دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف و كودەتای بەعسییەكان

رزگار حاجی حەمید 16/12/2020


لەساتەوەختی مردنی(عەبدولسەلام)ی سەرۆك كۆماردا, سەرۆكی ئەركانی سوپا(عەبدولڕەحمان)برای و ژمارەیەك لە هاوەڵانی بە سەردانێكی سەربازیی لە یەكێتی سۆڤیەت بوون, كاتێ‌ هەواڵی مردنی براكەی پێگەیشت, ڕاستەوخۆ كۆتاییان بە گەشتەكە هێنا و گەڕانەوە وڵات, هاوكات هەوڵی ئەوەدرا دەبێت لەماوەی یەك هەفتەدا سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ وڵات دەستنیشان بكرێت, بۆئەم مەبەستە لە(16ی نیسانی1966)دا كۆبوونەوەیەكی هاوبەش ڕێكخرا لەنێوان(ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و ئەنجومەنی بەرگری نیشتمانی)دا, لەئەنجامدا بەشێوەی دەنگدان و لەچوارچێوەی هەڵبژاردنێكی ڕووكەشدا بەڕێوەچوو, لە نێوان (سێ)پاڵێوراودا (عەبدولڕەحمان عارف سەرۆكی ئەركانی سوپا بەوەكالەت و دكتۆر عەبدولڕەحمان بەزازی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولعەزیز عوقەیلی وەزیری بەرگری)دا, سەرئەنجام عەبدولڕەحمان بەزاز (14) دەنگ و عەبدولڕەحمان عارف (13)دەنگ و عەبدولعەزیز عوقەیلی تەنها(یەك)دەنگی بەدەست هێنا, ئەنجامەكەیان بە دڵ نەبوو ڕۆژی دوایی كۆبوونەوەكە دووبارە ببێتەوە, بەڵام پێش گرێدانی كۆبوونەوەكە لە لایەن ئەفسەرانی سوپاوە بە تایبەتی كەسێكی وەك عەمیدی سەربازی (سەعید صلێبی)فەرماندەی ناوەندی شاری بەغدا, فشارێكی زۆر خرایە سەر ( عەبدولڕەحمان بەزاز)و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێكرد گەر بەردەوام بێت لەسەر خۆپاڵاوتن, ئەوا كودەتای سەربازی بەسەردا دەكەن, ئەمیش ناچار لە خۆپاڵاوتن كشایەوە, بەم شێوە (عەبدولڕەحمان عارف) زۆرینەی دەنگەكانی مسۆگەركرد و بووە سەرۆك كۆماری نوێی عیراق, هاوكات (عەبدولڕەحمان بەزاز)ی  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران, دەست لەكاركێشانەوەی خۆی خستە بەردەم سەرۆك كۆمار تا ئەو كاتەی لە(18ی نیسانی 1966)دا, دووبارە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە داوای لێكرا سەر لە نوێ‌ وەزارەتێكی نوێ‌ پێكبهێنێتەوە: 
1- عەبدولڕەحمان بەزاز                       سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
2-شاكر مەحمود شەكەری                    وەزیری بەرگری
3- محەمەد ناسر ئەلحانی                    وەزیری ڕۆشنبیری و ئیرشاد 
4-مەحمود حەسەن جمعە                    وەزیری چاكسازی كشتوكاڵی
5-عەبدولحەمید ئەلهیلالی                     وەزیری ئابووری 
6- صادق جەلال                              وەزیری پیشەسازی 
7- حەسەن سامر                              وەزیری شارەوانییەكان و كار 
8-عەبدولڕەزاق محێ ئەلدین                وەزیری یەكێتی 
9- عەدنان پاچەچی                          وەزیری دەرەوە 
