مێـــژووی خـوێنـــاوی عێـــــراق

رۆشنبیری 12/10/2021

 

نوسینی: شەماڵ بارەوانی

/مێـــژووی خـوێنـــاوی عێـــــراق/ کتێبێکی (٤٣٢) لاپەڕەیی  (باقریاسین) نووسەرو بیرمەندی عیراقیەو یەکەم چاپی ئەم کتێبەلەبەیروت و لەساڵی١٩٩٩، لەچاپدراو بڵاو بووەوەو وەرگێڕی بەتوانا(حەمەساڵح گەڵاڵی)کورداندویەتی و بیرمەندوڕۆشنگەری کورد بەڕێز (مەلابەختیار )پێشەکی و پەراوێزی بۆ نووسیوە،
/مێـــژووی خـوێنـــاوی عێـــــراق/
 لێکۆلینەوەیەکە لەمێژووی پێنج هەزارساڵی بنج و بناوان داکوتانی ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی و خوێنڕێژیە له عیراق،
ئەو توندوتیژیەی شۆڕبووەتەوە بۆ هەموو کونج و کەلەبەرێک و خۆی خزاندووەتەوە ناو هەموو لایەکانی ژیان لەو وڵاتەی(عیراق ). کە باقریاسین لێی دەدوێت،وەلێ
نووسەر لەمێژووی خوێناوی عێراقدا
باسی هەموو لایەنەکانی مێژووی ئەو وڵاتە ناکات، بەڵکە بەتەنها لەلایەنە سکانداڵ و خوێناوی و ڕەش و تاڕیکەکەی دەدوێت،کوشتن، تاڵان، کودەتا، پیلانگێڕی، ئەتکردن، خۆسەپاندن، ڕق و تۆڵە، نالێبوردەیی،بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەو ناکۆکیەکان، لێدان و ئازاردان،زیندان و بێ سەرو شونکردن، جینۆسایدو قەسابخانەکان،پیلانگێڕی و کودەتاکان ئیمپڕاتۆرە گەورەو ستەم کار و وردە دیکتاتۆرەکان، شەڕ ،خوێن ڕشتن، تراجیدیا،نەهامەتی،سەربڕین، شێواندنی سیمای مرۆڤ و ئەتکردنی ژیان..تاد.
هەموو ئەوانەو دەیان کاریتری قێزەونی مرۆڤەکان کە بوونەتە ماک و بەشێک لەژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی سەر ئەو سەرزەمین و جوگرافیاو جەحیمەی پێی دەڵێن عیراق، چیرۆکی سەرەکی و تەوەرو ناوەڕۆکی باسەکانی مێژووی خوێناوی عێراق پێکدێنن.
نووسەر لەپاڵ پێشەکیەکە، کتێبەکەی بەسەر دەبەشدا دابەشکردووە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر نەزعەی تووند و تێژی لەمێژووی پەنجا سەدەی ئەو وڵاتەی پێی دەڵێن عیراق، وڵاتێک بەپیڵانی سایکس پیکۆ و بەناتەندروستی و لەسەر حیسابی خاک و خوێن و کەڕامەتی نەتەوەی کورد درووست بوو،

