مینا دریس ئەو هونەرمەندە ئێرانیەی بە عەرەبی گۆرانی دەڵێت، ئێرانی جێهێشت
مینا دریس، ژنە گۆرانیبێژی ئێرانی کە بە
زمانی عەرەبی گۆرانی دەڵێت، دوای راپەڕینی (ژن-ژیان-ئازادی) ئێران
بەجێدەهێڵێت و ئێستا لە ئەمریکا دەژی.
مینا دریس، دوای راپەڕینەکانی (ژن-ژیان-
ئازادی) دەچێتە ئەمریکا و لەوێ بەشداریی پرۆژەیەک دەکات کە چوار دەیەی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی
سیاسیی ئێران دەخاتەڕوو. هەرلەوێ لە زانکۆی بۆستن بۆ یەکەمینجار لەگەڵ (witness Mattlu) و پیام یوسف چوە
سەر تەخەتی شانۆ و گۆرانی پێشکەش کرد. لە ئێستاشدا لەگەڵ ئیحسان مەتوری و مەلیحە
مورادی پرۆژەیەکیان دەستپێکردوە بە ناوی (Voices Unveiled ) کە چیرۆکی
ئاڵۆزی ژیانی دوو ژن دەگێڕێتەوەو تا ئێستاش لە شارەکانی پەنسلیڤانیا و سان دیگۆ و
نیویۆرک پێشکەش کراوە.
مینا دریس پێش ئەوەی ئێران بەجێبهێڵێت، ساڵی پار بەشداری بیست و پێنجەمین
فێستیڤاڵی گەلاوێژی کردوە لە شاری سلێمانی، ناوبراو لەوبارەیەوە بە سایتی چاودێر-ی
راگەیاند: لەکاتی بەشداریکردنم لە فێستیڤاڵی بابل لە عێراق، خاتوو د. ئیبتیسام
سەرۆکی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژم ناسی، ئەوەی جێگای سەرنجە چەند ماگێک دواتر
لەڕێگەی بەڕێز فەرید ئیلهامی و لەگەڵ گروپی (ئاوای شرق) چوین بۆ شاری سلێمانی و
لەوێ بەشداری بیستوپێنجەمین فێستڤاڵی گەلاوێژمان کرد، لەوێ زانیم کە خاتوو
ئیبتیسام سەرۆکی بنکەی گەلاوێژەو کارەکتەری سەرەکی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەیە.
ناوبراو لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم
کارکردنی ژنێکی هونەرمەند لە ئێران، ئاماژە بەوە دەکات: سەخترین شت ئەوەیە لە ئێران
جگە لەوەی لەلایەن دەوڵەتەوە رێگری لە ژنان و کچانی هونەرمەند دەکرێت، هاوکات ژنان لە کۆمەڵگەی باشوری ئێراندا لەژێر فشاری نەریتی باوکسالاریەکی توندان، کە هیوادارم
نەوەی نوێی ئێران و باشوری وڵات، ئەم نەریتانە بشکێنن و بە ئازادی و سەرفرازی کار
بکەن.
مینا دریس، ژنە گۆرانیبێژی عەرەبی ئێرانی،
ساڵی 1981 لەدایکبوە. کۆلێژی ئەندازیاریی مادەی تەواوکردوە. ئەو لە 15 ساڵیەوە کاریگەریی موزیک و ئاوازی
عەرەبی لەسەر بوە بە تایبەتی زۆر لەژێر کاریگەری هەردوو گۆرانیبێژی عەرەب ئوم
کەلسوم و فەیروزدا بوە. هاوکات زیاتر
پەیوەست بوە بە موزیکی کلاسیکی عەرەبی و زۆر سودی لە گۆرانیبێژانی کلاسیکی عەرەب
وەرگرتوە لەوانە محەمەد عەبدولوەهاب، فەرید ئەترەش و نازم غەزال و چەندانی تر.
مینا تەنیا بە موزیک و ئاوازی عەرەبی نەوەستاوەتەوە کە زمانی دایکیەتی، بەڵکو دوای
کۆتاییهاتنی خوێندنی زانکۆ، دەستی بە
فێربون و خوێندنی موزیکی کلاسیکی فارسی کردوەو لە لای ماۆستایانی موزیک خاتوو
(هەنگامە اخوان) و مامۆستا فەرهەنگ شەریف وانەی خوێندوە.
ناوبراو، بە هاوڕێیەتی چەند گروپێکی موزیکی،
بەشداری لە چەندنین کۆنسێرت و فێستیڤاڵ کردوە لە ئێران و وڵاتانی دیکە لەوانە:
قەتەر، تورکیا، هەرێمی کوردستان، عێراق، ئیتاڵیا، ئەڵمانیان و فەرەنسا.