10_ شوكری ساڵەح زەكی                      وەزیری نەوت بەوەكالەت
11-كازم ڕەواف                                وەزیری داد
12-خزر عەبدول غەفوور                      وەزیری پەروەردە
13- محەمەد ئەلعەبتە                        وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
14-ئەحمەد عەدنان ئەلحافز                 وەزیری گواستنەوە
15- سلمان عەبدولڕەزاق ئەلئەسوەد       وەزیری پلاندانان 
16- سەلمان ئەلسەفوانی                    وەزیری دەوڵەت  
17- فارس ناسر ئەلحەسەن                 وەزیری دەوڵەت 
18- عەبدول لەتیف ئەلبەدری              وەزیری تەندروستی
یەكەم كابینەیە لە سەردەمی كۆماریدا تەنیا یەك وەزیری سەربازی تیادا بەشداربوو, ئەویش (شاكر مەحمود)ە كە وەزیری بەرگری بوو, لە نەتەوەی كوردیش هیچ كەسێك وەك وەزیر بەشداری پێنەكرا, نزیكەی حەوت وەزیری شیعەی تیابوو ئەمەش ڕێژەیەكی بەرزە لەچاو كابینەكانیتردا, هەموو ئەوانیتر لە مەزهەبی سوننەبوون,  شاری بەغدا پشكی شێری بەركەوت بەحەوت وەزیر بەشداربوو, هەر زوو دوای دوومانگ عەمیدی ڕوكنی فڕۆكەوان (عارف عەبدولڕەزاق) جارێكیتر وەك ئەوەی لە سەردەمی عەبدولسەلامدا كودەتایەكی سەرنەكەووتووی ئەنجام دابوو, بەهەمان شێوەلە(30ی حوزەیرانی 1966)دا كودەتایەكیتری بەرپاكرد و دیسانەوە شكستی هێنا, بۆ ڕۆژی دوایی لە (1ی گەلاوێژ)دا لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستگیركرا, وەك دەردەكەوێت ئەم كابینەیە دوژمن و نەیاری زۆری هەبوو, هەربۆیە تەمەن كورتبوو لە (18ی نیسانی 1966 تا 6ی ئابی1966)بەهۆی ناكۆكی مەدەنییەكان بەسەرۆكایەتی (عەبدولڕەحمان بەزاز)ی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران, سەربازەكان كۆنترۆڵی دەسەڵاتیان كرد و لە بەرژەوەندی خۆیان شكایەوە دوای دەست لە كاركێشانەوەی بەزاز لە ژێر فشاری سەربازەكاندا,  سەردەمی حوكمڕانی (عەبدولڕەحمان عارف)وێڕای ئەوەی لە ناخۆدا نیگەرانی و بێزاریی زۆرهەبوو, هاوكات لە ئاستی دەرەوەش هەریەك لە بەریتانیا و ئەمریكاش گەلێ‌ نیگەران بوون, چونكە هەندێ‌ لە هەنگاوەكانی بەریتانیا و ئەمریكا بە مەترسیان دەزانی لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە ناوچەكەدا وەكو:
1-كەسایەتی عەبدولڕەحمان جیاوازبوو لە براكەی ئەهلی خێر و ئاشتی بوو, بەڵام دەوڵەتی سێبەر لەو بەهێزتربوو, هاوكات كاریگەری ئەفسەرەكانی سوپا كە لەسەری درووستیان كردبوو, بە ئاسانی بۆبەرژەوەندی خۆیان بەكاریان دەهێنا, هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی كە تەنیا لە ڕێگەی شەڕ و بەكارهێنانی هێزی  سەربازییەوە دەنوانن سەركەوتن بەدەستبێنن.
2-بەستنی ڕێككەوتنی نەوتی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت لە (24ی كانونی یەكەمی 1967)كە لەو ڕێگایەوە بەڵینی هەموو هاوكارییەكی پێشكەش عیراق كردبوو, ئەمەش بەریتانیا و ئەمریكای نیگەران كرد.
