کوردایهتییهكی ئاوهژووكراو و دڵسۆزییهكی پێچهوانه!
لە مێژووی دوور و نزیکدا، كهم رێككهوتووه کورد هێندەی ئێستا پەرتەوازەو لێکترازاو بێت، لە سێ دهیهی رابردوودا لە زۆربەی کاتە سەخت و هەستیارەکاندا زۆرینهی خەڵک پشتیوانیان لە سیاسەتو هەنگاوەکانی حکومەت یان حیزبەکان دهکرد و تاڕادەیەکی باش متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەتدا ههبوو، ئەگەر هەندێ کەس بەخراپ باسی حکومەت یان حیزبەکانیشی بکردابایە، ئەوە هەر زوو لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە بەرپەرچ دەدرانەوەو بە دژەکورد و بەکرێگیراو تۆمهتبار دهکران،بەڵام بەداخەوە ئێستا ئایهتهكه پێچەوانە بووەتەوە، ئەوەی داكۆكی لە حکومەت و حیزب بکات بە کۆیلەی حیزب وەسف دەکرێت جا سەر بە هەر حیزب و لایەنێک بێت. ئەمەش ئهوه ناگهیهنێت كه خەڵک دژی دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردییە،بەڵکو واتای ئەوهیه درز و کەلێنێكی فراوان لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتداراندا دروست بوە،چونکە ئەوان نەک تەنها لە بەرژەوەندی خەڵک و هاوڵاتیانی خۆیان حوکمڕانی ناکەن، بەڵکو تەنها بۆ گروپ وتاقمێکی کەمی ناو حیزبەکانی خۆیان و دەوروبەریان کار دەکەن.
ئەم دهلاقهیه وای کردووە تەنانەت ئەندام و لایەنگرانی خوودی حیزبهكانیش بڕوایان پێیان نەمێنێ و بە نهێنی و بە ئاشکرا دژایەتی سیاسەتی حیزبەکان بکەن، تەنانەت وایلێهاتووە هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کۆنە پەرلەمانتارەکانیشیان دژی سیاسەت و کردەوەکانی حیزبەکانیان بوەستنەوە،ئەو حاڵهتهش لە خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تەواوەتی ڕەنگی دابوەوە.
لهئێستادا هەمو شتەکان پێچەوانە بووەنهتەوە، جاران خەڵک ئامادە بوون ماڵ و مناڵ و سەروەت و سامانیان بکەنە قوربانی خاک و وڵات، وهلێ ئێستا ئامادەن هەمو دەستکەوتەکان بکەن بە قوربانی مووچە و بژێوی خۆیان، جاران تاڕادهیهكی باش خەڵکی بوێر و ڕاستگۆ وخاوەن هەڵۆێست گوێیان لێ دەگیرا و رۆڵیان دهدرایه، بەڵام حاڵی حازر خەڵکی بودەڵەوە و مهراییكهر و ترسنۆک دەبرێتە پێشەوە. ئێستا ئەوەی ئامادە نییە لولەی تفەنگەکەی لە منداڵ و براو کەسوکاری خۆی بکات سزا دەدرێت، بەڵام جاران ئەوەی لولەی تفەنگی لە کەس و کار و میللەتی خۆی بکردایە بە جاش و خۆ فرۆش لە قەڵەم دەدرا و سزای شۆڕشگێڕانە دەدرا. ئەوەی دێتەسەر جادە و داوای مافی خۆی و خەڵکی دیکەش دەکات دوژمن نییە، ئەوە ڕۆڵەی ئەم وڵات و سەرکردەی دوا ڕۆژی ئەم وڵاتەوە وبرا و ڕۆڵە و کەس و کاری پێشمەرگەو وپۆلیس ئاسایشەکان خۆیانن،هەر ئەوان بون شانازییان بە پێشمەرگەوە دهكردو لە بۆنە نەتەوایەتییهکاندا جلی پێشمەرگەیان دهپۆشی، بەڵام بەداخەوە ئێستا وا خەریکە دەکرێن به دوژمنی یەکتر،ئەو شۆڕشگێڕ و سەرکردانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەمزی مقاوەمەت و قوربانیدان بوون،ئێستا خەریکە دەکرێن بە دوژمن و لە پێش چاوی میللەت ناشیرین دەکرێن تەنانەت هەندێک لەوان کە ئێستا لە ژیان نەماون وێنەکانیان دەسوتێنرێن و دەشێوێنرێن.
هۆکاری هەمو ئەمانە حیزبەکان خۆیانن نەوەک خەڵکی دیکە، چونکە لە پێناو هەندێک پارە و چەند پلە و پایەیهک وازیان لەو پرەنسیپ و سەرهتایانهی خۆیان هێناوه کە خەباتیان بۆ دەکرد، ئێستا ئەوان بیریان چوەتەوە کە کاری ئەوان چیە! و ئەو حیزبانە بۆچی دروستبون،بۆیە ئەگەر بێت و کەسانی دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتداری ناو حکومەت و حیزبەکان دهستبهرداری بەرژەوەندی و تاکڕەوی و خۆسەپێنی نهبن، ئەوا ڕەنگە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەم سەری خۆیان و هەم سەری ئەم هەرێمەش بخۆن.