بە كەیس كردنی گەندەڵی

نسار شیخ مستەفا 15/06/2020

 
یەكێك لە هەڵە باوەكانی ئەمرۆی سەر گۆرەپانی سیاسی بێ‌ منەت كردنی كۆمەڵانی خەڵكە لەبەرامبەر دەنگدانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە بەڵێن  و قسەی بریقەدار و خۆ تواندنەوە تا ئاستی دەست ماچكردن هەر ئەوەندەی پرۆسەكە كۆتایی دێت بەدەرچوون و دەرنەچوون هەموو بەڵێنەكان كۆتاییان پێدێت، ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە پێوەرێكە بۆ هەڵسەنگاندنی دنیای حیزبایەتی و خوێندنەوەی ئەوانەی دەبنە نوێنەر ئەوانەش كە چانسی بردنەوەیان نابێت، چونكە هەڵبژاردنەكان زۆرترین وتارو كۆبوونەوەو بەركەوتنی لێدەكەوێتەوە جا بەهەر ئاراستەیەك بێت، گرنگ بردنەوەی گرەوی هەڵبژاردنەكانە، تەنانەت چاكسازی و باشتر كردنی ژیانی خەڵكی  و دروشمی جۆراو جۆر لە عانی هەڵبژاردنەكان دا تەوەرێكی سەرەكی و پڕترین كۆمێنت و وتاری لەسەر دەدرێت، لەیەكەم قۆناغی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵبژاردنەكانی دواتریشەوە تا ئێستا بەڵێنی چاكسازی و باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی و دۆخی ئابوری و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و دۆزینەوەی هەلی كارو بەموچە خۆركردنی ژنانی ماڵەوە و زیادكردنی داهاتی تاكەكەسی و دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان لە پێناو فەراهەمی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی بەدروشمی دیاری پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ماونەتەوە  1000 میل زیاتری نەبڕیوە لەگەڵ ئەوەشدا وەك فیلمێكی دۆبلاژكراوی لێهاتووە و لێدەدرێتەوە، ئەمە واقعی دنیای سیاسیەكانی ئێمەیە، تاڕادەیەك ئەمانە حاڵەتێكی خورسكن و بە ئاسایی لێی دەڕوانین و دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە و قبول ناكرێت دەست بردنە بۆ ماف و ئیمتیازات و سەروەرییەكانی خەڵكی بەوجۆرەی ئەمرۆ لە كۆمەڵگادا دەنگی داوەتەوە گەندەڵی  و بڕینی قوتی خەڵكی و بەردەست نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و دارمانی ئابوری و برسێتی و بڵابونەوەی هەژاری دەپرسین حكومەتی هەرێم لەماوەی ئەم چەند ساڵەی تەمەنی دا بەو هەموو داهاتەوە كە لە نەوت و سەرچاوەكانی تری بودجە و بەغدا و داهاتی ناوخۆوە دەستی دەكەوێت نەیتوانیوە پاشەكەوتی هەبێت و بۆ ڕۆژانێكی وەك ئەمرۆ بەكەڵكی بێت سەیرتر لەهەمووی بوونی كۆمپانیای وەهمی و سەرمایەداری بێ‌ بنەما یە، ئەوەندە باڵابوون لەهەرێمی كوردستان ئاراستەی بازاریشیان لەبەرژەوەندی خۆیان گۆریوە و دەیگۆرن، كۆمەڵگایەك بەو هەموو ماندوێتی یەوە هاتۆتە سەر شەقام و دەنگی نارەزای و هاواری نان و بێ‌ كاری و بێ‌ موچەی دەردەبڕێت، بەبێ‌ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم یەك جوڵە بكەن و ئاوڕیان لێبدەنەوە ئێوە كە تا ئێستا سەردارو سەرباسی ئەم مەملەكەتەن تاكەی بێ‌ دەنگی، خەڵكی چی تر بێ‌ دەنگی ناوێت یان بڕیاری چاكسازی و چاوخشانەوە بە داهاتەكان و شەفاف كردنی سەرجەمی ئەو داهاتانەی حكومەتی هەرێم لە ئاستی ناوخۆو لە سەرچاوەكانی تریەوە دەستی دەكەوێت بخرێتە ڕوو وە  ئەوانەی سەبەبی گەندەڵین بیاندەن بە دادگا و دادگاكان كاری خۆیان بكەن، گەندەڵی هەیە گەندەڵكاریش هەیە، ئەی خێرە نادرێن بە دادگا كێ‌ پشتگیریانە ئەو هێزەی پشتیوانی گەندەڵكاران دەكات پێویستە پێشی پێ بگیرێت و ستۆپی پێ‌ بكرێت چونكە هیچ هێزێك ناتوانێت لەمەوپاش  هاواری جەماوەر بوەستێنێت