3-لاوازی (عەبدولڕەحمان عارف) لە دەسەڵاتدا, دەرگا لەبەردەم شیوعییەكاندا كراوەبوو, بەوەی زیاتر دەركەون لە كاروباری وڵاتدا, بەمەش بەریتانیا و ئەمریكا بە مەترسیان لەسەرخۆیان دەزانی. 
4-دەركردنی بڕیاری حكومەتەكەی (تاهیر یەحیا) لە(6ی ئابی 1967)دا بە گێڕانەوەی كانە نەوتی ڕومێلەی باكوور بۆ ژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی, ئەمەش مەترسی بۆ بەرژەوەندی ئەو دوو دەوڵەتە درووست كردبوو, ئەو ناوچەیە بە نەوت زۆر دەوڵەمەند بوو بۆ ئەو دەوڵەتانەش سوودمەند بوو.  
5-هەروەها بەستنی ڕێككەوتنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیای (ئیراب)ی فەڕەنسی بۆ گەڕان بە دوای نەوت و دەرهێنانی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقدا, كاریگەری هەبوو لەسەر ئەو دەوڵەتانەی كە باسكران ئەمەیان بە دژی خۆیان دەزانی.
6-ڕەتكردنەوە و ڕێگەگرتن لە كۆمپانیای (بان ئەمریكا) بۆ دەرهێنانی كبریت لە عیراقدا.  
7-ئەو هەموو كودەتایەی ڕوویان دەدا, حكومەت سەربازی بوو لەلایەن سوپاوە بەڕێوە دەچوو نەدەتوانرا ئاسایشی وڵات بپارێزن, تەنانەت نەیان دەتوانی گیانی خۆیانیش بپارێزن.
8- ئەو هەموو وتووێژ و دانوستانە لەگەڵ شۆڕشی كوردا ئەنجامیان دەدا, جگە لە بەڵێنی ساختە و كات كوشتن و خۆڕێكخستنەوەهیچیتر نەبوو, دەرئەنجام درێژەدان بە دۆخی شەڕ و ئاشتی لە باشووری كوردستاندا.
 ئەم گرفتانە ڕەوشی ئابووری و سەربازیی سەراپای عیراقی تێكدا، لە ڕووی سەربازییەوە تەواو شەكەت بوو بە ئاشكرا دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبووە و ژمارەیەكی زۆر سەرباز لە تاوی جەنگ هەڵهاتن، لەڕووی ئابووریشەوە بەشێوەیەكی گشتی ئابووری وڵات تووشی دابڕان هاتبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی(عەبدولڕەحمان عارف)دەسەڵاتی گرتە دەست، جگە لەوەی خۆی لەڕووی بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەتەوە كەسایەتییەكی لاواز و تووشی كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفت بووەوە لەوانە:
1- تێكچوونی بارودۆخی عیراق لە ڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە.
2-مەترسی كودەتای سەربازی كە لە ئارادا بوو، چارەسەركردنی ئەم كێشە و گرفتانەی لە توانای كەسێكی وەك عەبدولڕەحماندا نەبوو.
3- لەناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی فورات و زۆنگاوەكاندا سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لەسەر شانۆی سیاسی, لەبەرەی چەپدا دوو بزاڤی كۆمۆنیستی هەبوون:
 ا- لیژنەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی عیراق(I cp)بوو.
ب-ئەوی دیكەیان گروپێكی جیابووەوە فەرماندەی (قیادەی مەركەزی)كە لەژێر سەركردایەتی (عەزیز ئەلحاج)لە حیزب جیابووەوە, ئەم گروپە لە باشووری عیراقدا  شەڕی دژی  حكومەت دەكرد.
4-هەروەها حیزبی نیشتمانی دیموكراتی(ndp)چالاك بوو, بە ئاشكرا داوای هەڵبژاردنی ئازاد و پارتی سیاسی كراوەی دەكرد.
5-هەروەها گروپێكی گەورە لە سیاسەتمەدارانی سەربازی لە خانەی دژ بە (عەبدولڕەحمان عارف)پۆلێن كرابوون.
