١ی ئایار جەژن یان شیوەنی کرێکار؟

ئەحمەد محەمەد سەعید 16/06/2020


بەشی چوارەم و کۆتایی
یاسای ژمارە ( ٥٢ ) ی ڕێکخستنی سەندیکای کرێکاران ساڵی ( ١٩٨٧ ) ی ئێراق مادەی ( ٩ ) ئاماژە بەکاری سەندیکایی دەکات و دەڵێت  ( سەندیکا بریتیە لەڕێکخراوێکی کرێکاری ئازاد ، کەسیستەمی کۆمەڵایەتی دەوڵەت ڕێگای پێدەدات ، کەسایەتیەکی مەعنەوی هەیە هەرلەڕوی کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە ، کار بۆ جێبەجێگەیاندنی ئامانجەکانی دەکات ، سەرۆکی سەندیکا نوێنەرایەتی دەکات  ) .

لێرەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر سەرەتای پێناسەکە کە دەڵێت ( سەندیکا بریتیە لەڕێکخراوێکی کرێکاری ئازاد ) ئەوەندەی مەبەستم لەم نوسینە تاچەند سەندیکاکانی کرێکاران  کەشێکی ئازادیان بۆ کارو هەڵسوڕانیان ڕەخساندوە تاکو بتوانن بەشێوەیەکی تەندروست بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەن و،لایەنداری ، یان ئاڕستەی پارتە سیاسیەکان .
بێگومان دەتوانین بەدوو ئاڕاستەی پێجەوانە گوزارشت لەکارو کادری سەندیکایی بکەین .
ئاڕاستەی یەکەم ..
بەشێکی هەڵسوڕاوانی سەندیکاکانی کرێکاران بەتەواوی توانایان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی حزب یان تاکەکەسێکی حزب هەڵدەسوڕێت ، ئەم شێوازە لەکاری سەندیکایی نەک بەرژەوەندی پارتە سیاسیەکەی ناپارێزێت ، بەڵکو دەبێتە کەسە خۆسەپێنەرەکەو پارتە سیاسیەکەشی لەکەدار دەکات لەئەنجامی هەڵسوڕاوە نەشیاوەکانیەوە ، ئەم جۆرە کادرە بە ئاشکرا لەناو سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستاندا بوونیان هەیە و بوونەتە مایەی بێزاری چینی کرێکاران ، هەڵەکە ئەوەیە خۆیان بەنوێنەری حزب لەناو کرێکاراندا دەزانن .
ئاڕاستەی دووەم..
بەشەکەیتر خۆیان بەنوێنەری چینی کرێکاران دەزانن لەناو حزبە سیاسیەکاندا ، بڕوای تەواویان بە بەرگری و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کرێکاران هەیە لەچوارچێوەی یاسا بەرکارو کارپێکراوەکان ، خۆیان لەڕێکخستنی حزب بەدور دەگرن ، خۆیان بۆ ڕێکخستنی سەندیکایی تەرخان دەکەن ، لەئەنجامدا ئەم جۆرە هەڵسوڕاوانە دەبنە پێشڕەوانی کرێکاران و جێگای شانازی پارتەسیاسیەکەشیان .

جیاوازی سەندیکاکانی ڕۆژئاواو ئەوروپاو بەشێک لەوڵاتانی ئەفریقا ، بوونی ئازادی هەڵسوڕانی کاری سەندیکاییە ، هەرچەندە زۆرێک لەسەندیکاکان لەلایەن پارتەسیاسیەکانەوە پاڵپشت دەکرێن  بەڵام ئازادن هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێت ئاڕاستەی دروستی ئەوان لار بکەن ، چونکە مێژووی کاری سەندیکاییان پڕە لەقوربانیدان و بەدرێژایی زیاتر لەسەد ساڵ زۆر بەئازادی و بەبێ ڕێگری سیاسی درێژە بە خەباتی سەندیکایی دەدەن ، نمونە زۆرن لەوانە سەندیکاکانی گواستنەوەی شانشینی بەریتانیا کاتێک مان دەگرن  گواستنەوەی وڵات پەکدەخەن حکومەت ناچار بە دانوستان دەکەن ، ڕژانە سەر شەقامەکانی پاریس لەلایەن کرێکارانەوە حکومەت ناچار بەملکەچبوون دەکات لەئاست خواستەکانی کرێکاران و یاسای خانەنشینی لە بەرژەوەندی کرێکاران هەموار دەکرێتەوە ، سەندیکای کاری تونس حکومەت دادەنێت و دەشتوانێت لەکاریان بخات ، پیشەگەرەکانی سودان لەبەرانبەر گرانکردنی نان و سوتەمەنی حکومەتی دیکتاتۆریان لەکورسی هینایە خوارەوە ، سەندیکای چیڵزی ئیتاڵیاو سەندیکا مەسیحیەکانی ئەوروپا ئاڕاستە سیاسیەکان لەهەڵبژاردنەکاندا دەساودەس پێدەکەن لەبەرژەوەندی کرێکاران .
سەندیکاکانی ئێمە ....
١ - هەڵسوڕانمان لە چوارچێوەیەکی باوەو ناتوانین خۆمانی لێ دەرباز بکەین .
٢ - تروسکایی ئازادی کارو هەڵسوڕان زۆر بێهێزەو بۆ هەر کارێک دەبێت ڕەزامەندی حزب وەربگیرێت .
٣ - هەڵسوڕانی سەرکردەکانی کرێکاران هەڵەو کەمو کورتی تیادا بەدی دەکرێت و هەڵەکان ڕاست ناکرێنەوە .
٤ - کەمترین فشاریان لەسەر حکومەت و خاوەنکار بە سودی کرێکار دروستکردوە .
٥ - بەشێکی بەرچاوی سەرکردەکان پیشەییانە مامەڵە ناکەن بەڵکو حزبیانە هەڵدەسوڕێن .
٦ - کاتی هەمواری یاساکان کەمترین بەشداری و پڕۆژەیان ئامادەیە یاخود هەر نیە .
٧ - ئەوەندەی بەخەمی پەیداکردنی داهاتن ئەوەندە خەم لەڕێکخستن و وشیاری یاسایی کرێکار نین .
٨ - کادرەکان وەک فەرمانبەر دەوام دەکەن مامەڵەی پیشەیی خۆیان لەبیرکردوە کە لەڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی گەورەی سەندیکاکانی کرێکارانن ، لەکاتێکدا دەبێت کادری مەیدانی و زۆربەی جوڵەکانیان لەناو کرێکاراندا بێت ، ئاگاداری کێشەو گرفتەکانی کرێکاران نین .
لەکۆتایدا هۆشداری توند دەدەم بەپارت و لایەنە سیاسیەکان ، کارکردن لەسەر ئەم شێوازە باوو بەسەر چوە ئەوەندەیتر پاشەکشە بەکاری ڕێکخراوەیی و هەڵسوڕانی سەندیکایی دەدات زیانەکان ئەوەندە زۆرن کەبەقەد چڵە پوشێک سود بەکرێکاران ناگەیەنن ، داواکارم سەندیکاکانی کرێکاران ڕێکبخرێنەوەو ئازادی زیاتر کارو هەڵسوڕان بۆ کرێکاران فەراهەم بکرێت .


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان .