تەزبیحفرۆشە دان ئاڵتونییەکەی بەردەم مزگەوتی گەورە!

ماجد خەلیل 14/06/2020



هەڵەو نەزانی دووانەیەکی پێویستن بۆ ژیان، رێک بە ئەندازەی نان و ئاو"
 ئەوە وتەی نوسەرو  هونەرمەندی گەورە ئاناتۆڵ فرانسە (١٨٤٤-١٩٢٤).

 ئەو راستدەکات، هەر هەڵەیە ئێمەی لەم ژیانە کوللە مەرگییەدا کڕکردووە، هاکا نەوەیەکی نوێ جوقایە جاڕی ژیانەوە، کە دیسانەوە وەک پەندە روسییەکە دەڵێ: نان بابیەتی و ئاو دایکییەتی. 

ئەوەتا هەر هەڵەیە هەژاریمانی ساچاندووەو سەیرێکی بورجە بەرزەکانی دەوارنشینەکانی خێڵی خەلیفەو هۆزی هاشم و قەبیلەی قابوس ناکەین. 
نەریتی نەزانیشە نەویوەتە بنباڵمان و بوینەتە بەڵاگەردانی بەردبارانکردنی چەندکەسێ کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن!

هەم هەڵەین و هەم نەزانین،  هەڵەین چونکە هێشتا هەین، بڕستی بەڕبەڕیەتمان تێدایەو عەرەبانەی ژیانە ژەهراوییەکەمان داوەتە بەر. 
نەزانین چون، لەقوربانییە مەزنەکانی رزگاریخوازیدا، ئەوان پشتە مەغزەی مێگەلەکان دەکڕێننەوەو ئێمەیش لە لافاوی خوێناوی خەباتەکەدا، دەستمان ها بە چڵەپوشێکەوەو لە دوری دوورەوەو بەدیار خوانی قوربانییەکەوە لە دەموو دانمانی رادەدەین.

لەلایەکیتریشەوە، هەڵەو نەزانی بۆ ژیانی سیاسییەکان پێپلیکانەی پاژنەی پڕ لە قڵیشو قەیرانیانە.
 چوون بە هەڵە هاتنە پێشەوەو بە نەزانی زمانیان پژا.
 ئەوان گەر نەزان نەبن، ئێستا دەبێ بارکەن بڕۆن، ئەوان گەر هەڵە نەکەن، ئێستە دەبێ لەبەردەم مزگەوتی گەورەدا تەزبیح بفرۆشن. 

نا ببوورن، منیش هەڵەمکرد!

ببورن، تەزبیح فرۆشی هونەرە، لەم رۆژانا، رێمکەوتە ریشسپییەکی رووخۆش، ئەوەی پێچاندبووی لەسەری، نەمشکی بوو نە جامانە، پەڕۆیەکی شلو سورکارو رەنگاوڕەنگبوو، وەک جاجم وەهابوو، جاجمیش نەبوو. پیاوێکی هێمن، هەشتا ساڵێ دەبوو، وەلێ قنج و قیت. هەردوو قۆڵی هەڵماڵی بوو، قاتێکی خۆڵەمێشی نیوداشتی لەبەرابوو، کڵاشە پەڕۆینەکانی کردبووە سەرپێی، زنجیری سەعاتەکەی بەرباخەڵی شۆڕببوویەوە، ئەوەی زیاتر سەرنجی منی راکێشا، دانە ئاڵتونییەکەی بوو.

 بیست و پێنج ساڵ دەبوو دانی ئاڵتونم نەدیبوو، دوواجار کە دانی ئاڵتونم بینی، دانی پیرەژنێکی دراوسێمان بوو، هاتبوو، گەڵامێوی دارمێوەکەی دەڕنی، بەئەستەم دەستی دەگەیشتە گەڵاکان، وەختێ خۆی هەڵدەبڕی، لەتاوا زاری دەکردەوەو دانە ئاڵتونییەکەی سەرنجی راکێشابووم. 
بۆیە دانی تەزبیح فرۆشەکەیش سەرنجی راکێشام.