 6- كێشەی كورد كە یەكێك بوو لە گەورەترین و ئاڵۆزترین كێشە كە تووشی هاتبوون, بێ چارەسەر مایەوە و درێژەی هەبوو.
 كورد و حوكمڕانی عەبدولڕەحمان عارف 
بەرلەمردنی عەبدولسەلام پلانی شەڕی لە دژی كورد هەبوو, كە عەبدولعەزیز عوقەیلی وەزیری بەرگریی پرۆسەكانی بەهاری پشتمان بە خوا بەست (توكلنا علی اللە)یان بۆسەر ناوچە گوندنشینەكانی باشووری كوردستان دەستپێكرد, بە ئامانجی ئەوەی لە ماوەی یەك مانگی تەواودا  كۆتایی بە شۆڕشی كورد بهێنن, بە زۆری لەو ڕووبەڕوو بوونەوانەی كە فەرمانڕەوایانی عیراق لەم قۆناغەدا بەرانبەر بە گەلی كورد ئەنجامیاندا تووشی تێكشكان و زەرەر و زیانێكی گەورەی سەربازی بوونەوە, ئەو شەڕنگێزەیە لە داستانی زنجیرە چیاكانی هەندرێن و زۆزكدا لە سەرەتای(ئەیاری 1966)دا گورزێكی گەورە بەر حكومەتی عارف كەوت, كە بە پێداگری وەزیری بەرگری(عەبدولعەزیز عوقەیلی)ئەنجامدرا, كە تاڕادەیەكی زۆر ڕقی لە كورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد دەبووەوە, بەجۆرێك ئەنجامی بووە مایەی ئەوەی, حكومەتی عیراق هەمدیس دەستبەرداری پڕۆسەی شەڕكردن بێت و ڕێگای گفتوگۆ و دانوستان بگرێتەبەر, ئەوەبوو بەناچاری سەرۆك كۆمار شاندێكی بە نهێنی ناردە لای سەركردایەتی كورد, بەڵام بارزانی لەسەر ئەمە ڕازی نەبوو دەیویست پێش ئەوەی بچێتە ناو دانوستانەوە لەوە دەگەڕا زەمانەتێك هەبێت, دواتر لەلایەن (عەبدولڕەحمان بەزاز)لە ڕێگەی چەن كەسایەتییەكی كوردەوە وەك نێوەندگیر لە(15ی حوزەیران)دا بەشَێوەیەكی نهێنی دەستپێكرد, شاندی كورد سەردانی بەغدایان كرد, هاوكات (بەزاز)بە تەواوی ئامادەیی خۆی دەربڕی بەوەی دان بە مافی گەلی كوردا دەنێن, لە زاری خۆییەوە ئەوەی ڕاگەیاند ڕێككەوتننامەكەی نێوانیان سەركەوتنی باشی بە دەست هێناوە, لێرەشەوە لە بەیاننامەی( 29ی حوزەیران)ەوە بە خاڵی وەچەرخان لە مێژووی گەلی كوردا لە عیراقی سەردەمی كۆماریدا دەهاتە پێش چاو, چونكە بنەماكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە بووە مایەی ئەوەی دان بە مافی گەلی كوردا بنێت و تەنانەت بەڵێنی ئەوەش درا لە چوارچێوەی دەستووری كاتی و هەمیشەیی عیراقدا ڕەوایەتی خۆی پێبدرێت, لە چوارچێوەی پرۆژەیەكدا (كارگێڕی نامەركەزی)بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد هەندێ‌ بەڵێندرا, لەو كاتەدا بارزانی بۆ ئەوەی بوارێك بە سەرۆك كۆماری نوێ‌ بدات و هەڵوێستی بەرامبەر كێشەی كورد تاقیبكاتەوە، بڕیاریدا بۆ ماوەی مانگێك شەڕ ڕابگرێت، بەڵام لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی عیراق وەك هەمیشە دەستیان بە تومەت بەخشینەوە كرد, بارزانیان بە وڵات فرۆش و بە كرێگیراوی ئیمپریالیزم ناوزەدكرد، لەسەردەمی ئەمیشدا