كودەتای (17ی گەلاوێژ)ی بەعسییەكان

رزگار حاجی حەمید 22/12/2020

بەشی یەكەم                                          
جەنگی یەكەمی جیهانی مەزنترین ڕووداوی كۆمەڵایەتییە لە مێژووی نوێی عیراق و كوردستاندا، چونكە ئەم جەنگە ئاسۆییەكی وایخستە بەردەم كۆمەڵگا،كە پێشتر نەبینراوە، عیراق پێش جەنگ لە بارودۆخێكی شێوە گۆشەگیردا  ژیاوە بەشێكی كەمی خەڵك نەبێت، هیچیان لە بارەی شارستانییەتی نوێ‌  و ڕووداوەكانی دەور و پشتیان نەزانییووە و شارستانییەكی دەرەوە بە یەكێك لە دەرئەنجامە گرنگەكانی ئەم جەنگە لە قەڵەم دەدرێت، سۆسیۆلۆجیست و عیراقناسی گەورە (علی وەردی)دەڵێت: دەتوانین كۆمەڵگای عیراقی بشوبهێنین بە نووستوویەك، كە خەبەری دەبێتەوە و ڕووداوی سەیر دەبینێت  و تووشی ململانێییەكی دەروونی – كۆمەڵایەتی دەبێت كە ئێستایش پێوە دەتلێتەوە، بۆیە شتێكی ئاساییە عوسمانییەكان بكەونە پڕوپاگەندەی ئەوەی ئەوانە كافرن و ئینگلیزییەكان بۆ هەرەسهێنانی خەلافەت و ئیسلام هاتوون،  هەربۆیە  ئەو دەرئەنجامە  سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتورییەكان كە لە ئەنجامی درووستبونی دەوڵەت عیراقەوە هاتە گۆڕێ‌، كە كۆمەڵگای عیراقی  یەك گەل و یەك كۆمەڵەی سیاسی یەكگرتوو كۆی نەدەكردەوە، ئەمەش نەك لەبەرئەوەی عیراق فرە نەتەوە  و كەمایەتی و فرە مەزهەبە، بەڵكو هۆكەی بە بڕوای سۆسیۆلۆجیست (حنا بگاگو)دەگەڕێتەوە بۆ(ماوە)یەكی زۆر لە نێوان دانیشتوانی شار و دەرەوەی شاردا, بۆیە ئەمەش ئاساییە وابكات بۆشاییەك  لە نێوان گەل و حكومەتی تازە دامەزراودا هەبێت،  هەروەك چۆن گەل سەیری حكومەت دەكات وەك دوژمن و ئەمەش لە ناوەندی گشتییدا ڕەنگی داوەتەوە، لێرەوە  ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و كۆمەڵگای تەقلیدی گەمارۆ دراوە و دووچاری تەنگەژەیەكی قۆناغی بونیادی كراوە،  هەروەها گرنگترین ئیشكالییەتی قۆناغی پاشایەتی جیابوونەوەی  سوپا و سیاسەت بوو، لێرەوە كودەتای(1936)ی بەكر سدقی و كودەتای (مایسی 1941)ی ڕەشید عالی گەیلانی باشترین بەڵگەیە، هەربۆیە سەربازی سیاسی پاڵێوراوترین گروپە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و شۆڕشی 1958 بە تەواوی دەست درێژی بەخشی بە سوپا، ئیدی لێرەوە سوپا بۆ ڕەهەندێكی ئایدۆلۆجی خلیسكا، هاوكات هەردوو كودەتای بەعسی ساڵانی(1963-1968) بە هاوپەیمانییەتی سەربازی بە ئەنجام گەیشتووە، كە نموونەی دەسەڵاتخوازی سەربازی نوێیە، پارتی بەعس پەندێكی زۆریان لە یەكەم تاقیكردنەوەی چوونە سەر حوكمیان لە (1963)دا وەرگرتبوو بۆیە ئەم جارە بە ئەزموونەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست,  لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عارفی دووەمدا كودەتاچییەكان دەسەڵاتیان لە نێوان حۆیاندا دابەشكردەوە, حكومەتی تازەیان پێكهێنا لە(17/7/1968)دا كە تیایدا (ئەحمەد حەسەن ئەلبەكر) بوو بە سەرۆك كۆمار هاوكات (عەبدولڕەحمان نائیف)بوو بە سەرۆك وەزیران،  كە بەناوبانگ بوو بە پیاوی ئینگلیز بەم شێوە  وەزارەتی پێكهێنا :
