سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی

کەمال محەمەد 27/10/2020

 

قسەكانی ئەم دواییەی ئیمانوێل ماكرۆن سەبارەت بە ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام تەنها ئایدۆلۆژیایەكی پشت بەستوە بە گەشەی سەرمایەداری و كۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بێ دەنگی ئەو رێكخراو و حیزبە سیاسیانەیە كە بەئاڵای ئیسلام داپۆشراون ،چونكە ئەمانە ئۆپۆرتۆنیسمێكی سادەن و هەر لەسەرەتاوە ئایینیان بۆگەشتن بە دەسەڵات و بسزنەكەیان بەكارهێناوە و ئەوەی مەبەستیانە دوژمنی ڕزگاری ئایینە نەوەك سروشت و بنەمای ئیسلامێكی ڕاستەقینەیی !بۆیە كۆی ڕێكخراو ئیسلامە سیاسییەكان بەوانەی كوردستانیشەوە تەنها حەزەكانی ژیانێكی هاوچەرخیان لا گرنگەو ملكەچی بوون ،بۆیە ئەوەی كە ئەیڵێن ئیسلام رێگا چارەیە بۆ بەرێوەبردن و دەستوری وڵات تەنها قسەی ئەوانەیە كە دروشمێكی بەتاڵ دوپات ئەكەنەوە لە چوارچێوەی ئیسلامە سیاسییەكەدا !

ئەوەی گرنگە و مەبەستمە بیڵێم نەبونی هەڵوێست و وەڵامی حیزبە سیاسییە ئیسلامییەكانە بۆ ئەوانەی بانگەشەی دیموكراتی ئەكەن بەڵام دیموكرات نین و بەردەوام بیانوی ئیسلامی تیرۆریزم دەكەن بۆ پێكانی ئامانجە ناڕەواكانیان لە بەرگێكی دیموكراتیدا ،ئەوەی ئەم هێزانەی پێ پێناسە ئەكرێت لەراستیدا تەنها هەڵخزاندنی هەستی خەڵك و جەماوەرەكەیانە لەڕێگەی ئیسلامەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانیان ،ئەوەی نازانرێت ئەوەیە كە ئایا ئەم هێزانە بەهۆی شەرمە لەرادەبەدەرەكەیانە یان بەهۆی نەرمیانەوەیە یان بەرژەوەندییان كە بێ دەنگن و هیچ رەخنەیەكیان نییە لەو بۆچونانەی كە پێشتر ڕەتیان ئەكردەوە لە كاتی هەڵخزاندنەكەدا !

نەبونی هیچ ناسازگارییەكی ئەم ئیسلامە سیاسییە لەگەڵ سێستەمی سەرمایەداری بەمانا عەلمانییەتەكە مامەڵایەكی مەزنی دوفاقیانە چونكە ئەوەی كە ئەبینرێت بەجیهانبونی كەپیتاڵیزم و ئیسلامە سیاسییەكەیە كەچۆن تەواوكەری یەكترن،بۆیە ئەوەی كە یەكەم قوربانی ئیسلامی سیاسییە دواجار ئەو خەڵكەیە كەبەهۆی ترس لە ئیسلامەوە تێی كەوتون نەوەك خۆشەویستی راستییان بۆ ئیسلام و خودا ناسی !بۆیە پێویستە هەموان بپرسین زەرورەتی ئیسلامی سیاسی و حیزبە ئیسلامییەكان چییە كە نەتوانن مایەی رزگاری ئیسلامی راستەقینە بن و هەمیش نەتوانن مایەی رزگاری نیشتمانی و دیموكراسی بن و رەخنەو وەڵامیان هەبێت بۆ ئەوانەی بەناوی دیموكراسیەوە هێرش بۆسەر ئایینەكان ئەهێنن بە بێ جیاوازی .