ئۆپۆراسیۆنە سەربازییەكان و پلانی شكستهێنانی بە كوردەكان و لایەنگیرانی ئۆتۆنۆمی بەردەوامبوو، بەپێی ئەو پلانەی كەجەنەراڵ (عوقەیلی)دایڕشتبوو، سوپای عیراق لە شەوی(2/3ئایاری1966)دا هێرشێكی گەورەیان كردەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەكانی زۆزك و هەندرێن و  ڕەواندز، ئەم سوپایەش ماوەی پێنج ڕۆژی پێویست بوو تا نزیك ببێتەوە لە پێگەكانی كورد، لەم كاتەشدا كوردەكان هەستان بە تەكنیكی سەربازیی و گەمارۆی هێزەكانی عیراقیاندا لە(12ی ئایار)دا جڵەوی دەسەڵات كەوتە دەست كورد، ئەم شكستە سەربازییەی سوپای عیراق (عەبدولڕەحمان عارف)ی ناچاركرد پەنا بەرێتەبەر گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە ئاكامدا لە (29حوزەیران)دا,لەسەر دەستی(عەبدولڕەحمان بەزاز)كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بوو، لە ئێزگە و تەلەفزیۆنی بەغداوە بەیاننامەی ڕێككەوتنەكەی ڕاگەیاند كە بەیاننامەی (29ی حوزیران) ناسرا, تیایدا( 12)ی خاڵی خستەڕوو گرنگترین خاڵەكانی ئەمانەبوون:
1-داننان بە دوو نەتەوەی دەوڵەتی عیراقدا، پێویستە كێشەكان بە ئاشتی چارەسەر بكرێت, چونكە خاكی عیراق تەنیا خاكی عەرەب نییە بەڵكو هی كوردیشە.
2- زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی هاوشانی زمانی عەرەبی ناساند.
3-حكومەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەی كە دەستووری كاتی دیاریكرد بوو.
4- بەشداری پێكردنی كوردەكان لە هەموو پۆست و پلە و پایە گشتییەكانی حكومەتدا.
5- ڕێگەدان بە درووستبوونی ڕێكخراوی سیاسی و كاری ڕۆژنامەگەری كە مافی خۆیانە بە ئازادی قسە بكەن لەسەر خواستەكانی گەل.
6-دەركردنی یاسای پارێزگاكان لەسەر بنەمای لامەركەزییەت و دەبێ هەموو یەكە كارگێڕییەكان (لیوا و قەزا و ناحیەكان)ئەنجوومەنی هەڵبژێراوی خۆیان هەبێت, بە دەسەڵاتی بەرفراوانەوە بۆ كاروباری تایبەت(پەروەردەو خوێندن, تەندرووستی)سەرەڕای توانای هەمواركردنەوەی هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لە سنووری ئیدارییاندا و دامەزراندنی یەكەی كارگێڕی نوێ‌ لە كاتی پێویست و بەرژەوەندی گشتیدا.
7-كاتێكیش كردەوە توندوتیژییەكان ڕادەگیرێت لێبووردنی گشتی بۆ سەرجەم سەربازە هەڵاتووەكان دەردەگرێت، بەو مەرجەی   لەگەڵ خۆیانا چەكانیان بهێننەوە.  
8-بەڵێدان بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كوردنشینەكان و پێكهێنانی دەستەیەكی تایبەت بۆئاوەدانكردنەوە, كە پەیوەست بێت بە وەزیری بەرپرس لە دارستان و سامانی توتن و هەروەها قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوان بە شێوازێكی دادپەروەرانە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆزێدی خۆیان.
