ڕەنگە ئیتر مانگ هەر بە تاریکی ببینم

رۆشنبیری 08/06/2023

١
لەخەونمدا
پاشماوەی جەنگم کۆدەکردەوە
ئەو هەموو تاریکیە شکاوە
ئەو هەموو پێکەنینە سووتاوە
ئەو هەموو ڕەنگە بوونەتە باڵندە
لەخەونمدا                       
هەرچەند دەگەڕام               
نەمتوانی ئەو پیاڵە چایەبدۆزمەوە
بەرلە بۆردومانەکە ببو بە بەشێک لە خۆم

٢
تەنیایەکی زۆر ساردم لەپێشە   
ڕەنگە ئیتر مانگ هەر بە تاریکی
ببینم.                              



٣
دە با سەیری دەریا بکەین
ئەگەر دەریا نەبوو        
باهەموو تاریکی کۆبکەینەوەو
چرایەکیش پڕ بکەین لە سەما
تا ئارام ،ئارام بە بێدەنگی بڵێین
ئاخر ژیان،                    
بە گۆرانی باڵندەکانیەوە جوانە

٤
کە نامەکەم کردەوە باران دەباری
نازانم وەرزی باران بوو یان     
بەهەرحاڵ                           
وشەکان هێندە تەڕبون               
بیرم چۆتەوە خەونی ناو کام سەدە بوو
بە ڕوپۆشێکی ڕەش ژمارەی ماچەکانت
بۆنارد بومەوە                           



٥
تارماییەک لە پەنجەرەکەم دەدات
ڕەنگی شەپۆلەکانی گرتووە
بەزمانی زەریا بەیانی باشم لێدەکات
ئەو تارماییە لەو ژنە دەچوو
هێندە بە تاریکیی هات
ئێستاش نەیزانی ڕوناکی لەدارستانە

٦
ئەم شەو بێ سێبەری بارانیش         
بێکوژانەوەی چراو                      
بێ جریوەی وردە شەپۆلی ڕوباروو   
بێ ڕەنگی هەموو شەرمە ترسنۆکەکانم
زۆر بە ڕاستیمە                        
بیرت دەکەم                             
٧
سەڕەڕای هەموو ئەمانە
کە باران دەبارێت
ئێوارە بێت یان نیوە شەو
مۆمەکەتم هێشتان نەکوژاندۆتەوە

٨
بۆ هاوڕێم بەشدار سامی
ئیتر مەنوو
بیرەوەریەکانت تەڕکە بە باران
کە پەنجەکانیشت داگیرساند
تەنیا بە پیانۆ پیرەکە بڵێ
کاتژمێرچەندی خۆر ئاوابونە

٩
لەناو پایزداهێندە خەوتم         
بیرم چۆوە                         
گەڵاش دەتوانێت ببێت بە گۆڕستان

١٠
لەناو کام ئاوێنە
ڕووتی منت شکاند؟



١١
تۆبڵێی مانگ بزانێت    
زەوی هەمیشە           
وەک مێینە سەیری دەکات؟

١٢
ئەگەر دارستان هەموو تاریکیەکانی      
کۆبکاتەوە                                    
دەبێت هەتاو هەست بە شەرمەزاری بکات؟
١٣
وشەکانم بێ گۆچان
لە ئێوارەی تەڕی تەنیا شەقامێک
لەگەڵ تاریکی ئاشت دەکەمەوە

١٤
دایکم لە گۆڕستانەکەدا
بەدوای تارمایی باوکم دەگەڕێت
ئەو نازانێت ئێستا باوکم
بارانەو لە ناو شەودا ڕاکشاوە

سلێمانی ٢٠٢٣

 

 