نووسەر بەوردی و قوڵی لەڕەگ و ریشەی توند وتیژی و خوێن ڕشتن و ململانێ و ناکۆکیەکان و ڕووداوە خوێناویەکان و کارە وەحشیگەرێتی و ناشارستانیەتەکان دەدوێت،لەپێش زایینەوە تاسەردەمی سەدامی تۆتالیتار و تاکڕەو بەعسی فاشیسزم، بەو چەشنە مژووی پێنج هەزار ساڵ و پەنجا سەدە، زۆر لەسەردەمی پێش لەدایکبوونی مەسیح و بەدرێژایی مێژووی ژیانی، تاڕۆژگاری بەعسیزم ، لەسەر زەمینی ئەو وڵاتەی بۆ ئێمەی بەزۆر پێوەی لکێندراوین و ناسنامەساختەکەی بەسەرمان دا سەپێندراوە، ئەو وڵاتەی هاووڵاتی تێیدا لەسەرەتاترین مەرجەکانی بوون و پێشمەرجەکانی ژیان بێ بەشە، ئەو وڵاتەی هیچ کات و هەرگیز ئاشنای چەمکی هاووڵاتی بوون نەبووە، بەمانا ڕاستەقینەکەی و شارستانی و مۆدێڕنێتەکەی،
ئەو وڵاتەی وەک "پارک خانا"لەبارەیەوە دەڵێت"شتێک نییە بەناوی هاوڵاتی عیراقی بێت، بەڵکە ئەوەی هەیە"هاوڵاتی عەرەبی سونە"و هاوڵاتی عەرەبی شیعە"و "هاوڵاتی کورد"هاوڵاتی تورکمان"..تاد.
واتا عیراق ئەو وڵاتە وێرانەو لێوان لێو لەکارەسات و بارگاوی بە هزری فاشستی و ڕەگەزپەرستی، کەس خۆی بەهاولاتی و خاوەنی ڕاستەقینەی نازانێت و،تاک ناتوانێت هەناسەیەکی ئارامی تێدا هەڵمژێت و هەست بە مرۆڤ بوونی خۆی بکات، ئەو وڵاتەی نوسەر وتەنی لەئەزەلەوە پزیشکی ئاگرێکی گڕگڕتوو تێیدا دادەگیرسێت و کپ نابێت و دانامرکێتەوە، فتیلی کڵپەی ئاگرێکی ماڵوێرانکەر، پێنج هەزار ساڵە داگیرساوەو لەگڕو جۆشی بەردەوامی بێ بڕانەوە دایه، ئاگری توندوتیژی و توندڕەوی و خوێن ڕشتن، ئەو ئاگرەی پێی دەڵێن ئاگری ئەزەڵی، ئەوڵاتەی دەڵێیت بەر نەفرینی ئاسمان کەوتووە، وڵاتێک  هەرکەناوی دێت، تەرۆر، ئاژاوە، کوشتن و ڕفاندن،نەبوونی دادگاو دادپەروەری، تەقاندنەوەو سەربڕین، بۆشایی ئەمنی و بێ سەروبەری، یاساشکێنی و گەندەڵی، شۆڤینیەت و چەوسانەوە،ئەنفال و کۆچ و کیمیاباران، میلیشیاو گرووپەئیسلامیەفەندەمێنتالیست و بناژوخوازەکان و جۆرەها جۆری تری دیکتاتۆرو چەوسانەوەو تاوان و دیاردەی قێزەون و بابەتی ناشارستانیمان بیردەکەوێتەوە،
عیراقێک بۆ عیراقیەکان و بەتایبەتی ئێمەی کورد،جگە لەنەهامەتی و تراجیدیاو موعانات چیتر نەبووەو ناشبێت، خوێنەر لەپاڵ ئەو کتێبە دەتوانێت بۆ زیاتر شارەزابوون و ئاشنابوونی ژیان،لەو دۆزەخەی پێی دەڵێن(عیراق)بگەڕێتەوە سەر هەریەک لە ڕۆمانەکانی:
-کوژرانی کتێب فرۆشەکە
-نەوە ئەمریکیەکە
-توتنەوانەکە
-باباسارتەر
-مامۆستایانی وەهم
-باخچەکانی سەرۆک
-کۆماری مەریەم
-خورمەی سەرپەنجەکان
-عێراقیەک لەپاریس
-ئاودێری دڵان
-فرانکشتاین لەبەغدایە
-کۆماری ترس
-سەمەرەکانی بەغدا
-ژنەکافرەکە
-هەور ژەن
-قسمەت ..تاد.
کەهەموویان ڕۆمانی نووسەرو ڕۆمان نووسە عیراقیەکان خۆیانن.
«مێـــژووی خـوێنـــاوی عێـــــراق». بەسەرهاتی توندوتژییە لەعیراق، عیراقێک نووسەر وتەنی هەموو جۆرێک لەشێوازی حوکمڕانی و سیستەمی ئەزمونکرد لەماوی پێنج هەزار ساڵ:
سۆمەری،بابلی، ئاشۆری ،ئەکەدی، پارسی، ئەسکەندەری مەکەدۆنی،ساسانی و مونازیرەکان، ئیسلامی ڕاشدی، عەلەوی، ئەمەوی، عەباسی،بوەیهی ،سلجۆقی،مەگۆل ،سەفەوی،عوسمانلی،مەزهەبی، ئینگلیزی و فیوداڵ و دەرەبەگایەتی،پاشایەتی، کۆماری، شیوعی، ئشتراکی، کەپیتاڵیزم و سەرمایەداری،قەومی..تاد.. بەڵێ هەموو ئەو نموزەجانەی تاقیکردەوە، هەموو جۆره دیکتاتۆرێک، ڕق و ڕگەزپەرستی و فاشییەتێک،هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی تۆتالیتارو داپڵۆسێنەر، هەموو جۆره ئیستبدادو توندوتیژیەکی خوێناوی،تراژیدیاو برسیەتی،تیرۆر، کۆکوژی و ئەنفال و کیمابارانکردن، سوتاندنی پێنج هەزار دێی کوردستان و شەهیدکردنی دووسەت هەزار کوردی بێ تاوان ..تاد. بەڵێ  هەموو ئەوانەی تاقیکردەوە، وەلێ ئەفسوس نەیتوانی ڕێزگرتن لەخواست و ئیرادەی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد و مافەڕەواکانی،
