگا
بچکۆلەکان دەکەمەوە
ژنەکەم سڵ لە
سەرما دەکاتەوە
لەگەڵ یەکەم
چاوهەڵگڵۆفین
بیری دەکەوێتەوە
ئەو حەبانە بخوا
هەموو بەیانییەک
پێنج دەنک و
ئێوارەش
ئەو حەبانەی
بەڕاستی ڕقم لێیانە
چونکە مۆمە زۆر
کزەکانی شێرپەنجەن
٦
لە جەنگدا
کۆترەکانمان فێری فڕین کرد
بە دەریامان وت سەعات
چەندە
پاپۆڕەکان سەیری
سەمای ئەستێران دەکەن
لە جەنگدا بیابان
لاشەکان نابەخشێتە گۆڕستان
لە جەنگدا کۆترەکان
گەڕانەوە
تەنیا خۆمان
بووین
بۆ پەنجەی
پیانۆکان دەلاواینەوە
٧
هەڵەم کرد
بە پاییزم وت
ئەو ڕەنگەی تۆ
لە ئێستای ژنەکەم
دەچێ
بەداخەوە ژنەکەم
خەونەکانی بە پەیژەی
بەفرانبار
هەڵواسیوە
٨
دایکە
خەریکە باران
دەبارێ
ئاسمان دیسان
ئەستێرەکان دەکوژێنێتەوە
بە کام دەرگا
بچینەوە ناو تاریکی
بە کام پەنجەرە
بانگی وەرزە خەوتووەکان بکەین
خەریکە باران
دەبارێ
تەنیا خۆمم
هەر خۆمم
ئیتر ناهێڵم
هێلانەی باڵندەکان چیتر تەڕ بن
٩
خەڵکانێک
گۆرانییان بیر چووەتەوە
هیی تریش سەمای
دوای خۆرئاوابوون
منیش لەناو
ڕووناکی کزی پیریدا
گوێ لە پیانۆژەنێک
دەگرم
بەو هەستەی
ڤیڤاڵدی بێت
بەڵام دڵنیا نیم
١٠
جەنگ
بە ڕوخسارێکی دى
زەریاکان بە تەنیا
بۆ ماسییەکان
جێدەهێڵێ
١١
کە هەولێریان پێ
جێهێشتین
هێشتا کۆترەکان
بە ئاسمانەوە بوون
دایکم بارانی کۆ
دەکردەوە
باوکیشم بیری لای
دارچواڵەکان بوو
ئێستا باوکم
لە ژێر دارئەرخەوانێک
ڕۆژەکانی تاریکی
دەژمێرێ
بیر لە هیچ
گۆڕستان و شەقامێک ناکاتەوە
ئیتر پێی وایە
هەولێریش بوو بە ڕابردوو
١٢
باخ
کاتێک لە کڵێسا
تووڕە بوو
تەنیا داوای
لێبووردنی
لە پیانۆ پیرەکە
کرد
١٣
ڕێنوار
هێندە سەیری ژنە
ڕووتەکانی کرد
دواجار
لە نێوان ئەم دوو
شەپۆلەی مانگەشەو
بڕیاری دا
ئیتر لەگەڵ
جەستەی ناو تابلۆکانی
بخەوێ
١٤
هەتا توانی
شوێن پێیەکانی
هەموو ژنانی
ماچ دەکرد
ئەوە ئەفسانەی
ئەو پیاو ڕۆژهەڵاتییە بوو
پێی وا بوو
لێرەیە نەمریی گەلگامش
١٥
لە ناو کام
تاریکی
لەسەر پەیژەکانی
کام موزیک
بە دیار کام
باران و تەرزەوە
لەسەر کام شەپۆلی
خەواڵوو
لەناو کام
گالیسکەی تەمتوومان
لە کام شەقامی
برسی و سەرخۆش
لەسەر تۆنی
هاواری کامە وەرز
ڕەنگەکانی مردن
بدۆزینەوە
١٦
ئەی خودا...
