دۆخی كوردستان و راگەیاندنی سەركەوتن لە نیوزلەندا

نەشوان ئەحمەد سەعید 15/06/2020

نەشوان ئەحمەد سەعید
بەر لەماوەیەك،  هەموومان شاگەشكە بوین بە راگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵی لە شاری سلێمانی، جەنابی پارێزگارو راگەیاندنەكان بەشێوەیەك لەم بابەتە دەدوان كە ئەوەی ئیتاڵیای دایكی تەندروستی جیهان و ئەمریكاو چین دوو زلهێزترین دەوڵەتی جیهان پێیان نەكرا، لە سلێمانی و لەلایەن كۆمیانیایەكی خۆماڵییەوە  ئەو  كارە  بە ئەنجام گەیەندرا.
بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت، نەمانزانی ئەم ڤاكسینە چی لێهات و لە كوێ بەكاردێت!

لە دهۆك، ئەوەی كۆرۆنا نەیكرد، بە ئاربی جی و بیكەیسی كەسێكی بێتاوان كرایە قوربانی فیشەكە شێتەو تەقەی خۆشی، كورد وتەنی؛ ئەو شەوە ئاسمانی دهۆك لەبەر سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا، وەك دەندوكی كەو سور دەچۆوە.

ئەم هەموو بێ خەمی و  گوێ نەدان بە تەندروستی گشتی، لە  ماوەیەكی كورتدا، هەرێمی كوردستانی گەڕاندەوە  خاڵی سفر.

ئێستا كە  دۆخەكە  خەریكە لە گرێژنە دەردەچێت، ئنجا بەرپرسانی ئیداری و حكومەت كەوتونەتە پارانەوەو كوروزانەوە بۆ دۆخەكە.

لە نیووزلەندا، چەند رۆژی پێشوو سەرۆك وەزیران، بە روو سوری هاتە سەر  شاشەو مژدەی سەركەوتنی راگەیاند، بەڵام وتی؛ رێگە نادەین كەس داخڵی وڵاتمان ببێت و سنورو ئاسمانمان بە داخراوی دەمێنێتەوە.

لەم هەرێمە پڕ لە خێرو بێرەی ئێمە، كە سەر زەوی و ژێر زەوی پڕە لە گەوهەر، ئێستاش چاومان لە دەستی وڵاتانی دراوسێیە، رۆژێك تەماتەو خەیارمان بۆ نەنێرن، بایی رۆژی دواییمان نییە بچێتە  بازارەوە.

كاتێك كۆرۆنا هات، سنور داخران و پاشان كردنەوەی بە مەرج، بارودۆخ كۆنترۆڵ بو، بەڵام لەگەڵ كردنەوەی سنورو تەنها لە پێناو پڕ كردنی گیرفانی بازرگانە چاو چنۆكەكان، دیسان كۆرۆناش داخڵ بۆوەو ئەمجارە وا خەریكە گرێی دەسمان دەخاتە  دەم.

تكایە، ئێستاش لە دەست دەرنەچوە، دیسان بۆ ماوەیەك بەرهەمە خۆماڵیەكان لە بازار ساغ بكەنەوەو سنور داخەن، با كۆرۆنا ئەنفالێكی تر روبەروی كورد نەكاتەوە، چونكە هەموان باش دەزانین خوا نەخواستە دۆخەكە لە دەست دەربچێت، ئاستی تەندروستیمان چۆن و چەنە.

تكایە، ببنە نیووزلەندا، با نەبینە ئیتاڵیایەكی تر.