کورد لەئەنفالی جەستەوە بۆ ئەنفالی ڕۆح

سەردەشت محەمەد 15/02/2021

دەوترێت لەکاتی خاپوربونی بەریتانیا بەدەست نازیەکانەوە لەناو دوکەڵ و بۆمباراندا چەرچڵ چاوی دەکەوێت بە پیاوێک کە لەشەقامێکی چۆڵدا لە ترافیکدا وەستاوە و نایەوێت سەرپێچی یاسابکات، ئەگەرچی شار وێران بوەو وڵات لەناو شەڕو وێرانبوندایە، بۆیە لەوکاتەدا چەرچڵ دەڵێت بەریتانیا هێشتا بەپێوەیە لەدڵی خەڵکیدا، خەڵکی یاساکانیان خۆش دەوێت بۆیە ئەو دەوڵەتەی لەدڵدا ناکەوێت هەر لەڕاستیشدا دەیباتەوە، 
لێرەدا دەتوانین  بڵێین  یەکێک لە فاکتەرەکانی مانەوە و بەهێزبونی هەر گەل و نەتەوەیەک و دەوڵەتێک لەسەر ڕوی ئەم زەمینە بونی هەستی نەتەوایەتییە، بەجۆرێک هەر ئەم هەستە نەتەوایەتیەیە وادەکات  نەتەوە بەزیندوێتی بمێنێتەوە و گوشاری هیچ هێزێکی دەرەکی نەتوانێت بیسڕێتەوە و بگرە بەپێچەوانەوە هەوڵەکانی بۆ مانەوەی بەهیزتری دەکات،  ئەگەر سەرنجێک لە نەتەوەی کورد بدەین، کەئاشکرایە مەبەستمان لە نەتەوەی کوردە لە باشوری کوردستان، ئەوا دەتوانین  دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە ئەم هەستە نەتەوایەتییە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو لاوازی و بگرە بەرەو لەناوچون دەچێت، کە ئەمەش کارەساتێکی ئێجگار گەورەیەو دەتوانین مەترسی لەناوچونی ئەم هەستە نەتەوایەتییە مەزەندەبکەین بە دوو هێندەی ئەو پرۆسە بەدناوەی کە ڕژێمی بەعس بەناوی پرۆسەی "ئەنفال"ەوە  ئەنجامیداو تیایدا بەهەزاران ژن و منداڵ و پیاو بونەقوربانی ئەمە جگە لەو هەزاران پێشمەرگەو خەڵکە سڤیل و بێتاوانەی کەتەنها تاوانیان کوردبون بوو، بێسەروشوێن کران و هەندێکیشیان بە بەرچاوی خێزان و کەسوکارەکانیانەوە شەهید دەکران، 

ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک بێتەئاراوە ئەویش ئەوەبێت کە بپرسین چۆن دەکرێت مەترسی لەناوچونی هەستی نەتەوایەتی بەدوهێندەی مەترسی لەناوچونی گیانی هاوڵاتی مەزەندە بکرێت؟  وەڵامی ئەم پرسیارە ئێجگار وەڵامێکی سادە وئاسانە، چونکە زۆرێک لەئێمە هەردوو قۆناغەکەمان بینیوە،
هەم قۆناغ و سەردەمی "ئەنفالی جەستە و ئێستاش قۆناغی ئەنفالی ڕۆح"   لەوکاتو سەردەمەدا  کەتیایدا کورد کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال، ئەوە تەنها ئەنفالکردن و شاردنەوەی جەستەی ژن و پیاو  منداڵ بوو، بەڵام بەعس هەرگیز نەیتوانی ئەم هەستە نەتەوایەیەتییەو بیری ئازادیە تێکبشکێنێ و ڕۆحی مرۆڤەکان دەستەمۆبکات، بگرە بەپێچەوانەوە لەگەڵ زیندەبەچاڵکردن و شەهیدکردنی هەرهاوڵاتیەکی کورددا دەیان ڕۆحی دیکە بۆ ئازادی لەدایک دەبون، هەرئەم نوێبونەوە و بەهێزبونەی هەستە نەتەوایەتیە بوو کەدواجار ئازادی کوردستان و دیاریکردنی سنوری هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیداهێنا، بەڵام  بەپێچەوانەوە دوای تێپەڕینی سی ساڵ بەسەر وەدەرنان و سڕینەوەی شوێنپێی بەعس لەباشوری کوردستان، ئێستا قوناغی دووەم و سەردەمێکی دیکە لە ئەنفال دەستی پێکردووە، ئەویش ئەنفالی ڕۆح و هەستی کوردایەتی و کوردبونە، بەجۆرێک ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە  ڕەنگە پێچەوانەی  سەردەم و شێوازی ئەنفالی جەستە ڕۆژ و مانگ و ساڵێک نەبێت بۆ کۆتایی پێهاتنی و پێدەچێت هەربەم شێوەیەی ئێستاو بگرە بەشێوازی مەترسیدارتر درێژەی هەبێت،

