تشریبەکەی (دوزخورماتوو) و تەماتەی تاوە قوپاوەکەی خەیاڵی من!

ماجد خەلیل 07/07/2020


جارێ تەماتەی سورۆکراو، لەتاوەیەکی نیمچەڕەش و فافۆنی یەکتۆز قوپاوی دەسکشەقدا، پیازێکی وردی بۆ بجنیت و ساتێ سەبرتبێ تا چاک ببرژێ.
پاشان تەماتەکە فرە بەوردی بجنەو چەند چڵێ کەرەوزو چوارپێنج دانە بیبەری تون و نەختێ خوێی زیاتری لێبوەشێنی. بەخوێدان نا، هەر بەدەست.
ئیدی وازی لێبێنی، لەبان ئاگرێکی هێواش، گەر ئاگردانەکە کلاسیکی و ئاگری داربێ باشیباشتر.
بهێڵە باش سوربێتەوە، نەکەی کەوچکی تێڕادەی هااا!
هەر بەدیارییەوە بمێنە، بۆئەوەی بێتاقەت نەبیت، دەتوانی یەک دوو جگەرەی بەسەر سەرەوە بۆ بکێشی.
هەرکە زانیت چواردەوری تاوەکە کەمێ سوتاوە، ئیدی دایگرە خوارێ.
نەکەیت بیکەیتە دەوری شوشەو پلاستیکەوە، هەرلەتاوەکەدا، گەرخوا بیدات نانی تازەی هەورامی هەبێ، برا دەینت بەگەردەنم لە پشتەمەغزە و نانی ژێر کەباب بە چێژتر نەبوو، باڵێکم ببڕە.

دیارە کەس نەیوتووە تەماتەی کوردی ناخۆشە، من هەر لەخۆمەوە گەرم بووم. بە پێچەوانەوە هەستمکرد سۆزو سەنایەکی تەواو بۆ تەماتە لە ئێوارەوە دەستیپێردووە.
مادام وایە، گەر هەمووشتێک سوچی سیاسەتی حکومەت بێ، ئەمەیان سوچی خۆمانە.
بۆخۆم، تا خەیاری شارەزورو هەورامان، تا تەماتەو شوتی و لۆبیاو بامیەی بناری لای خۆمان وەستابێ، ئەویش دەبێ بە شێوە کلاسیکییەکە بەرهەم هاتبێ، گەر قەزییە قەیران و ئاسایشی خۆراکیش نەبێ، تەماتەی بێگانەو بازرگانەکانی دەرودراوسێ ناخۆم، چون چێژ و خۆشی و سڵامەتی لە کوردییەکەدایە.
کەوایە، لەبەر جوتیاری کورد، لەبەر چێژو تام، لەبەر بۆنوبەرام و تەندروستیی. وەرن هەر ئەوەی کنخۆمان بەکاربێنین.
ئیتر تەواو، ئەوە گرەکوێرەکە ئیلەڵاو کرایەوە.

هندستان ئەنواع جۆری بیبەری هەیە.
بیبەر لەهەوا زیاتر بەکاردێنن. باوەڕتان بێ وەک گوڵەبەڕۆژە دەیکەنە گیرفانیان و دەیخۆن.
لە پەنجاکاندا وەزیری کشتوکاڵ بیبەری هاوردەکردبوو، ڕێکوپێک جوتیارەکان دایان بەمل وەزارەتداو تەنانەت دەڵێن هەندێ بیبەری تونیان رۆکردبوویە شوێنێکییەوەو لەسەر کورسییەکەی تابۆی کرابوو رایکردبوو.

مەکسیک و ئەمریکای لاتین سەرچاوەی دۆزینەوەی تەماتەن. ئەوەتا ئیسپانیا لە قەرەبووی ئەو شەقەی مەکسیکییەکان لە سەدەی نۆزدەدا لێیان دا، داخی دڵی خۆیان بە ڤیستیڤاڵی تەماتە دەڕێژن.
ئەمریکیەکانی باشوور، ئەوانبوون لە مێژووی نوێدا هێنایانە ئەوروپاو ئاسیاوە.
ئێستا ئاسیا پێشەنگی بەرهەمهێنانی تەماتەیە و چین و هندستان یەکەمن و تورکیاو ئەمریکاو ئێرانیش لەپێشەوەن.

