بارزانی هەرەسی بەشۆڕش نەهێنا هینری کیسنجەر شۆڕشی تواندەوە..

سەید عەتا 01/02/2021


ئەمەریکا چ سودێک بەهەرێمی دەگەیەنێ، جۆبایدن و هینری کیسنجەر جیاوازیان چییە ؟ بەرژەوەندی بایدن بەهێزی و یەکگرتنی کوردەکانە ، ئەمجارە ئەمەریکا هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات ، بەڵام حیزبە کوردیەکانی ناو خۆ و دەروەی هەرێم هەرەس بەهەرێمی کوردستان دێنن ....
باشترین زانستی ژیان ئاشتی یە ، بۆچی ئاشتەوای ناکەن ، مانای ژیان ، مانەوە ، ئاسودەی، ئازادی ، سەرکەوتنە ، سەربەرزی و ڕزگاری نیشتمان و برایەتیە ، شکاندنی دەستی دوژمنە ، نەمانی کۆیلایەتیە
، پێچەوانەکەی فرۆشتنی خاکو خەڵک و خیانەت و چڵکاوخۆری جاشایەتی و سەرنەوی کردنە ، کەواتە ئێستە کامیان بین باشترە ...
-پێشەکی کورد چی بۆخۆی کردوە ؟ تائەمەریکا پشتیوانی بکات ، ئەوەی لەنێوان حیزبەکاندا بڕیاری لێدراوە یەک نەگرتنەوەیانە ، دووبارە کردنەوەی بوخزو کینەو شەڕی کۆنەقینە ، واتە نەوە داوی نەوە ئەم نەتەوە دولەت دەکەن ، تائاستی لەنێوبردن ، تائەم کاتە حیزبەکان نەیان توانیوە ئاسەواری شەڕی ناوخۆ بسڕنەوەو دەسەڵاتی دووئیدارە نەمێنێ ، قەرەبوی نەهامەتیەکانی هاوڵاتیان بکەنەوە بەدابین کردنی ژیانێکی ئاسودە ، لەبری تاڵاو شەهیدکرنی ڕۆڵەکانیان ، دیسانەوە برسێتی هەژاریان کردۆتە دەستمایەی زیندەگیان ، بەداخەوە گەندەڵی و بەتاڵان بردنی سەروەت سامانی ژێر زەوی وئاسمانیان کراوەتە پیشە ، ئازادی جەماوەرو ڕۆژنامەنوسان و سەرجەم میدیا کارانیان سنوردار و بەرتەسک کراوەتەوە ، لەبری هەرێمێک دیموکراسیەتی تیاپەیڕەوبکرێت ، یاسای دیکتاتۆریەتیان زاڵ کراوە ، نابێ هاوڵاتی بەهیچ جۆرێک داوای مافی خۆی بکات ، لەهەمان کاتدا حیزبەکانی دەسەڵات هەریەک لەئاوازێک دەخوێنێ ، هەرکەس بیەوێت بەڕەشڕەکەی ناوماڵی کوردی بۆلای خۆی ڕادەکێشێ ، لەپێناو پڕکردنی گیرفان و بەرژەوەندیەکانیان ، بەم هەستە ناسکەیان دیسانەوە گەلی کوردستان لەناو دەچێت ، تاکی کوردی متمانەی لەدەست داوە ، نەدەسەڵاتی گەرەکە نەخاکو نیشتمان ، سزادان برسی کردنی هەرگەلێک هەرەسی حزب و دەسەڵاتە ، هەموو جومگەکانی حکومەت چاکسازی دەوێت ، تائێستە نەتوانراوە چارەسەر بکرێت ، کابینەی نۆیەم دەستی دایە چاکسازی هیچ لایەنێک هاوکاری نەکرد ، تەنها کۆیلە کردنی هاوڵاتی دوبارە کراوەتەوە ، تاوانە کردنی خێزانەکان بەردەوامە ، مانگانە چەندین باجی زیادەڕۆی لە فەرمانبەران و خانەنیشینان و خەڵکی زەبون وەردەگرن ، بەداخەوە مووچەی فەرمانبەران بوتە فلیمی هندی ، هێندە درۆی تێدا دەکرێت و لێی دەبڕن و پاشەکەوتی دەکەن ، ژیانی ئەم خەڵکە کراوەتە چیرۆکێکی زۆر ناخۆش ، هەرکەس بینەری بێت نەفرەت لەم ژیانە ناهەموارە دەکات .
