وەرگێڕانی کتێبەکەی جۆن بۆڵتن بۆ؟

دارەوان حاجی حامید 21/07/2020


ئەم کتێبە بەهایەکی تایبەتی ئەبێت لە ڕووی وەرگێڕانەوە بۆ زمانی کوردی و بە تایبەتی بۆ خوێنەرانی کورد لەوانەی کە ناتوانن لە ڕێگەی زمانی یەکەمو کتێبەکەوە بە مەبەستەکانی بگەن . ئەم کتێبە لە ساتە وەختێکی مێژوویدا ئەکەوێتە بەردیدی خوێنەران و لە لایەن  گەورە سیاسەت مەداری مەزنترین دەوڵەتی دنیا واتە ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە نووسراوە کە تا ئەم ساتە مێژووییە یەکەمین هێزو بڕیار دەررو داڕێژەرو ڕێکخستنەوەوی جیۆپۆلیتیک و ڕووداوە سیاسیە کانی دنیایە و لە پشتی هەموو ڕووداوەکانەوەیەو هێزێکە تا چەند بۆ کەسانێک لوتکەی دیمکراسیەت و ئارامی و پارێزەرو مافی مرۆڤە بەڵام بۆ کەسانێکی دی و دەوڵەتانی دی هێشتا هێزێکی شەڕانگێزو دوژمنکار و بەرژەواندخوازە .
بۆیە ئەم کتێبە لە پشتی پەردەوە ڕاستی سیاسەت و ستراتیژی دەوڵەتانی ڕۆژئاوامان بە گشتی پێ نیشان ئەدات کە نەرژەوەندخوازی و خودپەرستی و بەرژوەندی باڵای ناسینالیستی لەسەرەوەی هەموو بەهاکانەوەیە . واتە لەم ساتە مێژووییەدا جارێکی دی ئەم کتێبە ئەو ڕاستییە مێژووییە دێنێتەوە بیر
 
بە تایبەتی بۆ یادەوەری هەموو تاکێکی کورد کە جارێکی دی بە سەراپای مێژووی خۆیدا بچێتەوەو بەو هەموو ڕووداوە تراژیدی و کوشندەوەو هەموو ئەو غەدرو خایانەتانە مێژووییەی کە لە کورد کراوەو سەیری دیمەنی خەمناکی ئەو هەموو داگیرکاری و وێرانکارییەی خاکی کوردان بکات کە خوێنی لێ دەچۆڕێت  هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا پەیمانی لۆزان و ڕێککەوتنامە کانی تاران و بەغداو جەزائیر  کە دەرەنجام لە یادەوەری کوردیدا گەلێکێ زوڵملێکراوی غەدرەکانی لە کەناری مێژوودا جێهێشتووە بە برینی کوشتارەکانی دەرسیم و هەڵەبجەو ئەنفالەوە ، ئیدی گەلی کورد خۆی لە ساتە مێژووییەکدا ئەبینێتەوە کە ئەو بەهایانەی لە جیهاندا نەگۆڕن و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە ڕێوە دەبەن وگەلانیان لە ناو ئەو سیستەمە سیاسیە نێو دەوڵەتیەدا ڕێكخستووە ، بریتیە لە بەهایەکی نەگۆڕی بەرژەوەندخوازی و باڵاکردنی بەرژەوەندیە تایبەتییە ئابوری و جیۆپۆلیتیکیەکان لەسەرووی بەها ئینسانییەکانەوە و لەم میانەشدا ئەوەی دەبێتە قوربانی گەلانی بێ دەسەڵات وبن دەست و بێ بەرگرین کە ناتوانن لە بەردەم ڕەشە بای ئەو هێرشە بێ بە زەییانەدا بەرگری لە خۆیان بکەن و هەمیشە ئەبنە قوەبانی ئەو سیاسەتانە .
 