 هەرچەندە ڕێككەوتننامەكە سەرجەم داواكارییەكانی كوردی جێبەجێ‌ نەدەكرد، وەلێ كۆمەڵێك خاڵی تێدا بوو كە هیچ حكومەتێكی پێشوو بۆ كوردی نەكردبوو، وێڕای (سێ) خاڵی نهێنی و ئاشكرا نەكراو، كە باس لە پرسەكانی وەك درێژبوونەوەی  هەرێمی ئەو ویلایەتە كوردییە و پێدانی موڵەتی یاسایی بە پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوكات ڕێككەوتننامەكە وەك بنچینەیەك بوو بۆ چارەسەركردن و ڕەزامەندی بارزانی بەدەستهێنا, مردنی لە ناكاوی (عەبدولسەلام عارف) پاشكۆیی و لاوازیی ئەو كەسانەی دەرخست كە تەنها پشتیان بە چاودێری كەسی ئەو بەستبوو, وادەركەوت مردنەكەی ڕاستەقینە بوو ڕووداوێكی سرووشتی بوو، هیچ حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنیش ئامادە نەبوو ڕەوشەكە بقۆستێتەوە, بەڵام یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی لاوازی سیستەمی بۆماوەیی بە دەرخست, كە سەرجەم هێڵەكانی خۆلێنزیكردنەوەی تۆڕەكانی پابەندبوونی ئاڵوگۆڕ لەیەكگەیشتن و وەفا لەنێو دەستی یەك كەسدا بوو، كە بازنەیەكی سەرەكی تێدا كۆبووە و سەقامگیری دەوڵەت  تا ڕادەیەكی زۆر لەسەری بەند بوو، مومكین نەبوو هەموو ئەوانە لە كەسێكی دیكەدا هەبێت، جێگەی عەبدولسەلام بگرێتەوە لەدوای مردنی ڕاستەوخۆ هەستی وەفاداری كە بە هاوڕێكانیەوەی گرێدرابوو مانەوە، هاوكات (عەبدولڕەحمان)ویستی بە شێوەی براكەی حوكمی وڵات بكات، بەڵام هەمان هێز و متمانەی نەبوو، هەروەها ئەو  پەیوەندییە نهێنیانەی كە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو، لە دامەزراندنی تۆڕی لایەنگیری لە چوار دەوری عەبدولسەلام دا لە سەردەمی ( عەبدولڕەحمان )دا تا ڕادەیەك بوونیان نەبوو، وەك دوا گرنتی بۆ دەسەڵاتەكەی پشتی بە پاسەوانەكانی كۆماری دەبەست، هەرچەندە پەیوەندی بە ئەفسەرانی پاسەوانی كۆماری وەك سەردەمی براكەی گەرم و گوڕ نەبوو، هەروەها ناشارەزایی و بێ ئەزموونی لە پەیوەندییەكانی وایكرد نەیتوانی پاسەوانی كۆماری بە شێوەیەك بە كەسێتی خۆیەوە  ببەستێتەوە، هاوكات ئەو پەیوەندییە جۆراو جۆرە لەگەڵ ئەندامە سەرەكییەكان لە ڕیزی ئەفسەراندا وایی لێكرد نەتوانێ‌ دەسەڵاتی خۆی بەسەر گروپە حیزبییەكانی نێو ئەفسەراندا بسەپێنێت و بۆ مەبەستی خۆی بەكاری بێنێت, تەنانەت نەیتوانی لەبەرامبەر نەیاران و دوژمنداریەتی ئەفسەرانی سوپا بۆ( بەزاز) پارێزگاری لە حوكمی مەدەنی بكات، تا دەهات دوژمنایەتی ئەفسەران بەرامبەر (بەزاز) زیادی دەكرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕێژەی بودجەی بەرگری كەمدەكردەوە لەو ڕێژەی كە پێشتر تەرخان كرابوو، بەڕێژەی خەرجی سەربازی, هەروەها جێگیرنەبوونی بارودۆخی ناوخۆی عیراق و هەموو ئەو گۆڕانكارییە زۆرانەی كە لە دەسەڵاتدا ڕوویدەدا, لەگەڵ هاتنی(ئایاری1967)دا ناجی تاڵبی سەرۆك وەزیران دەستی لەكاركێشاییەوە, لەوكاتەدا