جگە لە دایکم بیر
لە کێی تر بکەمەوە؟
١٧
ئەو ساتانەی
گۆڕستان بە تەواوی
بۆنی سەرمای
گرتووە
تەنیا باڵندەکانن
دەتوانن
یادگارییەکانی
ماڵی مردووان بگێڕنەوە
١٨
ئای دادپەروەری
تەنیا لە نێو
لاپەڕە زەردەکانی
هەندێ کتێبی
خۆڵەمێشیدا
هەناسەی وشەکانت
بۆنیان دێ
١٩
هەمیشە
مێژوویەک
دەگێرینەوە
هێندە تەڕ بووە
گومان لە زمان و
لە گریان و
تووڕەبوونەکانیشی
دەکەین
٢٠
ئەگەر
یادداشتی ڕۆشنایی
بنووسمەوە
بە دڵنیایییەوە
لە ژوورێکی تاریک
بە یەکەوە پیانۆ
دەژەنین.
سلێمانی ٢٠٢٤
(فرەڕوخسار)
د. موحسین ئەحمەد عومەر
لەگەڵ خوێندنەوەى ئەم کۆپلە شیعرانە ڕاستەوخۆ هەست بەو ڕوانین و بۆچوونە
دەکەین کە لەم سەردەمە شیعر دەبێ هاوتاى فۆرم و ناواخن و هەڵکەوتى سەردەمەکە بێ،
واتە دەبێ هەست بە جیاوازى لەگەڵ هونەرەکانى شیعرى ڕابردوو بکەین، لەوانەشە ئەم
تایبەتمەندییە ئەوەندە گرنگ نەبێ بە قەد ئەوەى ئەم شیعرانە بەو شێوە نەبن وەک
ئامێرێک سوودێکى هەبێ، چونکە ئەمە سروشتى شیعر نیە، سروشتى شیعر تەنیا گەڕانەوەیە
بۆ خودى خۆى، ئەم گەڕانەوەیە تەنیا لە شیعردا هەیە، بەڵام شیعر هەیە هێشتا
نەنووسراوە ئەم هەڵکەوتەى نیە، لەبەر ئەوەى لەناو نەریت و ڕێسا و وێنا ئاساییەکان
کار دەکا، دەیەوێ دنیا بنیات بنێ نەک دنیامان نیشان بدا، هەر شیعرێک لەگەڵ ڕەوتى
بنیاتنان و ڕوانینى کۆمەڵایەتى ڕۆیشت دەبێتە مانەفێستى کۆمەڵایەتى و بنیاتنانى
فەرهەنگى، بەڵام ئێمە کە شیعر دەەخوێنینەوە چاوەڕێى شتێکى دیکە دەکەین لە سەرەوەى ئەم
هەستەى بنیاتنانى فەرهەنگى، ئێمە دەمانەوێ باس لە وێڵى و سەرگەردانى خۆمان بکەین،
ئێستاتیکاى سەرگەردانى دەشێ لە سەرەوەى ئەو بنیاتنانە بێ، چونکە مرۆڤ هەردەم
نیگەرانییەکى هەیە بە شتێک تێر دەبێ وەک میتافیزیکایەکى لیریکى بێ هەموو ئاییندەى
خۆى بۆ بێنێتە بەرچاو و بچێتە سەرەوەى بنیاتنان و فەرهەنگ. لەم کۆپڵە شیعرانە دنیا
بەو شێوە واقیعییەى هەیە نەخراوەتەڕوو، بەڵکو هیچ شتێک جێگیر نیە، هیچ شتێک مسۆگەر
نیە، لە ڕاستیشدا ئێمە یان شاعیر دەیەوێ ئەو نیگەرانیە بخاتەڕوو کە لە نێوان ترس و
هیواوە هەیە، ئەم نێوانە دەشێ باسى بکرێ، بەڵام چۆن باسى بکرێ، تەنیا بە وێنایەک