لە پاڵ ئەم ڕاستییە مێژووییەشدا ڕاستییەکی دی مێژوویی لە یادەوەری مرۆڤی کوردا هەیە کە ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو ئەزموونە مێژووییانە سەلماندوویانە کە هێزێک لە دنیادا دۆستی کەس و لایەنكی دی نییە ، هیچ دەوڵەتێک خۆشنوودی و ئارامی و سەرەوەری خۆی ناکاتە واربانی ئەوانی دی و نایبەخشێت بەوانی دی ، ئەوەی دەتوانێت لەم دنیا دڵرەق ، بەرژەوەندکاری و یەکدی کوشتن م پێشێلکردنی ئەوانی تردا  سیستەمێکی بەرگری و مانەوە دروست بکات ئەوا لەسەروو هەموو شتێکەوە بەرگری کردنە لە خودو بەرەنگار بوونەوەی هێرشەکانە بە تەنها وەکو یەک شوناسی نەتەوەیی و یەک قەوارەی پێکەوە هەڕەشە لێکراوو یەک نیشتمانی پێکەوە داگیر کراوو تەماق تێکراو، واتە گەیشتنە بەو ڕاستییەی کە سەرباری هەموو جیاوازییە ناوخۆییە جوگرافی و ناوچەیی و خێڵەکی و فیکری و پێکهاتەییەکانی گەلی کوردستان سەرباری چەندین هێزی جیاوازو تائاستی دژ بە یەک بەڵام ئەمانە مەحکومن بەوەی کە پێکەوە هەموو لەبەرامبەر یەک هەڕەشەو یەک سیاسەتی نێو دەوڵەتی بەرژوەندخوازیدان و پێکەوە لە سەر یەک خاک بەرهێرشی هەڕەشەکان دەبنەوە ، بۆیە مێژوو چەندین بارەی دەکاتەوە کە بەشێکی سەرەکی هەموو شکستەکانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدابڕییە ناوخۆییەی کورد و بە جودایی ڕووبەرووبوونەوەی هێڕشەکان و زۆر جاریش بوون بە بەشێک لە یەکدی وێرانکردن لەو پیلانی هێرشەکاندا ، ئەمڕۆ مێژوو پێمان ئەڵێت لە جیاهنێکی بەرژەوەندخوازدا کە بەهاکان بوونەتە قوربانی بەرژوەندی تاکە سیستەمی بەرگریکردنی کورد لە خۆیی و تاکە چەکی مانەوەی لەو جیهانەداو ڕووبەرووبوونەوەی هێڕشەکان  چەکی یەک بوون پێکەوە کاری و پێکەوە وەستانە لەبەرامبەر ئەوانی دیدا چونکە ئێمە وەکو هەر میللەتێکی دی مەحکومین بە پێکەوە ژیان و پێکەوە مردن.
 
لێرەوە کتێبەکەی جۆن بۆلتن بەدەر لەو ڕاستیەی کە بوونی هەیە ، ئەمانخاتەوە بەردەم ڕاستییەکی مێژوویی بەڵگە نەویست کە چیدی نابێت بوونەوەری کورد چ وەک میلەت و چ وەک تاک چ وەک سیاسی چ وەک هاووڵاتی سادە تەنها خۆی بە قوربانی دوژمنە دەرەکیەکانی و ولاتانی داگیرکەر بزانێت.
چونکە کتێبی ژووری ڕووداوەکان بە باشی سیمای راستەقینەی دەوڵەتان ئاشکرا دەکات  کە ئەوان لە جەنگی  بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندان  بەبێ گوێ دانە قوربانیەکان و ئامادەشن  لە هەموو ساتێکی مێژووییدا پشت بکەنە کورد ، ئەوەی لێرەدا  دەبێت بۆ کورد ئاشکرا بێت ئەوەیە کە خودی خۆی دوژمنی سەرەکی خۆیەتی پێش ئەوانی دی وە خودی خۆی ڕزگارکەری خۆیەتی پێش ئەوانی دی ، بۆیە بە ئەمانتەوە بە وەگێڕانی ئەم کتێبە ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی ئەگرمە ئەستۆ تا کورد خۆی وەکو ئەکتەرێک لە ناو ئەو مێژووە جەنجاڵ و بێ ڕەحمەدا لە هاوکێشەی ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکنیان تێبگات.