كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم

رزگار حاجی حەمید 24/11/2020

 
 لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە, تا دەهات هەلومەرج و ڕەوشی سیاسی عیراقی بەرەو خراپی دەبرد، بەهۆی بەتەنگەوە نەهاتنی حكومەتی عیراقی لە داواكارییەكانی گەل,  لێرەو لەوێ‌ جموجۆڵ و چالاكی بەدیدەكرا, لە نێوان  ئەفسەرانی ئازادیخواز و نیشتمان پەروەردا پەیوەندی توكمە هەبوو جێگەی متمانەی یەكتر بوون, ئەمان یەكەم شانەی نهێنی شۆڕشگێڕی خۆیان لە ساڵی(1952)دا دامەزراند، بەهاتنی هاوینی ساڵی (1956)ئەوەندە شانە بڵابووەوە بووە مایەی سەرنج ڕاكێشانی  سەرۆكی ئەركانی سوپا, تەنانەت لەساڵی (1957)دا ژمارەیان گەیشتە (170-200)ئەفسەر, ئەم ڕێكخراوە بە بێبوونی سەركردایەتییەكی یەكگرتوو بەردەوامبوون لە كارەكانیاندا تا توانیان بگەنە ئاستی  گەشەكردنی سیاسی,  هەموو گروپەكانی ئەفسەرانی ئازادیخواز یەكیان گرت لیژنەیەكیان لە( 15) ئەفسەری پلەدار پێكهێنا بە سەرۆكایەتی (عەبدولكەریم قاسم)ئامانجی ڕێكخراوەكە بریتی بوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی و هێنانەكایەی ڕژێمی كۆماری لە عیراقدا, ئەمەش وایكرد پارتە سیاسییەكان لە یەك نزیك ببنەوە, كە لە ئاكامدا لە( 9ی مارتی 1957)دا یەكەمین بەیاننامەی دامەزراندنی بەرەی یەكێتی نیشتمانی ڕاگەیانرا, ئەو بەرەیەش پێكهاتبوون لەهەریەك لە پارتی سەربەخۆیی، پارتی بەعسی سوسیالستی,پارتی نیشتمانی دیموكراتی و حیزبی شیوعی عیراقی) لەگەڵ دامەزراندنیدا, ژمارەی داواكاریان پێشكەش بە حكومەت كرد, كە تیایدا هاتبوو: 
1- لە كارخستنی كابینەی نوری سەعید . 
2- دەرچوونی عیراق لە پەیماننامەی بەغدا .
3- ڕێگەدان بە ئازادی دیموكراتی دەستووری. 
4- هەڵوەشانەوەی حكومەتی عورفی. 
5- ئازادكردنی زیندانە سیاسییەكان . 
6- گەڕانەوەی خوێندكاران و فەرمانبەرە دەركراوەكان .
7- بەرەنگاربوونەوەی كۆلۆنیالیزمی بەهەموو شێوەیەك و پەیڕەوكردنی سیاسەتی بێلایەن .