- نمونە :گۆڕان حیزێکی ناودەسەڵاتە ، لەلایەک ئۆپۆزسیۆنە ، لەناو حکومەتیشدا شەریکە بەشە ، ئەم خەڵکە سەری لێشێواوە ، دابەش بوون بۆ دوبەرەی ناو دسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەڵخەڵەتاندنە ، سێ برا قورئانیە ئیماندارەکانی حیزبە ئیسلامیەکانی هەرێم ، بونەتە دوژمنی یەکتری ڕێک کەوتنیان زۆر ئەستەم ترە لە ، هەریەکەیان ڕوی لەوڵاتێکی دژەبەیەکە شەڕی ئایدۆڵۆژیای ووڵاتان دەکەن ، گەرپێیان بکرێت قیبلە کانیشیان دەگۆڕن ، ۳۰ساڵە لەم هەرێمە فیدراڵیە چیان کردوە لەبەرژەوەندی گەلەکەین بێت ، یەک هەنگاو دورنەبون لەشەڕی براکوژی و قاتوقڕی ، کەس لەکەس ئەمین نیە لەمزگەوتەکانیشدا ، بەداخەوە ناتوانن یەک ووتاری ئاینی و نیشتمانیان هەبێت ، پێویستە دەسەڵات و حیزبەکان ئەم شەڕەی نێوان خۆیان و سزادنی هاوڵاتیان ڕاگرن ، گەرەکە کورد بونی خۆیان بسەلمێنن ، بژێوی ژیانی هەموان دابین کات ، شەڕی ساردی نێوان خۆیان کۆتای پێ بێنن ، یەک دەنگیان هەبێت لەئاستی دەرەوەو ناوخۆدا .
- پەکەکە گرێ کوێرەیەکی لەسەرخاکی ئەم هەرێم دروست کردوە ، بەهیچ کەسێک ناکرێتەوە ، بەبیانوی ئەوەی ئەوان خاوەنی کوردستانی گەورەن ، بەشێکی ئەم خاکەیان داگیر کردوە لەبەرژەوەندی خۆیان ، شەڕی ئەمەریکاو ئسرائیل دەکات بەوەکالەت ، بەداخەوە چەکدارەکانی شەنگالی بە چ مەبەستێک داناوە ، وەک ئەڵێن مووچە لەحەشدی شەعبی وەردەگرن ، وەک هێزێکی شیعی مەزهەب یەکیان گرتوە ، حەشد گەورەترین دوژمنی ئەم هەرێمەیە ، بەڕای من هەموو لایەنەکان دوژمنی کوردستانی باشورن ، باشترە هەرکەس بچێت بەلای ماف و کاری خۆیەوە بەچەکدارە برا کوردە ئێرانیەکانیشەوە ، ئەم سەرقاڵیە سودی نیە لەم هەرێمە چکۆلەیەدا ، گەر هاوکاری کوردانی باشوربکەن باشترە بۆ سەرکەوتنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان ، باهاوکاربن تەداخولاتی کاروبارمان نەکەن ،
- ئەوکاتە دەکرێت ئەمەریکا بێتە سەرهێڵ بۆ پشتیوانی کردنمان ، بەڵێ زۆر ئاواتە خوازبون ( جۆبایدن ) ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ، گوایە دۆستی کوردە ،
سەرلەنوێ مەکگۆڕیش بەدەسەڵاتێکی بەهێزەوە هاتەوە ، زۆرشارەزای بارو دۆخ و گوزەران و کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە ، ئێوەی دەسەڵات و حیزبەکان چۆن دەتوانن سودلەم هەلە وەگرن گەربەوشێوە نەخوازراوە بەردەوام بن ، زۆرمەحاڵە ئەمەریکا لەتەکتاندا بێت ، تائێستە دەوڵەتی بۆ کەس دروست نەکردوە ، گەرکورد بیەوێت ڕزگاری بێت ، پێویستە خۆی هەبێت ئەوکاتە ڕێگە بۆ دەوڵەت بون خۆش دەکات .
- لەساڵی ۲۰۱٤وە تائێستا ، هەموو شەڕێکی حکومەتی هەرێم و سەرجەم حیزبەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق ، تەنها لەسەر مووچەی فەرمانبەرانە ، لەبری ئەوەی شەڕی ناوچە دابڕاوەکان بکەن ، هەوڵی جێبەجێ کردنی مادەی ۱٤۰ بدەن پشت گوێتان خستوە ، تاکار گەشتەوە تەعریب کردنێکی نوێ لەکەرکو ناوچە جێناکۆکەکان .