ئارامی و ئاسایش،ئازادی و دیموکراسیەت،یەکسانی و مەدەنیەت، مافی مرۆڤ و هاوڵاتی بوون، دابینکردنی خۆشگوزەرانی،تۆلەرەنس و فرەیی و پلۆڕالیزم و خۆشەویستی..تاد. تاقی بکاتەوە!.
ماوەتەوە بڵێم:
/مێـــژووی خـوێنـــاوی عێـــــراق/ کتێبیکی بایەخدارو دانسقەیەو شایەنی خوێندنەوەیە، توندوتیژینامەیەک و ئینسایکلۆپیدیایەکە لەبارەی توندوتیژییەوەو نووسەر بەوردی لە ڕەنگدانەوەی تووندو تیژی خوێناوی لەسەر سروشتی کۆمەڵی عیراقی دەدوێت و لەو عەوامیل و فاکتەرانە دەدوێت کە مۆتیڤ و هۆکارگەلێکی سەرەکین، لەدرووستکردنی نەزعەی توندوتیژی و چاندنی ئەو توندتیژیەیە لەسایکۆلوجیەت و کەسایەتی و هەست و کۆنەستی تاکی عیراقی،ئەو عونف و توندتیژیەی دواتر شۆڕدەبێتەوە ناو کۆنەست و میزاجی زۆربەی تاکی عیراقی و دەبێت بەبەشێک لە ساڵوخەت و مۆڕاڵ و پێکهاتەیان و ئیدی بەو چەشنە تووندو تیژی دەبێتە سروشتی مرۆڤەکان ، دەبێت بەنەریت و کلتور، دەبێت بە بەشێک لەژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، توندوتیژی لەناوخێزان،قوتابخانەو پەروەردە،لەدام و دەزگاکان، لەهەناوی حزب و سیاسەت و حوکومڕانی، لەناو ئایین و مەزهەب، لەهەموو جومگەکانی ژیان و تەواوی کۆمەڵ خۆی نمایش دەکات و ڕیشەو ڕەگی خۆی دادەکوتێت! ئینجا نووسەر دوای ئەوەی لەمێژووی توندوتیژیەکان و چیرۆک و ڕووداوە تراژیدیک و واقیعە خوێناویەکە و مۆتیڤ و پاڵنەرەکانی دووا،باس لەچارسەرەکەش دەکات و ناخوازێت بەبێدەنگی لاپەڕەی کتێبە خوێناویەکەی دابخات و بێ دۆزینەی هیچ ڕێگاچارسەرێک جێمان بێڵێت. نووسەر دەپرسێت چی شتێک دەتوانێت ئەو ئاگرە ئەزەلیە سوتێنەرو ماڵوێرانکەرە ڕابگرێت، و چیتر بزیسکەکەی کەس نەسوتێنێت، لەوڵامدا هەرخۆیشی پێمان دەڵێت دیموکراسی، لەپاڵ یەکترقبوڵکردنی سیاسی و فیکری و ڕۆشنبیری، تاقە چەکی سەرەکییە ،بۆکوژاندنەوە،یاخود ڕاگرتنی ئەو ئاگرە،بەچەند مەرجێک. جێگیری سیاسی و ئازادیەکی ڕاستەقینە،سەروەری یاساو دادپەروەری لەپاڵ چارەسەریە پێشنازکراوەکە، باقریاسین لە«مێژووی خوێناوی عیراق». پێمان دەڵێت: تاوەکو هزری داخراو کۆنەخوازباو مۆدبێت،ئەندێشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست حوکممان بکات و بیری مەزهەبگەرایی و ڕەگەزپەرستی لەناوماندا زاڵبێت،لەچەقی ئایدیۆلۆژیا سواو نامرۆڤەکان گیربخۆین و لەژێر هەژمونی سێبەری خوڕافەو بیری میتۆلۆژی ڕزگارمان نەبێت و پەروەردەو بیری داعشگەرێتی لەڕۆح و مێشک و هۆش و دەروون و ژیانی کۆمەڵایەتیمان دەرنەهێنین و بەتێگەیشتنێکی زانستیانە لەژیان و مرۆڤ و گەردوون و ژیانی کۆمەڵایەتی نەڕوانین،بەرەو ئاراستەیەکی پێشکەوتووی سەردەمیانە هەنگاو نەنێین،نەبین بەلایانگرو هەڵگرانی چەمک و کۆنسێپتە هاوچەرخەکان ،لەپەنگخواردووی هەناوی تێگەیشتنە مەزەبگەرایی و نەریتگەراو خێڵگەراو هزره کۆنینەکان نێینەدەر، بەتەواوی ئاوێتەی پرنسیپەکانی عەدالەتی کۆمەلایەتی و یەکسانی جێندەری و سیستەمێکی دیموکرسی عەلمانی و لیبڕالی نەبین.دەست بەرداری پاشماوەی نەریتەکۆن و دواکەوتوەکان نەبین،بەتەواوی بۆ باوەشی دنیای تازەگەری وەرنەچەرخێین و ڕابردووگەرێتی و مێژوو جێ نەهێڵین و وەک کەوشی دڕاو نەیانکەین بەئەنتیک و بەمۆزەخانەی فەرامۆشییان نەسپێرین.دان بە پلۆڕالیزمی ئایینی،سیاسی، کۆمەڵایەتی دانەنێین، ئەوە مەحاڵ و خەیاڵە، لەو وڵاتەی هێشتا داگیرکردنی خاکی کورد، دەستبەرداگرتنی زەوی و زاری جوتیار و هاووڵاتی کورد، پرۆسەی تەعریب،ئەقڵیەتی فاشیەت و میلیشیاو تائیفییەت..تاد.هەیه ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی مرۆڤانە بەدی بێت.