    بەڵام ئەو هەوڵ و كۆششانە بێئەنجام مانەوە وەلێ بەردەوامبوون, بۆ ئەم مەبەستە چەندجارێك پلانیان دانا بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكەیان سەركەوتوو نەبوون, چونكە بەهۆی جیاوازی بیروڕای ناو ئەفسەرانەوە هەر جارێك لەژێر پاساوێكدا, ڕەتدەكرایەوە ئیتر ڕەوشەكە بەوشێوەیە مایەوە تا بەرە بەیانی( 14ی تەموزی 1958)دوای ئەوەی (عەبدولسەلام عارف)تەواوی پلانەكەی داڕشت دەستیكرد بە دابەشكردنی تەقەمەنی بە سەر هێزەكاندا و  بەرەو بەغدا هەنگاویان نا، ئەنجام لە ماوەی نیوكاتژمێردا چوونە ناو بەغدا و باڵەخانەی ڕادیۆیان داگیركرد كاتێكیش پەخشی ڕادیۆ كرایەوە, عەبدوسەلام دەستیكرد بە خوێندنەوەی بەیانی یەكەمی شۆڕش و هانی خەڵكی دەدا و دەیووت (ئەمە شۆڕشەكەتانە، بنەماڵەی پاشایەتی لە ناوبران، ڕژێمی پاشایەتی هەرەسی هێنا، لەگەڵا هەرسیدا هەموو خراپە و گەندەڵیەكانیش هەرەسی هێنا, لە دوای خوێندنەوەی بەیاننامەكە ئیتر كۆتایی بە حوكمی بنەماڵەی پاشایەتی هات, سەرەتایەكی نوێ‌ لە حوكمڕانی كۆماری لە عیراقدا دامەزرا, دوای بەیاننامەكە خەڵكی بۆ پشتیوانی لە كودەتاكە بە گوڕوتینێكی بە هێزەوە كەوتنە پشتگیریكردن و هاتنە سەر شەقام دەستیانكرد بە هوتاف كێشان دژی بنەماڵەی پاشایەتی و پەیكەرەكەی (جەنراڵا مۆد)لە لایەن خەڵكەوە تێكشكێنرا, دواتر خرایە ڕووباری دیجلەوە, بۆ هێوركرنەوەی دۆخەكە كاتژمێر (10)ەی بەیانی سوپا بەیانێكی دیكەی بڵاوكردەوە و ڕاگەیاند: هاتوچۆكردن قەدەغەیە لە شاردا لە دەوروبەری نیوەڕۆی(14ی گەلاوێژ)دا عەبدولكەریم قاسم و هێزەكانی بارەگایەكی لە وەزارەتی بەرگری دانا، لەبەرەبەیانی ڕۆژی دوایی دەستیكرد بەكردنەوەی فەرمانگە حكومییەكان  و ئاساییكردنەوەی دۆخی كاركردن،  بەپێی بنەماكانی بەیاننامەی تایبەتی ژمارە(2)سێ كەسیان لە دیارترین كەسایەتییەكانی عیراق بۆ ئەنجومەنی سەروەری(مجلس السیادە)دیاریكرا, كە هەڵدەستن بە ڕاپەڕاندنی كارەكان لە شوێن سەرۆك كۆمار تا كاتی ماوەی گواستنەوەی لەو هەڵبژاردنە سەركەوتوو بوو, ئەنجومەنی سەروەری بۆ ڕازیكردنی كۆی پێكهاتە سەرەكییەكانی عیراق پێكهاتبوو:
1- فەریق ڕوكن محەمەد نەجیب ڕەبیعی سەرۆك, كەسێكی سەرباز بوو ڕێزێكی تایبەتی  لە ناو سوپادا هەبوو، بە تایفە سوونە بوو، پیاوێكی خواناس و دوور لە خراپەكاری ناسراوە. 
2 - محەمەد مەهدی كوبە،  نیشتمان پەروەری گەورە و سەرۆكی حیزبی سەربەخۆ بوو, كەسێكە موجاهیدە و دژە سیاسەتی ئیمپرالیزم بوو وەك تایفەش شیعە بوو.
3- خالید نەقشبەندی، كەسایەتییەكی كوردی ناسراو بوو موتەسەڕیفی لیوای هەولێر بوو,   ئەفسەر بوو بە پلەی عەقید ڕوكن, ئەو دەمە لە پلەی سەربازێتی دوور خرابووەوە. 
 ئەم دامەزراوەیە توانای عەبدولكەریم قاسم دیاری دەكات لە تێگەیشتنی پارسەنگبوونی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە عێراقدا، هەروەها بەیاننامەكە پێكهێنانی حكومەتێكی بە سەرۆكایەتی زەعیم (عەبدولكەریم قاسم)ڕاگەیاند كە زۆربەی وەزیرەكانی كەسانێكی سڤیل و لەو حیزبانەی ئۆپۆزسیۆن بوون، كە لە سەردەمی پاشایەتیدا ناو و ناوبانگیان هەبوو، هاوكات سەرۆك وەزیرانیش عەبدولكەریم قاسم باوكی عەرەبی سوننە و دایكیشی كوردی فەیلی شیعەبوو, یەكەم كابینەی حكومەتی كۆماری پێكهێنرا بەم شێوەیە:-
   1-زەعیمی ڕوكن عەبدولكەریم قاسم          سەرۆك وەزیران, وەزیری بەرگری .