1-عەبدولرەزاق نایف                      سەرۆك وەزیران 
2-ئیبراهیم عەبدولڕەحمان ئەلداود       وەزیری بەرگری 
3-محەمەد یەعقوب ئەلسەعیدی          وەزیری پلاندانان
4-ساڵەح مەهدی ئەلعەماش                وەزیری ناوخۆ
5-ساڵەح كوبە                               وەزیری ئابووری
6-مەحمود شیت خەتاب                   وەزیری گواستنەوە و گەیاندن
7-عەبدولكەریم زیدان                    وەزیر ئەوقاف 
8- ڕەشید ئەلڕەفاعی   وەزیری دەوڵەت بۆكاروباری سەرۆكایەتی كۆمار
9- كازم معلە   وەزیری دەوڵەت بۆكاروباری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش 
10-غالب مولود ئەلمخلس   وەزیری شارەوانی و دێهاتەكان
11- محەمەد ناسر ئەلحانی    وەزیری دەرەوە 
12-موسڵەح ئەلنەقشبەندی     وەزیری داد
13-ئەحمەد عەبدولستار ئەلجواری    وەزیری پەروەردە و فێركردن
14-ئەنوەر عەبدولقادر ئەلحەدیسی    وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
15-عزەت مستەفا            وەزیری تەندروستی 
16-تەها ئەلحاج ئەلیاس     وەزیری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن
17-محسن ئەلقزوینی        وەزیری كشتوكاڵ 
18-عەبدولمەجید ئەلجمیلی  وەزیری چاكسازی كشتوكاڵی 
19-ئیحسان شێرزاد              وەزیری كار و نیشتەجێبوون
20- عەبدوڵڵا ئەلنەقشبەندی         وەزیری ئابووری   
21- خالیدمەكی ئەلهاشمی        وەزیری پیشەسازی 
22-مەهدی حەنتوش   وەزیری نەوت و سەرچاوە سروشتییەكان
23-زیاب ئەلعەكیلی                وەزیری لاوان 
24-محسن دزەیی                    وەزیری ئاوەدانكردنەوەی باكوور
25-جاسم كازم ئەلعەزاوی         وەزیری یەكێتی 
26- ناجی عیسا ئەلخەلەف        وەزیری دەوڵەت  
ئەم كابینەیە تەنیا (13)ڕۆژ حوكمیان كرد, گەر سەیری كابینە سیازدە ڕۆژیە بكەین كە پێكهاتووە لە( 26)ئەندام, كە( 18) ئەندامیان سوننە بەسەرۆكی ئەنجومەنەوە جگە لە سەرۆك كۆمار كە پۆستەكانیش سیادی و گرنگەكانن, هاوكات(8) وەزیری لە مەزهەبی شیعەن, لەڕووی پێكهاتەی نەتەوەییەوە, چوار كوردی تێدایە ئەوانیتر هەموو عەرەبن, لە ڕووی ئاینییەوە هەموو موسڵمانن  هیچ ئاینێكیتری تێدا نییە, هاوكات (18) وەزیری مەدەنی و (8) وەزیری سەربازی لە خۆگرتووە, بەڵام ئەوەندەی نەبرد بەعسییەكان هەوڵی ئەوەیشیاندا كە بە تەواوەتی دەسەڵات بۆ خۆیان قۆرخ بكەن و