ئینسان هەق بڵێ کەس وەک عەرەب چێژی لە تەماتە نەبینیوە. بە تەماتە سورۆکراوەکەی منیشەوە.
باوەڕتان بێ تشریبێکی پێدەکەن و پەنجەی تێدەخەن، لە نوکی پێیانەوە تا تەوقی سەریان دەبێ بە ئیشتیا.

وەختێ سەدام رووخا. ئەو سەرە سەری خۆم نەبوو. لەتەک (هێمن باقر)دا، سواری پاسێکی کۆنی گەراجی بەغدا بووین و بەڕێکەوتین بەرەو بەغدا.
دەمەو بەیان بوو، رەشەبای بەهێزی سلێمانی، سەگە خوێڕییەکانی ترمیناڵیشی دەقروسکانەوە.
بەو بەیانییە نازانم چی هەڵیپێچابووین. لەناو ماشینەکەدا، کەوتمە واسواسی و وێنای سەربڕین و سیناریۆی تەقینەوە تەواوی خەیاڵمی تەنی بوو.
هێمن کوڕێکی گەنج و خوێنەوار، شکڵی لەکوردی لای خۆمانی نەدەکرد، کابرایەکی سورو سپی و چاو سەوز بوو، من زیاتر ترسم لەو بوو، هەرکەس بیبینیایە دەیوت ئەمە ڕێک ئەمریکی یان ئەڵمانییە.
کێشەکە لە منا نەبوو، من هەم ناوەکەم و هەم شێوەو شکڵم ڕێک لە عەرەبێکی ناحیەی زوبێری دەکرد.
بەڵام خەیاڵی خراپ دەهات بە مێشکمداو دڵم ئاوی نەدەخواردەوە.
لە دڵی خۆمدا دەموت: دێن و دەڵێن ئەمە موتەرجمی ئەم کابرا ئەوروپییەیە.

بەهەرحاڵ چێشتەنگا، لە دوزخورماتو لاماندا.
لە چێشتخانەیەک چاوەڕێی سەرو سیخێ جگەرمان دەکرد. دەبینم دایکو کچێک ئاڵاونەتە لەگانێکی فافۆنی پڕ لە تریتی تشریب.
دەسوپەنجەیان تێناوەو پەیتا پەیتا پارو دەنێن.
کچی چی؟ ئیدی بۆمدەرکەوت کەوچک زیادەیەو کورد بەهەڵە لە هەموو کاسەیەکدا کەوچک بەکاردێنێ! بۆمدەرکەوت مرۆڤ دەبێ دەستی خۆی بەرێ بۆ دەمی و بەتەپڵ و زوڕنای ئەموئەو هەڵنەپەڕێ. بەڵێ کچی چی؟هەموو ئەسکەندەنافیا شتی وای تیا نەبوو.
هەر ئەوەنەم بۆکرا، جگەرەکەم گۆڕی بۆ تشریب.
بەڵام حەیای تشریبم برد، یەکەمجاربوو کەسێک نەزانێ تشریب بخوا، ئەویش من بووم. زۆر خراپ تێکەوتم و تەقلیدمکردەوە.

ئێستایش لەو باوەڕەدام، ئەوانەی تەقلیدی تەماتەی تورکی و ئێرانی و کوێوکوێ دەکەنەوە، بەوەزیرو کابینەو حزبەوە، وەک تشریب خواردنەکەی من، تێدەکەون.
ئێمە دەبێ هەر چاوەڕێی کسپەی جگەری جوتیارەکانمان بین و لەخەمی ئەواندا بین.
ئێمە دەبێ هەر ئاوڕمان لە خۆراکی خۆماڵی و بەرهەمی خاکوئاوی خۆمان بێ، ئێمەدەبێ لە گوێزو گەنم و گیاو میوەی خۆمانەوە خەباتی نەتەوەییمان درێژە پێبدەین.