  2- سەرهەنگ ڕوكن عەبدولسەلام عارف      جێگر سەرۆك وەزیران, وەزیرناوخۆ .
  3- ناجی تاڵیب               وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی .
  4- د عەبدولجەبار جۆمەرد            وەزیری دەرەوە .
  5- د جابر ئیبراهیم         وەزیری مەعاریف .
  6- محەمەد حەدید              وەزیری دارایی .
  7- هودەیب حاجی حەمود        وەزیری كشتوكاڵ . 
  8- د ئیبراهیم حاجی عەتوف     وەزیری ئابوری .
  9- مستەفا عەلی                  وەزیری داد .
  10- محمد صالح محمود         وەزیری تەندروستی .
  11- فوئاد ڕەكابی                وەزیری ئاوەدانكردنەوە .
 12- محەمەد سدیق شەنشەل      وەزیری ئیرشاد .
  13- بابا عەلی شێخ مەحمودی حەفید     وەزیری كاروباری هاتوچۆ .
ئەگەر تێبینی ئەندامانی پێكهێنانی ئەم وەزارەتە بكەین, بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەین كە لە هەردوو نەتەوەی كورد و عەرەبی تێدایە و زۆربەی هێزە سیاسییەكانیش بەشداربوون لە وەزارەتەكە, لەڕاستیدا وەزارەتەكە جگە لەوەی كەسێ‌ پیاوی سیاسی و سەربازی لە خۆگرتبوو لەوانە (عبدالسلام عارف و عبدالكریم قاسم و ناجی تالیب ), ئەوەشی تایبەتە بەڕوانگەی نەتەوایەتییەوە ئەندامێكی ئەنجومەنی سەردارێتی كورد بوو, ئەو دەمە چەند كەسایەتی كورد لەسەردەمی كۆماری نوێدابەشدارییان پێكرا, لەم كابینەدا تاڕادەیەك پێكهاتەی دانیشتوانی عیراق ڕەچاوكرا, هەرچەندە لێرەش عەرەبی سوننەی كەمینە پشكی لە نیوە زیاتری بەركەوت, تا(22یئابی 1958)نزیكەی(45)وڵااتی عەرەبی و بیانی بە شێوازێكی فەرمی لە ڕێگای دەزگاكانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە دانیان پێدانا, لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی زۆربەی ئەو مەرسوم و هەموو ئەو بڕیارانەی كە )نوری سەعید(لە سەردەمی پاشایەتیدا دەریكردبوون، سەرەڕای ئازادكردنی گیراوە سیاسییەكان و دووبارە گەراِندنەوەیان بۆ سەر كارەكانیان و هاوكات گەڕاندنەوەی ئەو سەربازانەی كە بەهۆكاری سیاسی و لە سەردەمی پاشایەتیدا خانەنشینكرابوون، هەروەها پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ كە لە (27ی گەلاوێژی 1958) بۆ كۆمەڵانی خەڵك ڕاگەیاندراو ناوی (دەستووری كاتی)لێنرا، لە بواری ئابووری و كۆمەڵاییەتیدا یەكێك لە بڕیارەكانی حكومەتی نوێ دەركردنی یاسای چاكسازی كشتوكاڵی و بڕیاری ژمارە ( 30)ی ساڵی (1958) بوو، كە بەپێی بنەماكانی ئەم بڕیارەیش چینی جووتیار بووە خاوەنی زەوی خۆی، لەگەڵ ئەوەیشدا لێكدانێكی بەهێز بوو بە ئاراستەی دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی چینی دەرەبەگ و قۆرخكاریان لە زۆربەی ناوچەكانی وڵاتدا، بەمەیش حكومەتی قاسم و شۆڕشی (14 ی تەموزی 1958) پشتگیری گەورەی جەماوەرییان لەلایەن چینی جووتیاران و كۆمەڵایەنی