ئەوانەی بەعسی نیین لە دەسەڵات دووریان بخەنەوە, ئەمەش ماوەیەكی مێژووی زۆری نەخایاند بەڵكو دوای (13)ڕۆژ بەعسییەكان كودەتایەكی دیكەیان ئەنجامدا, حكومەتێكی تازەیان  لە(30ی گەلاوێژ)دا دامەزراند، لەدوای كودەتاكە سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و زۆربەی هەرە زۆری وەزیرەكان لەكار لابران,  هەموو ئەوانەی لە پارتەكەی ئەواندا نەبوون لە دەسەڵات دووریان خستەوە دووبارە خۆیان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست و حكومەتێكی تازەیان دامەزراند كە تیایدا سەرۆك وەزیران (ئەحمەد حەسەن ئەلبەكر)سەرۆك  و (سەدام حوسێن)بە جێگری سەرۆك كۆمار دەست نیشان كرا، ئەمەش دووبارە خەڵكی عیراقی تووشی نیگەرانی كردەوە، لەبەرئەوەی ماوەكەی هێندە زۆر نەبوو,  لە دەسەڵاتی ساڵی (1963)دا زۆر بە توندی ڕەفتاریان كرد و ژمارەیەكی زۆریان لە خەڵكی عیرقیان لە سێدارەدا، لێرەشدا كاتێك بەعسییەكان هەستیان بە دابڕانی خۆیانكرد لەگەڵ جەماوەردا بێ‌ ئەوەی بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە, بەهەمان شێوەی جاری پێشوو كەوتنە وێزەی گیانی ئەوانەی كە هاوسۆز و هاوڕا نەبوون لەگەڵ سیاسەتی ئەواندا, بەمەش بە هەزاران كەسیان لە داردا بە تۆمەتی ئەوەی نەیاری دەسەڵاتن و بەنیازی كودەتا و هەڵگەڕاوەن, جیالەوەش زۆرێك هەنگاویان نا بۆ ناچاركردنی عیراقییەكان بۆئەوەی بەهەر شێوازێك بێت بێنە ڕیزی حیزبی بەعسەوە, ئەمجارەش لەبەر بێهێزی حكومەت و بێ سیاسەتی, كە بنكەیەكی بەهێزی لە ناو جەماوەردا نەبوو، پرۆگرام و پلانێكی دیاری بەڕێوەبردنی دیموكراتیان پێ‌ نەبوو مەیدان چوڵبوو بۆ دوژمنان و ناحەزان و شۆڤێنییە عەرەبەكان بجوڵێن و خۆیان ڕێكبخەنەوە هەلی باشیان بۆ هەڵبكەوێت, بەتایبەت حكومەت بە هێزەوە  دووبارە هاتنەوە مەیدان حیزبی بەعس لە جوڵانەوەیەكی سەربازیدا بە كودەتایەكی دیكە گەڕایەوە, بەردەوامی بەخشی بە توندوتیژی و بەكارهێنانی دەستی ئاسنین دژی هەموو تاكێك بیویستایە بەرەنگاری دەسەڵاتی بێتەوە,  ئەو  ژێركەوتن و سەرنەكەوتنەی كە دوا بە دوای نۆ مانگ لە دەسەڵات هات بەعسی فێركرد دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بسەپێنێت:
1-پێویست بوو كە ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی گل بداتەوە و دابەشی نەكات لەگەڵ  هیچ هێزێكی سیاسی دیكە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئێلێمێنتە ناسرییەكان و ناسیۆنالیستەكان لە ساڵی 1963 زۆر كەوت لەسەری.
2-لەبەرئەوە پێویستبوو كە پێچ و پەنای سیاسی بەشێوەیەكی زانایانە بەكاربهێنایە بۆ خستنەلاوەی كێبڕكێیەكان.
3- دەبوو لەشكری ڕاكێشایە بۆلای خۆی و زیاتر لە پێشوو لایەنگیرانی خۆی تێدا دابنایە.