عارف  حكومەتی پێكهێنا و وەزارەتەكەی پڕكرد لەو ئەفسەرە سەربازیانەی كە سەر بە حیزبە گەورەكانی نێو سوپابوون, هەر لەهەمان ساڵدا عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕووداوە كارەسات ئامێزەكانی جەنگی (حوزەیرانی1967)ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل سەرقاڵبوون, لەم دۆخەدا حكومەت هەوڵیدا پەیوەندییەكانی چاك بكات لەگەڵ هێزە نەیارەكانیدا بۆدەستەبەركردنی (یەكێتی نیشتمانی)لە شەڕە یەكلاكەرەوەی لە دژی ئیسرائیل, هەربۆیە لێبووردنی ڕاگەیاند بۆ ژمارەیەكی زۆر لە نەیارەكانی, وەلێ‌ كوردی نەگرتەوە و گیراوەكان لە زیندانەكاندا مانەوەو ئەو شكستەی عەرەبەكان بەسەریاندا هات لە جەنگی ئیسرائیلدا, هەروەها چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد و ئەو فشارە بە هێزەی لە لایەن نەیارانی چەپڕەو و ڕاستڕەو پیادە دەكران, ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كەوا (عەبدولڕەحمان عارف) هەستا بە دابەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ یەكێك لە سەركردە ڕاستڕەوە توندڕەوەكان كە ئەویش( تاهیر یەحیا) بوو, دوا بەدوای ئەمە تاهیر یەحیا لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیرەكان هەستا بە گفتوگۆكردن لەگەڵ بارزانی لەسەرەتایی ساڵی (1968)دا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كورد, بەڵام هەموو ئەمانە پلانی ماوە كورت بوو, حكومەتی ناوەند هیچ هەنگاوێكی كرداری نەدەنا بۆ چارەسەركردن و ڕێگا چارەی ئاشتیانە, هەر زوو لەو سەر و بەندەدا بارزانی هەردوو وەزیرەكەی لە حكومەت بانگێشت كرد و وتی: بەردەوامی بە شەڕ دەدەین گەر ڕێككەوتننامەكەی  بەزاز جێبەجێنەكەن, لەسەرەتای هەمان ساڵ (1968)دا هەندێ‌ پێكدادانی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپا ڕوویدا, دواتریش لە (17ی گەلاوێژی 1968)دا بۆجاری دووەم حیزبی بەعس بە كودەتایەكی سەربازی جڵەوی حوكمی عیراقیان گرتەوە دەست و (عەبدولڕەحمان عارف)یان لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە.

سەرچاوە:
1 – الوزارات العراقیە 1920-2010, المركزالعراقی للمعلومات و الدراسات, بغداد,2011
2-باقر امین الورد,  بغداد خلفاۆها, ولاتها, ملوكها, رۆساۆها, منژ تأسیسها عام 762م- 1984,دار التربیە,1984 
3-ئەحمەد حمەئەمین ، چەند لاپەڕەیەك لەمێژووی نوێ‌ و هاوچەرخی عیراق ، چ1 ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر 2010      
 4--ئەحمەد باوەڕ  مێژووی هاوچەرخی عێراق , 1914-1968, چاپخانەی كارۆ, 2018
 5-  تشالزتریب, چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی عێراق, و/مەحەمەد حوسێن و عەبدولقادركەلهوڕ, چاپخانەی رۆژهەڵات, هەولێر, 2010
  6-نیسان حسن ڕۆستم , كوردو دەسەڵاتەیەك لە دوای یەكەكانی عێراق (1916-1968)