خەڵكەوە بۆ خۆیان مسۆگەركرد، جگە لە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ بواری نەوت و شێوازی دەرهێنان و پاڵاوتنیدا، بە جۆرێك لە بەرژەوەندی وڵاتدا دەبێت، وەك ئەوەی لەم بارەیەشەوە بڕیاری یاسای ژمارە (80)ی ساڵی(1961)دا پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت دەست نیشانكراوە، هاوكات لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتیدا كەوتە برەودان بە بواری تەندروستی و تاڕادەیەك هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی نیشتەجێبوون و بارودۆخی پەروەردەكردن و خوێندن لە ناوچە جۆربەجۆرەكانی وڵاتدا، لەوانە كردنەوەی قوتابخانەی سەرەتایی دواناوەندی نوێ‌ و فراوانكردنی پەیمانگاكان و پیشەیی و باڵاكانی خوێندن بەتایبەتی لە ناوەندی پارێزگاكاندا, پارێزگاریكردن لە دۆخەكە، هەرچەندە لەڕاستیدا بیرۆكەی دامەزراندنی كۆماری لە عێراقدا بۆ سەردەمێكی كۆنتر لە شۆڕشی (14)ی گەلاوێژی 195)دەگەڕێتەوە، بگرە تەنانەت بۆ كاتی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیش، چونكە ئەم بیرۆكەیە لە ساڵانی جەنگی یەكەمی جیهانی و لە سەردەمی داگیركاری بەریتانیادا سەری هەڵداوە، لە چەندەها بۆنەدا خراوەتە ڕوو پاش هاتنە سەركاری پاشایەتیش لە ئارادا بوو، هەر لەیەكەم دامەزراندنی حكومەتی كاتی بەسەرۆكایەتی( عەبدول ڕەحمان نەقیب) خودی خۆی هەمان بیروڕای هەبوو پێش هاتنی مەلیك فەیسڵی یەكەم دواتریش (تاڵیب نەقیب)كە یەكێك بوو لەوانەدەستنیشان بكرێت بۆ سەرۆكی حكومەت و لەكاتی دانانی مەلیكدا هەوڵی بۆدا, هەمان ڕای هەبوو, دواتریش كاتی ڕووداوەكانی  ساڵی 1941 و ڕاپەڕینی تشرینی یەكەمی ساڵی( 1952) دا ، بەڵام تەنیا شۆڕشی 14ی گەلاوێژ بوو كە ئەم بیرۆكەیەی  لە دەستوورە كاتییەكەی ساڵی(1958)دا بەرجەستەكرد, تا دەهات ( قاسم )لە ناوخۆی عیراق و بە تایبەتی لە نێو سوپا و حیزبە سیاسییەكاندا نەیارێكی زۆری بۆ درووستبوو، بەجۆرێك زۆرێك لەوانە بە بەردەوامی لە پلان و كنەی ئەوەدابوون، كە چۆن كۆتابی بە ژیانی بهێنن و دەسەڵاتی لێ‌ وەربگرنەوە، وەك ئەوەی یەكێك لەو هەوڵانەی لە ئێوارەی (7)ی تشرینی یەكەمی 1959)دا لە شەقامی ڕەشیدی  بەغدادا لەلایەن دەستەیەكی سەر بەحیزبی بەعسەوە كرایە سەر كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی و لە ئەنجامدا بووە هۆی برینداربوونی خۆی و یەكێك لە ئەفسەرە پاسەوانەكانی بەناوی( قاسم ئەمین ئەلجەنابی)ەوە, خۆیشی لەبەر خەستی برینەكەی لە خەستەخانەی( دار السلام)ی بەغدا بۆ ماوەی (54) ڕۆژ مایەوە، هەروەها كوژرانی شۆفێری ئۆتۆمبیلەكەی،  هەرچەندە هەر زوو عەبدولسەلام عارف لە( 5/4 ی تشرینی دووەمی 1958دا، هەوڵی ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازیدا، هەروەها دادگا تۆمەتێكی تری خستەپاڵی عارف كە هەوڵی