وەک: کوژانەوەى مانگ، لەوانەیە ئەم دیاردەیە بۆ کەسێک کەمێ ناماقووڵ بێ، بەڵام
وێناکە ناماقووڵ نیە، کێشەکەش لەمەدایە و شیعر دەتوانێ بەم شێوە شتەکان بخاتەڕوو:
سەیرە
ژیان بەو
ئاڵۆزییەی
هێشتا بە
گومانەوە
شەوباش لە شتێ
دەکات
پێی وایە
کوژانەوەی مانگە
ئەم وێنایە دەشێ بخرێتە پاڵ دەیان بۆچوون
و ڕوانین، بەڵام کوژانەوەى مانگ ئاماژە نیە بۆ ڕووداوێکى کارەساتبار، بەڵکو
ئاماژەیە بۆ مەحاڵ، کاک سامى هادى شاعیر دەیەوێ مەحاڵێکى ئێستێتیکى بنیات بنێ،
مەحاڵى ئێستێتیکى یان ئێستێتیکایەکى سەر بە مەحاڵ، یان لیریکایەکى مەحاڵ پیشان
بدا، ئەمەش هەر ئەو ئامانجەیە فەلسەفە یان باشتر مرۆڤى نیگەران لە دواى دەگەڕێ، لە
سەردەمانى پێشوو پرسیارى لەم جۆرە نەدەکرا، چۆن ئەو کات هێشتا دنیا ئەوەندە خۆى بۆ
مرۆڤ ڕوون نەکردبۆوە، مرۆڤیش ئەوەندە لە نهێنییەکان نەگەیشتبوو، ئەو سەردەم شیعرێک
بنیات دەنرا و دەخوێندرایەوە دنیاى وەک نانێک پێشکەش بە مرۆڤ دەکرد، ئەمڕۆ سەردەمى
پاشنوێخوازییە، سەردەمى ترازان و لێکترازانە، ئەزموونى تاکەکەس و ڕوانینى
ئێستێتیکى تاکەکەس و نیگەرانییەکانى تەنیا بە زمانێکى لەم جۆرە دەخرێتە ڕوو وەک
چۆن لەم کۆپڵە شیعرانە نیشان دراوە، دەشێ ئەم کۆپلە شیعرە تەواوى ئەو ڕوانینانە بە
جوانى بخاتەڕوو:
ئەگەر
یاداشتی ڕۆشنایی
بنووسمەوە
بە دڵنیایییەوە
لە ژوورێکی تاریک
بە یەکەوە پیانۆ
دەژەنین.
خەیاڵ و وێناکان
زۆر سادە و ساکارن، بەڵام ئەم سادەییە شێوازى شیعرى نوێیە، شیعرى پاشنوێخوازى کە
زیاتر لە مرۆڤ نزیکە، زیاتر دەروون و ڕوانینى مرۆڤەکان دەخەنەڕوو، مرۆڤ و ئەودیوى
شتەکان، زەمەن، ئاییندە، ئاڵنگارى و مەترسییەکان، نیگەرانییەکان پیشان دەدەن، ئەم
وێنایانەش زیاتر بریتین لە کوژانەوەى مانگ وەک مەحاڵێک، خەیاڵ، تەمەن، ماڵ شەڕ،
پیانۆ، کۆتر، ڕوخسار و سەرگەردانى و ئاوارە بوون و جەستە و مێژوو. ئەمەش تەواوى
ئەو فەزا خەیاڵیەیە کە زۆر ڕەهەندى هەیە، خەیاڵى، ماقووڵ و ناماقووڵ، سروشتى و
سەرەوەى سروشتى تێکەڵن، شاعیر دەیەوێ دنیا بەو شێوەیە بنەخشێنێ مەحاڵ بێ
پێچەوانەکەى ڕووى ڕاستەقینەى شتەکان بێ، ئەو دەڵێ ئەم دنیایە فرە ڕەهەند و
مەودایە، فرە ڕوخسار و واتایە، دەشێ هەر ئەمەش باشتر ئەم نیگەرانییە ئێستێتیکییە
پیشان بدا.