 کابرایەکی تا حەزکەی دڵتەڕ و دەمپاراوبوو، وختێ خانمەکان بەوێدا تێدەپەڕین، تەزبیحەکانیم بارکردایە پێی نەدەزانیم. قیت رادەوەستاو لەجیاتی ئەوەی جوابی سوئالەکەی من بداتەوە، بەدەنگی بەرز کۆمەڵێ قسەی سەیری دەکرد و خشوهوڕی تەزبیحی بەردەدایە ئەو گوزەرە. بۆ نموونە من دەموت: ئەی ئەو تەزبیحە ئەبڵەقە بەچەندە؟ ئەو دەیوت: کورە ماڵی دنیا فیدای سەرت بێ.
 ئیدی کە خانمەکە رەد دەبوو، بێدەنگێ نرخەکەی بە من دەوت.
 تەزبیحەکانی لەسەر پارچە لەوحێکی ژەنگاوی بڵاوە پێکردبوو، تەزبیحی شینکی، لاسورە، قەلخۆر، دەستنەخش، سادە، هەموو جۆرێکی هەبوون. 
تەزبیحفرۆشیی بەردەم مزگەوتی گەورە، هێندەی لەبیرمبێ، پێش ڕاپەڕینیش هەر هەبوون، دەڵێن لە شەستەکانەوە ئەوە کسمیانە. 
جیالەوان لەبیرمە سودانی و میسری ئەوێی تەنیبوو. هەر بە زاڕۆیی سۆزێکی تایبەتم بۆ سودانییەکان هەبوو.
 ئەوان زیاتر پینەچی بوون و بزمار رێژیان دەکرد، زۆر نەگبەت و نەرمونیان بوون، بەهێمنی قۆندەرەیان تەعمیردەکردەوە، نەگبەتبوون چوون خەڵکی زیاتر پێڵاوی لاستیکیان لەپێدابوو. وەلێ میسرییەکان زۆڵ دیاربوون، سوراحی و پەرداخیان دەفرۆشت و دەیانگێڕایەوە گوایا قۆڵبڕو کلاوچین.

 لە هەمووی خۆشتر تەزبیحفرۆشەکەی لای من بوو، ئاگام لێبوو هاوڕێکانی پێیان دەوت ئاغا، وەختێ وایان پێدەوت لەبخەندێکی دەکردو دانە ئاڵتونییەکەی کە دانی بڕەری سەرەوەی بوو دەبریسکایەوە، کاتێ خانمێکیش رەد دەبوو، بەدەنگی بەرز دەیوت ئاغا بە میوانتبێ دەڵێی چی؟ یانی های  هاوڕێکە دەدوێنم، وەلێ نیازی دڵی شتێکیتری دەدرکاند، ئیتر پیالەیەکی عەنتیکەو عاشق و عیلمبازی وەهام نەدیبوو، رێک دەتوت هەرزەکارێکی شازدە ساڵە. 
کابرا بۆخۆی دەیوت ناوم ئەڵڵایارە. ئەڵڵایار خۆی بکوشتایە پەنجا کیلۆ نەدەبوو، وەلێ زۆر درێژ بوو، دەیوت: پێش ئەوەی تەزبیح بفرۆشم، قومارچی بووم، شەوێکیان تا دەمەو بەیان قیڕەی قومارچیان درێژەی کێشا، من هێشتا هەر تاسۆخی تەڕحێکیتری تری قومار بووم، هێندە دانیشتبووم لاقنەکانم سڕببوون. لەوکاتا هاوڕێکەم پیاما هەڵشاخا، تومەز دەستم بردووە بۆ دوواوەی هاوڕێکەم، وەختبووە بیخورێنم، ئەمەسوێندی بێ هێندە چووبوومە ناو گەمەکەوەو سڕببووم، دوواوەی خۆم و هاوڕێکەمم لێتێکچووبوو، وەمدەزانی ئەوەکەی خۆم دەخورێنم. 
بۆ بەیانی وەک سروشێک لە ئاسمانەوە بێ، تانوپۆمی هێنایە لەرزین، ناگەهان بڕیارمدا توخنی قومار نەکەوم، بەڵێ ئەوە سی ساڵە تەسبیح فرۆشم، تەسبیح دەرمانی دەردی قومارو جگەرەو ئەتوارە خراپەکانە! هەرچەند من جگەرەکەم لێدەرکرد.
بەهەرحاڵ، بۆیە وتم بمبورن، گوناهە ئەمانە ببنە تەزبیح فرۆش. 
ئاخر قوماری سیاسەتی سیاسییەکانی ئێمە، قومارێکی قێزەونە، ئەوانیش لەبری ئەوەی دوواوەی سڕو تەمبەڵی خۆیان بخورێنن، دەستیان ها لەدوواوەی میللەتا! ئەمانە تاوانە تەسبیحفرۆشبن، ئەمانە دەبێ سەبرکەین، سەبرکەین تا ئەو زاڕۆیەی بابی دایبییەکانی بۆ دزی بوو، گەورەبێ، گەورەبێ و ئەو پێمان بڵێ چییان لێبکەین!