تیرۆركردنی قاسمی داوە لە وەزارەتی بەرگری، بەڵام بەپێی ڕاسپاردەی عەبدولكەریم قاسم كە سەرۆكی هێزە چەكدارەكان بوو، بەپێی بڕیاری دادگایش سزای لە سێدارەدانەكەی جێبەجێنەكراوە، كەمكرایەوە بۆ زیندانیكردن، دواتریش بڕیاری ئازادكردنیشی بۆ دەركرد و هەموو مافێكی خانەنشیكراوی بۆ گەڕاندەوە و ڕێزێكی بێپایانی لێگرت و تەنانەت ڕەوانەی ماڵی خودایشی كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەركی حەجكردن بەڵام وێڕای ڕێزگرتن و بەخشینە ڕووداوەكان پێچەوانەی ئەمەبوو، چونكە (عارف)لەسەر هەمان میتۆدی خۆی بەردەوام بوو، هێرشی توندی دەكردە سەركردایەتی شۆڕش، بە یاوەری و هاوكاری لەگەڵ ئەندامانی حیزبی بەعس توانیان لە ڕۆژی( 8ی شوباتی 1963) دا كۆتایی پێبهێنین، كە قاسم و زۆرێك لە هاوڕێكانی بە دیلكراوی كەوتنە دەست بەعسییەكان و ئەوەی ڕاپەڕیوان و ئاوەڵانی قاسم بەرامبەر بە(فەیسەڵی دووەم)یان یكرد، ئەوان خراپتریان پێكرد و سووكایەتی گەورەیان پێكرد، كە لە دوای لە سێدارەدانی بەر ڕێژنەی گوللە درا، هەموو ئەو هیوایانەی كە قاسم  پێی وابوو لێ دەبوورێن و لە سێدارەدان ڕزگاری دەكات شتێكی خەیاڵی بوو، دووربوون لە جێبەجێكردنەوە، یاخود دەتوانین بڵێن قاسم هاوكاری زۆری عارفی كرد لە كەمكردنەوەی سزاكەیدا، بەڵام عارف ئەو كارەی نەك ئەنجام نەدا، بەڵكو بە ئەنقەسیتیش لە ناوی برد, عەبدولكەریم قاسم بەردەوام دروو شتێكی بەرز دەكردەوە لە زۆربەی وتارەكانیدا بۆیە وایكرد بوو ببێتە نموونەیەكی جوانی ناو خەڵك، ئەمەیش وای لە منداڵەكانی گەڕەكە میللییەكان كرد بوو، یەكێَكیان هەڵەیەكی دەكرد، دەیووت:( عفاالله و عما سلف) ئەو درووشمە گەیشتبووە نێوەندە كۆمەڵاتییەكان، گەر پیاوێك بیوویستایە هەڕەشەی یەكێك بكات دەیووت: ئێستا دەتكوژم زەعیمیش لێم دەبوورێ‌ گەلێ نموونەی لێبووردەیی لەسەر دەهێنایەوە، لەوانەش حۆشبوو كە بە چەكەكانیان هێرشیان كردە سەری  زۆربەی ئەوانەی حوكمی عیراقیان گرتە دەست  و كودەتایان كرد لە دژی، ئەوانەبوون ( ڕاگیراو دەستگیركراو )بوون كە قاسم ئازادی كردبوون بۆ بەڕێكردنی درووشمە دیارییەكەی, گەر سەرنج بدەین لە كودەتاكەی (14ی گەلاوێژ)دا ڕاپەڕیووەكان پەلاماری كۆشكی شاهانەیانیدا و داوایان لە پاسەوانەكانی كرد خۆیان تەسلیم بكەن  و بەرەنگاری نەكەن، ئەمانیش لە كۆشكەی هاتنە دەرەوە بە ئاڵای سپی و دەست بە قورئانەوە، بێڕەحمانە دایانە بەر ڕێژنەی گوللە و هەموویان كوژران، پاشان لاشەی مەلیك و وەلیعهد بە ئۆتۆمبیلێك گوێزرایەوە بۆ(پزیشكی دادوەری)لە ڕێگا جەماوەر لاشەكەی (عەبدولئیلا) یان داگرت و  بەسەر شەقامەكاندا ڕایان كێشا و پارچە پارچەیان لێئەكردەوە بەچەند شوێنێكی پایتەخەتدا هەڵیانواسی، لاشەی مەلیكیش گەیەندرایە نەخۆشخانەی( الرشید)ی سەربازی لەوێ‌ خرایە چاڵێكەوە و لاشەی( عەبدولئیلا )دوای ڕاكێشانی بەچەند