‏گەلێک ژن بکوژێت، گەل نییە ‏ژن کوشتن، ژین کوشتنە

دێرین عزەدین 24/11/2020



 ژن کوشتن بوەتە بەشێکی دانەبڕاو لەهەواڵ و رووداوەکانی رۆژانەى هەرێمی کوردستان و بەجۆرێک لای خەڵکی ئاسایی بووە کە هێندەی هەواڵێکی دواکەوتنی موچە هاوڵاتیان راناچڵەکێنێت. 
یەکێک لەو دیاردانەی کە لەم ماوەیەدا لە کۆمەڵگای کوردی و میدیاکانیشەوە زۆر باسی لێوە کراوەو بووە بە بابەتی رۆژ، کوشتنی ژنانە بە بیانووی شەرەف و نامووس لە لایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە .
ژن کوشتن خەریکە دەبێتە نەریت و دیاردەیەکی ترسناك ڕێکخراوە پاشکۆکانی مافی ژنان و مرۆڤیش،خەریکی ژماردنی تەرمی قوربانیەکانن
‏میللەتێكن پیاوەتیان بە ژن كوشتن ئەسەلمێنن 
 ژنیان لا پیرۆزە و رێزی ناگرن 
عاشق ئەبن و ناتوانن خیانەت نەكەن 
خۆشەویستیان دەوێت و خۆشەویستیش قەت نابەخشن.
‏ژن کوشتن دیاردەیەکی باوی کۆمەڵگەی کوردیە، ئەوەی بەبیانووی نامووس و شەڕەف ژن دەکوژێت، هەرخۆیشی رۆژانە نامووسی چەند ژنێکی تر ئەتک دەکات، ئەو ژنانەی لەلایەن پیاوەکانەوە دەکوژرێن، هەمان ئەو پیاوانەن کە خۆیان شتێکیان بەناوی نامووس نییە
تەنانەت لەهەندێک باردا بکوژ وەک پاڵەوانێک تەماشا دەکرێت، وەک ئەوەی کارێکی گرینگ و تەواو دروستی بە ئەنجام دابێت.
زۆرجار دەبینین بكوژی ژن براوەتە زیندان‌و دواتر بە لێبوردنەوە هێنراوەتە دەرەوە یاخود لەبەر بوونی پێگەیەكی كۆمەڵایەتی بەهێز نەبراوەتە بەردەم یاسا، بۆیە ئەو یاسایانەشی كە كەم تا زۆر مافی ژنیان پاراستووە،بەهۆی دابونەریت‌و ئایینەوە هەڕەشەیان لێدەكرێت‌و كەسیش نییە بەرپەرچیان بداتەوە.
‏ژن کوشتن‬⁩ بووەتە بەشێک لە هەواڵی تەواو ڕۆتین و ئاسایی ڕۆژانەمان
‏یانی جۆرێکی لێ هاتووە گەر ڕۆژێک ھەواڵی ژن کوشتن نەبیسین نیگەران دەبین نەوەک ڕەگ و غیرەتی پیاوەکانمان ناقس بووبێ.
سەرەڕای بوونی ژمارەیەكی زۆر لەرێكخراوەكانی ژنان تا ئێستا نەتوانراوە پرسی كوشتنی ژن بنەبڕ بكرێت، ئەوەی لەئێستادا ئەو رێكخراوانە لەكاتی كوشتنی ژنێكدا ئەنجامی دەدەن، جگە لە دەركردنی بەیاننامەو دەربڕینی ناڕەزایی هیچی دیكە نییە، یاخود دەبینین زۆرێك لەو ژنانەی هەوڵی بزوتنەوەیەكی ژنانەیان داوەو بە ئامانجی چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر چونەتە پێشەوە، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بووە بەوەرگرتنی چەند پۆستێكی حكومی ماڵئاواییان لە ئامانجەكەیان كردووەو بابەتە سەرەكییەكە لەبیر كراوە، بۆیە دەبێت رێكخراوەكانی ژنان ئەوە قبوڵ بكەن كە لە ئاستی پرسەكانی ژناندا كەمتەرخەم بوون‌و وەك پێویست كاریان بۆ ژن نەكردووە،چونكە ئەنجامەكەی ئەوەیە كە ئێستا دەبینین ئەقڵیەتە ژن كوژەكان كاریان پێدەكرێت‌و رۆژانە بەبەرچاوی یاساوە چەندین ژن دەكوژرێن‌.
لە كاتێكدا حكوومەت بڕیاری داوە بكوژی ژن لێبووردنی گشتی نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە رێگر لە بەردەوامی دیاردەی ژنكوشتن لە كوردستان، ئەگەرچی چەندان دامەزراوەی داكۆكی هەن، كەچی دۆخەكە ئەوەندە تەشەنەی كردووە.
چەندین بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و شەڵتەری داڵدەدان و ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و لیژنەی داكۆكی لە مافەكانی ژنان لە پەرلەمان و سەدان رێكخراوی تایبمەند هەیە، بەڵام ژن كوشتن بەردەوامە.
ئەمڕۆ سەرەڕای هەمو پێشكەوتنێكی جیهانی لە بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆیی
ژن کوشتن بوەتە باسێکی سەرەكی میدیاكان و توندوتیژی دژی ژنان پەتایەكی ماڵوێرانكەرە كە جیهان و بەتایبەت کوردستانی سەرقاڵی خۆی كردوە.
دوای كوژرانی هەر ژنێك چالاكانی سۆشیال میدیا پڕ دەكەن لە دروشمی بەرگری لە مافەكانی ژن
بەڵام دوای چەند رۆژێك بێدەنگی لێ دەکرێت و هیچ رێكخراوێك نایەنە سەر شەقام. 
پێویستە بڵێن كە توندوتیژی دژی ژنان توندوتیژیە دژی هەموو مرۆڤایەتی و بە تایبەتی نەوەكانی دواڕۆژ كە توندوتیژی لە ناخیاندا رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات و بەرهەم دێت. 
کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە کۆدەنگییەوە دژی ئەم دیاردە قێزەونە بوەستنەوەو نیشانی بدەن ئەم عەقڵییەتە دواکەوتوانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمڕۆدا ناگونجێت. 
تاکە رێگایەک کە لە بەردەستە بۆ ڕزگارکردنی ژنان 
لە کۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەکسانەکان کە بەربەستە لە بەردەم هەموو گۆڕانکاری و پێشچونەکانی ژنان.

 هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر پرسیاری گەورەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مافی ژنان دان و هێشتا ئەم پارچەیەی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ پرسی ژنان تەماشادەکرێت.
لێرەوە هۆشیاری دەدەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار کە دیاردەی کوشتنی ژنان بەرەو خاڵێکی مەترسیدار دەڕوات و بەهۆیەوە، گەر پلانێکی هەمەلایەنە بۆ رووبەروویونەوەی دانەنرێت، کوردستان دەکەوێت ژێر پرسیاری زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،داوا لەرێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان دەکەم لەئاستی کوشتنی ژنان و کچان بێدەنگ نەبن.