ئەگەر بێت و بەراوردێک لەنێوان ئەنفالی یەکەم، کەدەتوانین بەئەنفالی تەنها جەستەی تاکی نەتەوەی کورد پێناسەی بکەین و قوناغی دووەمی ئەنفال کە بە ئەنفالی ڕوح و هزری نەتەوە ناوزەدی بکەین، ئەوا ئەوکات زۆر بەئاشکرا دەتوانین  خاڵە مەترسیەکانی ئەنفالی ڕۆح و هەستی نەتەوەی بون دیاری بکەین، 

لە ئەنفالی ڕۆح و بیری نەتەوەیدا ئەوەی جێبەجێ کاری پرۆسەکەیە خودی ئەندامان و بەرپرسانی نەتەوە خۆیانن نەک هێز و لایەنێکی نەیار و جودا،  کە ئەمەیان مەترسیدارترین خاڵە کەپێویستی بەهەڵوێستەکردن و قسە لەسەر کردنیەتی،

لەئەنفالی ڕۆحدا شتێک نامێنێتەوە بۆ گرێدانی تاک بەنیشتیمانەکەیەوە، بگرە تاک ئامادەیە قوربانی گەورەبدات لەپێناو لەدەستدانی نیشتیماندا، پێچەوانەی ئەنفالی جەستە کە تاک ڕۆح دەبەخشێت بۆمانەوە و ڕزگرکردنی نیشتیمان 

لەقۆناغ و سەردەمی ئەنفالی ڕۆح و هەستی نەتەوایەتیدا، باسکردن لە زمان و فەرهەنگ و کەلتور و ئەدەبیات و مێژوی هەزاران ساڵەی نەتەوە دەبێتە بێبایەخ ترین بابەت و باسکردنیان وەک عەیبەیەک تەماشادەکرێت، پێچەوانەی ئەنفالی جەستە کە تاک ئامادەیە بەجل و بەرگی نەتەوەکەیەوە زیندەبەچاڵ بکرێت،

ژماردنی خاڵە مەترسیدارەکانی ئەنفالی ڕۆح هێندە زۆرە دەکرێت لەچەندین وتاردا قسەیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام دەبێت دان بەو ڕاستیەشدا بنێین کە ژماردنی ئەوخاڵانە چی سودێک بەنەتەوە دەبەخشێت و چارەسەری کام دەرد دەکات لەکاتێکدا ڕۆحی کوردبون و هەستی نەتەوەی بونمان ئەنفال کراوە، یاخود نزیکە لەوەی کە ئەمڕۆ یان سبەی ڕۆحی ئێمەش بەر ئەم شاڵاوی ئەنفالکردنە بکەوێت و وڵات لەدڵمانا بکەوێت و نەتوانین و نەمانەوێت بەرگری لە یەک یاساش بکەین.