-( پول بریمەر ) لە کتێبی ساڵەکەم لەعێراق ، ئەڵێ کاتێ بەرپرسانی کوردهاتن بۆ بەغدا ترسێکی گەورە دایگرتم ، ووتم ئێستە داوای دەوڵەت ئەکەن چیبکەین ؟
چۆن عەرەبەکان قایل دەبن ، هاتن دانیشتین لەبری دەوڵەت داوای پارەیان کرد ، منیش ووتم ئاسانە چیان دەوێ بیاندەنێ ، ئەوە هەڵوێستی نوێنەری ئەمەریکابوە ، چۆن خۆتان نمایش دەکەن ،گەر یەک نەبن یەک ختابی نیشتمانیتان نەبێت سەرکەوتن مەحاڵە .
ئەمەریکا کاری زۆرگرنگی کردوە بۆ کورد ، هێڵی ۳٦ و ۳۷ ی دانا بۆ دژە فڕینی فڕۆکەکان ، بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراو بێت ، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی دامەزراند بۆ ئەوەی ئیدارەی گەلی کوردستان بدەن ،لەبری ڕێزگڕتنی دامەزراوەکان
، بۆماوەی چەندساڵ شەڕی ناوخۆ دەستی پێ کرد ، سەدان پێشمەرگە شەهیدکرا .
- ئەمەریکیەکان هەردوو حیزبیان ئاشت کردەوەو شەڕی خۆکوژی کۆتای پێهێنا ، لەهەمان کاتدا هاوکاری گەلی عێراق و کوردەکانی کرد ڕژێمی سەدامی لەناو برد ، عێراقێکی فیدراڵی دامەزراند بۆ ئەوەی کوردەکان پێگەی خۆیان قایم کەن ، نزیکترین ڕێگەی دیاری کرد بۆ ئەوەی بتوانن بیسەلمێنن کورد ئەبێت دەوڵەتی هەبێت ، دەستوری نوێی بۆ عێراقی داڕشتەوە ، هەموو مافەکانی نەتەوەی کوردی تیادیاری کرد ، لەبری سود وەرگرتن لەم فرسەتانە ، دیسانەوە ململانێی نوێتان لەسەر دەسەڵاتی لامەرکەزی پارێزگاکانە ، کەشێوەی دووئیدارەیی پێوە دیارە ،نەحکومەت بەرچاوی ڕونە چی دەکات ، نەپەرلەمان دەورێکی باش دەگێڕی ، بەداخەوە ئەمەریکا ئەم کارانە ببینێ ، ئایا وەڵامی مەکگۆڕی دیموکراتی خواز چی دەبێت ؟ هاوڵاتی برسی و ڕۆژنا مەنوسی زیندانی کراو دەنگی ئازادی خنکاو ئەبینێ ..
بۆ وەبیرهێنانەوەیەکی مێژویی شۆڕشی ئەیلولی مەزن ( مەلا مستەفای بارزانی ) ڕەحمەتی ماوەی پەنجاساڵ خەباتی کوردایەتی کرد ، نەگەندەڵی نەدزی هەبوو ، کاتێ ڕێکەوتن نامەی جەزائیریان لەدژی شۆڕشی بارزانی گێڕا ، پێویستی بەهاکاری ئەمەریکابوو ، نامەیەکی دۆستایەتی نارد بۆ ( هینری کیسنجەر ) داوای یارمەتی لێکرد ، لەوەڵامدا ووتی ئەمەریکا ووڵاتێکی خێرخوازی نیە سیاسەت و بەرژەوەندیان هەیە ، ئێوە ئەبێ خۆتان بزانن چی دەکەن ، ئەوکات ئەمەریکا هەرەسی بەشۆڕس هێنا، ئێستە جیاوازە یەک نەگرتن و گەندەڵی هەموولایەک ، دەبێتە هۆکاری هەرەسی ئەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستان ، نەک ئەمەریکا.
لەکۆتایدا : حاڵ بەم شێوە نەکڵۆکە بێت ، دۆسایەتیەکەی(جۆبایدن ) یان ئەمەریکا لەدەست ئەدەن ، بەسیەتی چاچنۆکی هەندێ لەبەرپرسان ، گۆڕەپانێک بۆ گەندەڵکاران بکەنەوە بەبێ جیاوازی ، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن ، دەست مەبەن بۆ نان و ئازادیەکان ، هەوڵ بدەن دیموکراسیانە بژین ، خۆتان مەشارنەوە لەخەڵکی ڕەش و ڕوت و بەستەزمان ، کومپانیا وەهمیەکان داخەن خەڵک دەوڵەمەند مەکەن ، لەسودی ئەم گەلە خێرنەدیوە کاربکەن ، دەستی بازرگانە ڕەزیل و پیسکەکان لەبندا ببڕن ، بۆ ئەوەی وەڵامەکەی شۆڕش ئەیلولی مەزن
دووبارە نەبێتەوە .
سەیدعەتا