4-لەگەڵ لەناوبردنی هەركەسێك كە بیویستایە دژی بوەستایەتەوە، پێویست بوو هەڵمەتێكی خەستی پڕوپاگەندەی دەست پێبكردایە دژی ئیمپرالیزم و زایۆنیزم وكۆنسێرڤەتیزم (كۆنەپەرەستی) لە بەرژوەندی شۆڕشی گەل.
5 - زۆر پێویست بوو كە ڕواڵەتێكی دیموكراسی پیشانبدایە و خۆی وەك هێزێك پیشانی میللەتی كوردی بدایە،كە دەیەوێ مەسەلەی كورد چارەسەر بكات و بانگەشەی بونیادنانی بەرەیەكی نیشتمانی نەتەوەیی پێشكەوتنخواز بكردایە، بەڵام لە ژێر ویست و دەسەڵاتی خۆی.
6-هەروەها دەبوو خۆی لە ناو ڕێكخراوێكی پتەو  ڕێكبخستایە, كە توانای ئەوەی هەبوایە كاریگەری خۆی لەناو سەرجەم كۆمەڵی عیراقیدا فراوان بكات.  
دەبێ هێڵ بەژێر ئەوەدا بهێنرێت كە كودەتای ساڵی (1968)تەنیا كاری بەعسییەكان نەبوو, هەرچەندە ڕۆڵی سەرەكیان هەبوو بەڵكو ئەفسەرانی سوپا و كەسایەتی سەربەخۆش بەشێوەیەكی ئەكتیڤ هاوبەشیان تیایدا كرد, دواتریش لە كۆتایی هەمان مانگدا كەوتنە پاكتاوكردنی ئەوانەی كە بەعس نەبوون و پاداشتی هاوكاریان كردبوون لە چوونە سەرحوكم, بەعس لەو كاتەدا دەیویست خۆی تووشی شەڕی ناوخۆییەكان نەكا.
بەعسییەكان و پرسی كورد
 لەگەڵا ئەو تەنگەژانەی كە ڕووبەڕووی  ڕژێمی نوێ‌ دەبوونەوە نیشانەكانی چۆنیەتی مامڵەكردن لەگەڵا ئەو تەنگەژانە بە ڕوونی دیاربوون دیارترینیان مەسەلەی كورد بوو, بۆیە درێژەی بە پەیوەندی خۆیدا لەگەڵ هەردوو باسكی( بارزانی و تاڵەبانی) و لەو وەزارەتەی ( ئەجمەد حەسەن ئەلبەكر) سێ وەزارەتی دانێ‌ و دوو وەزیر باڵی بارزانی و یەك وەزیری بۆ باسكی تاڵەبانی بەڵێنیدا بە جێبەجێكردنی ( 12)مادەكەی بەزاز, هەر لە سەرتاوە دانوستان بەردەوام بوو, بەڵام بارزانی خۆی بۆ دەرخستنی توانای سەربازی ئامادەكرد لە كانونی یەكەمدا شەڕێكی توند بەرپا بوو ئەم فشارە وایكرد بەعس بگەڕێتەوە سەر ڕاگەیاندنی (ئۆتۆنۆمی)كە لە سەردەمی عارفدا بڕیاری لەسەر درابوو,  ئەوەش بارزانی هاندا كە فشارەكانی دوو بەرانبەر زیاد بكات, لە هەمان كاتدا بشیۆی و توندی پەیوەندیەكانی نێوان عیراق و ئێرانی قۆستەوە لە (ئازاری 1969)دا هێرشیان كردە سەر كەلوپەلە نەوتییەكانی كەركوك و بەرهەمهێنانی نەوت بۆ چەند ڕۆژیك وەستا حكومەتی بەغدا بەر پەچی ڕەوشەكەی دایەوە و لە هاوینی هەمان ساڵدا هەڵمەتێكی سەربازی دەستپێكرد بەڵام بە پەلەش دەستی بە دانوستانی نهێنی لەگەڵا بەرزانی كرد, دانوستانە نهێنیەكان كە سەدام ڕابەرایەتی دەكرد بەیانی( ئازاری1970) ی لێكەوتەوە, كە تیایدا حكومەت دانی بە مافی كورددا نا بەشێوەیەك كە نەرمی نواندنی وای تێدابوو كە پێشتر نەكرابوو, دان بە ناسنامەی نەتەوەیی  كورد و زمانی كوردی نرا و زانكۆی سلێمانی دامەزراند   لەگەڵ كۆڕی زانیاری