کەڵبەی گورگە بۆرەکان و دوگی نەرمونیانی هەولێر!

ماجد خەلیل 17/06/2020


نەتەوە، تەنها نەژادێکی ناو مێژوو نییە، نەتەوە بە پرۆسەیەکی پڕ پێچوپەنای رۆژگاردا رێگەدەبڕێت.
 لە هەر قۆناغێکدا، قۆڵی لە قۆڵی ئابوری و فەرهەنگ و فیکرو فەلسفەیەکدا تێکەڵدەکات، لە هەر وێستگەیەکدا وانەیەک و لە هەر هەنگاوێکدا هێمایەکی هێزی نەتەوەگەراییەکەی پێوە دەلکێ.

ئێمەی کورد، بەپڕۆسەیەکی بەتین و بە ئەزمونێکی ئاوەدانی مێژوودا دەستمان گیرایە یەخەی دەوروبەر، چاپوکسوارەکانمان چراکەیان لەدەستدا بوو، بەنێو شەوەزەنگی عروبەو عەجەم و شوانکارەکانی تورکدا رێگەیان بڕی. بەڵام کەچی؟

مەغۆل، بەو هەموو تیرەو بەرەبابەوە، بەو هەموو بەڕبەڕییەت و برسییەتەوە، بەو هەموو زوقم و زبڵەی دڕکوداڵی سارا وشکەکانی سیبریاوە، لەمێژوویەکی لەچاو مێژووی ریشسپی ئێمەدا، دوێنێ نا پێرێ بوو، دەستیانگرت بەسەر ژیارە ژاکاوەکەی رۆژهەڵاتداو نەیانهێڵا نەویبێت. ئەوان ژیاری رۆژهەڵات قوتیدان، ئەوانی داهێنەری یاسا، ئەسپەکانیان لە ڕۆخی دیجلەو فوڕاتدا تێراوبوون و دەستی بەشمشێریان، بوویە دەستێکی داهێنەرو بەسەر سکی تێری ساراکاندا ئۆقرەی گرت.

ئێمەی کورد، وەک پارویەکی پەلەپڕۆزێ، پەڕاینە قوڕگی قۆناغەمێژووییەکەوە، وەک پارویەکی چەوری چارەڕەش، چۆڕاینە گەرووی شارستانییەتی رۆژهەڵاتەوە. 
هەتا ئێستایش نە دەتوانن قوتمانبدەن، نەیش دەتوانین بێینەدەرێ و بمانتفێننە نێو زەلکاوەکەی رۆژهەڵاتەوە. 

بەڵێ تاوەکو ئێستایش، کەمای کەلتوری کاوێژی ئەوانین. تاوەکو ئێستایش بنێشتەخۆشەی سەر زاری زەماوەندی دەوڵەتداریی و دیموکراسیی و دینداریی دەوروبەرین.

کەس نازانێ، سڕڕی سیحرەکە لەکوێدایە، کەس نازانێ، سوچی سیاسەتەکە لە میرات و میمۆری کامە دەستبڕی دنیادایە؟ 
ئەم سەبری بندەستییە، کەی سەرڕێژدەبێ؟ 
ئەم ئامێزەی کازمییەکان، کەی گەرممان دەکاتەوە؟
 ئەم لورەی گورگەبۆرانەی ئەنادۆڵ کەی کەڵبەیان لە دووگی نەرمونیانی هەولێر دەبێتەوە؟
 ئەم مەکرو مارەییەی رۆحانییەکان کەی بەتاڵ دەبێتەوە؟
 کەس نازانێ، کەس؟