ئومێدی گۆڕانکاریی هەیە؟

ئاری عەلی غەریب 25/11/2020


ئێستا شەقامی کوردی، شەقامێکی خامۆش و بێ خاوەنەو هاووڵاتی ئاسایی و مامۆستاو مووچە خۆران لەچاوەڕوانی هێزێک یاخود لایەنێک یاخود هەر کەسایەتی و سمبولێکدان کە بکەوێتە پێش خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، جا ئەو سیمبولە سیاسی بێ یاخود ئاینی یاخود رۆشنبیری..

ئەگەر بەوردی سەیری بارودۆخی هاووڵاتی و دابەشبوونی کۆمەڵگای کوردی بکەین دەگەینە ئەو دەرەنجامەی، کە لەئێستادا دەتوانین بڵێین ئەم کۆمەڵگایە تووشی جۆرێک لەسەرلێشێوان و پاشاگەردانی بووەتەوە.

کۆمەڵگای کوردی دابەش بووە بەسەر سێ جۆر تێڕوانین بۆ ژیان و بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە دەوڵەمەندە بە وزەو کانزاو نەوت، بەڵام سەرباری ئەو دەوڵەمەندیە لەنیوە زیاتری کۆمەڵکا بەدەست نەبوونی و بێ دادی و گەندەڵییەوە دادو بێ دادێتی..

تێڕوانینی یەکەم بۆ ژیان و بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە بەرجەستە ئەبێ لەخودی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە کە ئەگەر بەڕێژە سەیریان بکرێ لەسەدا پێنجی کۆمەڵگای کوردی ئەگەر پێکبێنن، کاتێک دەڵێین دەسەڵاتداران بێ گومان مەبەستمان بڕیاربەدەستە قەبەکانی بواری سیاسەت و داڕێژەرانی سیاسەت و ئابووریە، هەروەها خودی سەرمایەدارەکانی ئەم وڵاتە کە بەشێوەیەک لەشێوەکان سیاسیە قەبەکان وەک قەڵایەک لەپشتیانەوە وەستاون.

تێڕوانینی دووەم بۆ ژیان کردن لەم هەرێمەو لەم کۆمەڵگایەدا کە خراپترین و بێ ویژدانترین تێڕوانینە بۆ ژیان کردن بریتین لەو کەسانەی کە  بوونەتە گۆچانی دەستی دەسەڵاتداران و باری لاری سیاسیە قەبەکان و گەندەڵیە زۆرو بێ شمارەکانیان بۆ دەپارێزن..

یاخود ئەوانەی لەشەقامی کوردیدا پێیان دەوترێت کۆیلەو دەرباری دەسەڵات، ئەمانە جۆرە مرۆڤێکن بەجۆرێک چەماونەتەوە کە تەنها بەرپێی بەرژەوەندی و گیرفانی خۆیان دەبینن، ئەم جۆرە کەسانە کە لەدوای دەسەڵاتدارە قەبەو گەندەڵەکانەوە تاوانباری سەرەکی بێ دادی و نەبوونی زۆرینەی خەڵکن رێژەکەیان زۆرەو لەسەدا سی بۆ چلی کۆمەڵگا پێک دەهێنن و ئەگەر بێ ویژدانی بچووکی ناخی ئەم جۆرە ئینسانانە نەبێ،  ئەوا ئەو رێژە کەمەی دەسەڵاتدارو سیاسیە قەبەو گەندەڵەکان ناتوانن بەبەرچاوی دنیاو بەڕۆژی نیوەڕۆ قوت و نانی ئەم میلەتە بخەنە گیرفانی خۆیان و نەوە لەدوای نەوەکانیانەوە.

تێڕوانینی سێهەم بۆ ژیانکردن لەم هەرێمە بریتین لەزۆربەی چین و توێژەکان کە خۆی لەسەدا شەستی زیاتری کۆمەڵکا دەبینێتەوە، هەر لەچینی هەژاران ومامۆستاو  فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان، ئەمانەش لەکۆمەڵگاو لەشەقامی کوردیدا لەئێستادا بەجۆرێک لەجۆرەکان لەترسی ستەم و جەوری دەسەڵاتداران و شەقوەشێن و بەڵتەجیەکان دەستیان گرتووە بەکڵاوەکەی خۆیانەوە.

دەتوانین بڵێین ئەو چینەی کە باری لاری دەسەڵاتداران و ستەمکارانی لەم وڵاتەدا پارسەنگ کردووە بریتین لەچینی تێڕوانینی دووەم کەخۆیان لەمشەخۆرو حازرخۆرە بەر سێبەرەکاندا دەبینێتەوەو بوون بەپاسەوان و کۆیلەو چڵکاوخۆر لەلای گەندەڵکاران ..

تاوەکو ئەم چینە لەگەشەو فراوان بووندا بێ هیچ ئومێدی گۆڕانکاریەک لەئارادا نابێ، دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان چینێکی کەمن و ئەگەر کۆیلایەتی ئەو چینە بەر فراوانە نەبێ، ئەوا رووبەڕووی تووڕەیی و ناڕەزایەتی تێڕوانینی دووەمی کۆمەڵگا دەبنەوەو بۆ ئەبەد رادەماڵرێن و توانای بەهەدەردانی سامانی وڵات و تاڵان و بڕۆیان نابێت..

وتاری زیاتر