كورد دا, هەروەها پەیمانیان پێدرا كە بەشداری لە حكومەت بكەن و زۆرینەیان هەبێت لە كارە ئیداریە نێوخۆییەكاندا, هاوكات ناوچەیەكی كارگێڕی یەكگرتووی تایبەت دابمەزرێت  و ڕێوشوێنی تایبەتی تێدا جێبەجێ‌ بكرێت و لە سەرجەم ئەو ناوچانە پەیڕەو بكرێت كە كورد تیایدا وەك زۆرینە دەژی, ئەوەش بە پێی سەرژمێریەك دواتر ئەنجام دەدرێت ,دواتر لیژنەیەكی هاوبەش لە نوێنەرانی ناوەند و كورد پێكهێنرا بۆئەوەی گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر بنەماكانی بەیاننامەكە بكەن لە ماوەیەكدا كە تاوەكو ساڵی( 1974)درێژە دەكێشت, بەیانی ئازار بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوون و فیداكاری و خوێنی هەزاران  ڕۆڵەی بەوەفا و ئارەق و فرمێسكی  خەباتی گەلەكەمان بوو, ئەو كۆرپەیە بوو كە لە منداڵدانی باری بابەتی و خۆیی باشووری كوردستان و عیراق و ناوچەكەش, پاش (حەوت) ژان,  ژانەكانی وتووێژی ( 1962، 63،  64,66 ,68 ,69 ,1970)لە دایكبوو,  ئەم بەیانە لە چەند ڕوویەكەوە گرنگبوو, بۆ یەكەمجارە  لە مێژووی نوێی گەلی كورددا حیزبێك كە دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە بوو, كە نەوەك تەنیا دانی بەوەدا نا كە نەتەوەیەكی جیاوازە و پێویستە بە مافی نەتەوایەتی خۆی بگا, بە ئاشكرا خودموختاری بۆ گەلی كورد بە شێوەی چارەسەركردنی گیروگرفتی كورد پەسەندكرد,  ئەمە خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە مَیژوودا دانانی پەیماننامەی نیشتمانی ڕێگە خۆشكردن بۆ پێكهێنانی بەرەی نیشتمانی لە ناو هێزی نیشتمانی و دیموكراتییەكانی عیراقدا هەڵهێناوە, پێكەوە لەگەڵا سەركردایەتی جوڵانەوەی گەلی كورد لە كوردستانی عیراقدا گیروگرفتەكان بە شێوەیەكی دیموكراتی بە ئاشتی تا سەر چارەسەر بكەن، ئەودەمە نە كۆنەپەرستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ڕژێمی شاە بە تایبەتی و نە ئیمپریالیزم لە جێبەجێكردنی پیلانە دژە گەلییەكاندا سەر ناكەون و سەركەوتن هەر بۆ گەلان دەبێت,  لە ئەنجامدا لە( 10ی ئازاری 1970)دا لە ناو پردان ڕێككەوتننامەیەك مۆركرا, لە نێوان ناوەند و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلولدا, شەوی(11ی ئازاری 1970)سەرۆك كۆماری عیراق لە ئیزگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی عیراقدا بەیاننامەكەی خوێندەوە, كە لە مَیژوودا بە بەیاننامەی( 11ی ئازار) ناسراوە كە پێكهاتووە لە  (15) خاڵی سەرەكی و كۆمەڵێك لقی لەخۆدەگرت گرنگی بەیاننامەكە: 
1- لە بەڵگەنامەیەكی فەرمی یاساییدا عیراق دان دەنێت بە مافەكانی  گەلی كورددا, مافی حوكمڕانیكردنی خۆی بە شێوەی ئۆتۆنۆمی كە پێشتر نكوڵی لێدەكرد.