وێنا شیعرییەکانی سامی هادی


موحسین ئەحمەد عومەر


    بێگومان ئەو ڕوانینە کۆن و نەریتییەی لە بارەی شیعرییەت هەیە لە شیعری کۆن ونوێی کوردی، ئەمڕۆ زۆر گۆڕاوە، چیتر ناتوانین بە شێوازی ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی کار بکەین، هەر تەنیا جوانیش، یان جوانی بە ڕەهەندی مرۆیانەش ئەو هەڵکەوتە ئاڵۆزە ناخوێنێتەوە کە شیعر بریتییە لە بنیاتنانی وێنایەکی جوانی بە ڕەهەندێکی میتافیزیکیانەو...، وەک ئەم کۆپلە شیعرە جوانە کە بێهاوتا جوانی و هەست و سۆز و شتێکی تریشی لێ دەڕژێ دەچێتە ئەودیوی کێشە مرۆییەکان، دەشێ ئەم ڕوانین و ئەم وێنایانە وەک فەزای شیعری پاش نوێیەتی سەیری ببکەین، هەر ئەمەش ئەو جیاوازییە دەخاتەڕوو، بە ڕوانینی ڕەخنەی نەریتی ڕابردوو لەم هەست و وێنا میتافیزیکییە شیعرییە ناگەین: 

لەناو پاییزدا هێندە خەوتم
بیرم چۆوە
گەڵاش دەتوانێت ببێت بە گۆڕستان


ئەمە بریتییە لە ڕۆنانی وێنایەکی لەم جۆرە  کە بەرەو هەنگاوێکی تر و ئاستێکی ترمان دەبا. وێنایەکی ترمان هەیە بە هەمان ئاست و داڕشتن:

تۆ بڵێی مانگ بزانێت
زەوی هەمیشە
بە مێیینە سەیری دەکات ؟


بێگومان ڕۆنانی شیعرییەت بە زۆرجۆر و شێوە دەکرێ، ئەمانەش دەکرێ بە زۆر ئاست و ڕەهەند بکڕێن، بە پێی ڕوانین و ئەزموونی شاعیریش دەگۆڕێ. هەیە هەوڵدەدا شیعرییەتێکی جوانی نەریتی بنیات بنێبە ترسەوە دێتە ناو نوێیەتی، هەیە هێشتا خەیاڵی سۆفیانە یان بە خەیاڵی کۆمەڵایەتی و مرۆییانە جیهانی خۆی بنیات دەنێ. دەشێ هەموو ئەمانە جوان بن، بێگومان، بەڵام هەرگیز وەڵام نین بۆ گرفتی سەرەکی مرۆڤ. هەر شیعرێک لەم ڕوانگەیەوە بنیات بنرێ ڕاستەوخۆ دەبێتە دژەشیعر خۆی. واتە لە خەیاڵی شیعریش ئەو کێشە و دووبەرەکییە هەیە، بۆیە شیعر دەبێ سەر بە خۆی بێ و بۆ خۆی بگەڕێتەوە، بوونی وەک هەوا و ئاو و با بێ. جوانییەک وێڕای شتێکی تریش، ئەو شتی تریشە لەم ئەزموونەی بەردەست کە ئەم کۆپلە جوانانەی سامی هادییە، بوونی ئەو ڕەهەندە میتافیزیکی یان نیگەرانی وجودییەیە دەخەنەڕوو. شاعیر دەیەوێ خۆی لە نەریتی زاڵ ڕاپسکێنێ، بەرەو ئاسۆیەکی تر بچێ، هەر ئەمەش دەشێ وەڵام بێ بۆ ئەو کێشە شیعرییە یان بە کورتی ڕۆنانی شیعرییەتی نوێ.
وەک شێوازی نووسین، شاعیر هەوڵیداوە لە پاڵ وێنای ناوێزە سوود لە داڕشتنی ناماقوڵ و وێنای نامەنتیقیش وەرگرێ، وەک: کۆکردنەوەی تاریکی، سێبەری باران و هیتر...، ئەمەش لە پێناوی دروستکردنی شتێکی دی بشێ ناوی لێ بنێین وێنای ئەستەم، بەڵام لە بنچینەدا بۆ خۆی بنیاتنانی شیعرییەتێکی ئەستەمە وەک بۆ نموونە لەم کۆپلە و ئەوانی دی زۆر بە جوانی دیارە: 

تەنیایەکی زۆر ساردم لەپێشە
ڕەنگە ئیتر مانگ هەر بە تاریکی
ببینم