گەڕەك  و شەقامێكدا بە سەر ستوونێكی كارەبادا هەڵواسرا، لە بەردەم بینایی وەزارەتی بەرگری لە بەری خۆرهەڵاتی ڕووباری دیجلە( الرسافە)، پاش ماوەیەك داگیرا و سووتێنرا و خۆڵەكەی فڕێدرایە نێو ڕووباری دیجلەوە، دوای لەڕێكەوتنێكی سەرەنج ڕاكێشدا، فەرماندەیی شۆڕشەكە واتە ( عەبدولكەریم قاسم) دوای پێنج ساڵ بەهەمان شێوە كوژرا و لەلایەن هاوڕێیانی پێشوویەوە، سەرەتا لاشەكەی بەنهێنێ‌ لە نێو باخێكی نزیكی بەغدا بە خاك سپێردرا، بەڵام پاسەوانی باخەكە سەیری كرد چەند سەگێك چاڵەكەیان هەڵداوەتەوە و خەریكی گۆشتی مرۆڤێن، دوای بۆی دەركەوت ئەو لاشەی سەرۆك ( قاسم(ە بەپەلە جووتیارەكانی گوندی ئاگاداركردەوە ئەوانیش  لاشەكەیان لە سەگەكان سەندنەوە و بەرێزەوە بە خاكیان سپارد، هەواڵگرەكانی حكومەت ئەمەیانزانی، سەر لەنوێ‌ لە گۆڕەكە دەریان هێنایە دەرەوە و فڕیان دایە نێو ڕووباری دیجلەوە بووە خۆراكی ماسییەكان، زەمانە لەخولێكی تردا و (عەبدول سەلام عارف) سەرۆكە نوێیەكەی كودەتای شوبات لە نێوان (القرنە و البصرە)دا،  لە باشووری عیراق لە ئاسماندا    فڕۆكەكەی گڕی تێبەربوو سووتا، هاوەڵانیشی ( عەبدول لەتیف ئەلدراجی وعەبدول مەجید) لەگەڵیا بوونە قەرەبرووت, لەم بارودۆخە پڕ لەهەوڵی تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی عیراق, سەرە هاتە سەر شۆَڕشگێڕەكان, كە ئاشی مردن یەكە یەكە ئەوانیشی هاڕی دواتر گەیشتە( قاسم )پاڵەوانی شۆڕشەكەی 14ی گەلاوێژ و حكومەتەكەی  بۆ ماوەی چوار ساڵ و شەش مانگ و بیست و پێنج ڕۆژ فەرمانڕەوایی عیراقی كرد, شایانی باسە( قاسم) تا لە ژیاندا بووبە ڕەبەنی ژیا و ژیانی هاوسەرگیری پێكەوە نەناوە سەروەت و سامانێكی ئەوتۆی لە دوای خۆی بەجێنەهێشت، تا لە بەرەبەیانی(8ی شوباتی 1963)دا، بە یەكجاری كۆتایی بە دەسەڵاتی هێنراو عەبدولسەلام عارف و حیزبی بەعس هاتنە دەسەڵات .
سەرچاوە:
1-محمد كاڤم علی, العراق فی عهد عبالكریم قاسم 1958-1963, المگبعە خلود, بغداد,1989  
2-  ئەحمەد باوەر,  مێژووی هاوچەرخی عێراق , 1914-1968, چاپخانەی كارۆ , 2018            
3-حەسەن عەلەوی , عەبدولكەریم قاسم,  وەرگێڕانی , كاوان ئەنوەر  مەسیفی,  بەبێ چاپخانە, هەولێر, 2019     
 4 - باقر یاسین, مێژووی خوێناوی عێراق, و/ حمە صاڵح گەڵاڵی, چ1, چاپخانەی داناز, سلێمانی  2004   
 5- ئەحمەد حمەئەمین ، چەند لاپەڕەیەك لەمێژووی نوێ‌ و هاوچەرخی عیراق ، چ1 ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر 2010       
   6-  حامد الحمدانی, چەند لاپەڕەیەك دەربارەی  مێژووی نوێی عێراق , و/ شەماڵ ئەحمەد,چ1,چاپخانەی چوار چرا 2012 
  7- گۆڤاری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی, ژ 2, ساڵی بیست و سێ تشرینی دووەمی 2015
    8-زاگرۆس ئەحمەد, مێژووی عێراق, 1914- 1958,چاپخانەی میدیا, 2018