2-گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە لە ستراتیژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردایەتیدا, نەك تەنیا لەباشووری كوردستاندا, بەڵكو گڕوتینیدا بە خەبات لە پارچەكانیتردا.
3- نەتەوەی كورد و دۆزە ڕەواكەی زیاتر بە ڕای گشتی جیهان ناساند و زیاتر لە جاران پشتگیری لێدەكرا.
4- ئاسایش و ئارامی هێنایە كایەوە, ئەودەمە توندوتیژی و خوێن ڕشتن كۆتایی هات .  
دەركەوت بەعسییەكان لەمەشدا ڕاستگۆ نەبوون ماوەی چوار ساڵ لە دۆخی نە شەڕ و نەئاشتی گوزەراندیان تا ئەوەی دەسەڵاتیان پتەوتر بێتەوە,  بەوشێوەیە بەغدا لەپلانی خۆی دژی گەلی كورد بەردەوامبوو, كۆمەڵەیەكی یاسا دانان دامەزرا و دانیشتنەكانی لە هەولێر دەستی پێكرد, هاوكات (تەها محێدین مەعروف)كە كوردبوو بە جێگری سەرۆك كۆمار دامەزرا, لەگەڵ ئەمەشدا سیاسەتی ڕاگواستنی كوردی لە سنووری ئێران و توركیا دەستپێكرد وگوندەكان  ڕووخێنران, هەرچەندە لە سەرەتادا بەرەو باشووری عیراق ڕاگوێزران,  دواتر لە كۆمەڵگای  زۆرەملێدا نیشتەجێكران,  لەهەمان كاتدا عەرەبی هێنایە گوندەكانیان, بۆئەوەی تەرازووەكە  لە هەندێك ناوچەدا بەلای دانیشتوانی عەرەبەوە لاسەنگ بێتەوە, بەعس بەردەوام بوو لە سیاسەتی خۆی دوای پچڕانی گفتوگۆ بە سێ ڕۆژ لە(26ی ئازاری 1974)دا یاسای ژمارە(33 و 43)ی 11ی ئازاردا,  یەك لایەنە جێبەجێكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئۆتۆنۆمی و یاسای ئەنجومەنی  تەشریعی ناوچەی كوردستانی ڕاگەیاند, دواتر بەهۆی بەستنی  ڕێككەوتننامەی شومی جەزائیر لە(6ی مارتی 1975)دا, لە دواین ڕۆژی كۆبوونەوەكەدا هەردوو دەوڵەتی عیراق و ئێرانیان ئاشتكردەوە,  شای ئێران و سەدام باوەشیان بەیەكتردا كرد, سەدام كۆمەڵێك سازشی كرد لەسەر خاك و دانیشتوانی عیراق بەگشتی و كورد بەتایبەتی,  شۆڕشی كوردیان تووشی نسكۆ كرد,
سەرچاوە:
1 – الوزارات العراقیە 1920-2010, المركزالعراقی للمعلومات و الدراسات, بغداد,2011
2- د حامد محمود عیسی, المشكلە الكردیە فی شرق الاوسگ, مكتبە مدبولی, 1992 
3- رامیار مەحمود, بەعسیزم وسەركوتكردنی ژیان, چاپ, دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی, سلێمانی 2010      
 4-دالبێرعیسا, خوێندنەوەی بەعس بۆ فاشیزمی مێژوویی, چاپخانەی ڕوون, سلێمانی 20004
 5-  تشالزتریب, چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی عێراق, و/مەحەمەد حوسێن و عەبدولقادركەلهوڕ, چاپخانەی رۆژهەڵات, هەولێر, 2010
6- ئەحمەد حمەئەمین ، چەند لاپەڕەیەك لەمێژووی نوێ‌ و هاوچەرخی عیراق ، چ1 ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر 2010  
7-د كتۆرعبدالرحمن قاسملو, كوردستان وكورد, و عبداللە حسن زادە,1973