کورد و خوێندنی کوردی لە کەرکوك

محەمەد ئەحمەد محەمەد 05/06/2020


زمانی کوردی زمانێکی پاراو و جوان و شیرینە، تەنها ئامرازێك نییە بۆ ئاخاوتن لە نێوان تاکەکان بەڵکو هێمای مانەوەی میللەتێکی بێ پەنا و بێ وڵاتە.

سەرەڕای ئەوەی کە کورد لە مێژوودا خاوەنی هیچ قەوارەیەکی هەمیشەیی نەبووە بەڵام توانیوێتی زمانەکەی بپارێزێت و تا رادەیەکی زۆر باش بە پاراوی بیهێڵێتەوە، لە کاتێکدا میللەتانی تری ناوچەکە نەیانتوانیوە زمانەکەیان لە ژێر کاریگەری باڵکێشانی ئایینی ئیسلام بەدەرووربگرن، ئەگەر نزیکیش بڕوانین دەبینین چۆن زمانی فارسی و تورکی بەرگی زمانی عەرەبییان پۆشیوە هەریەك بە شێوەیەك.

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی کوردیش بدەینەوە بە روونی دەبینین کە شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و زانا و تەنانەت شۆڕشگێڕانی شاخ جگە لە زمانی کوردی زمانێك یان چەند زمانێکی تریان زانیوە.

ئاشکرایە کە فێربوونی زمانیش دەرگا داخراوکان بۆ مرۆڤ دەکاتەوە و ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانتر دەکات، مرۆڤیش هەر لە ڕێی زمانەوە دەتوانێت سنوورەکان ببەزێنێت

ئەمە وای کردووە دەرفەتی زیاتر بڕەخسێت بۆ سەرکەوتنی ئەو کەسانەی کە جگە لە زمانی کوردی زمانێکی تر دەزانن.


کەرکوکیش بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەوە کۆمەڵێك زانا و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و نووسەر و وەرگێڕی پێگەیاندووە کە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییان بەباشی زانیوە و زۆربەشیان خوێندنیان بە زمانی عەرەبی تەواوکردووە، تەنانەت نووسەری ئەم وتارە خوێندنی هەموو قۆناغەکانی خوێندنگای بە عەرەبی خوێندووە.

لە ٢٠١٩/٩/٧ دا کەمپینێك لە ژێر ناونیشانی (بەڵێ بۆ خوێندنی کوردی) رێکخرا لە شاری کەرکوك وەك هەوڵێك بۆ بەگوڕخستنی خوێندنی کوردی، دیارە ڕاگەیاندنی کەمپینەکەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ تێپەڕبوونی خوێندنی کوردی بە حاڵەتێکی نا ئاساییدا.

یەکێك لە گرفتەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوك ئەوەیە کە خوێندنی کوردی نە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و نە سەر بە حکومەتی ناوەندە بە تەواوی، یاسا و دەوام و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە وەزارییەکانی لە بەغداوەیە، کەچی پرۆگرامی خوێندن و موچەی مامۆستاکانی سەر بە حکومەتی هەرێمە.

هەروەها تێکەڵکێشکردنی حیزب و خوێندنی کوردی و دانانی بەڕێوەبەر لەسەر بنەمای حیزبایەتی نەك تەنها خوێندنی کوردی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و کەلێنێکی لە جەستەی چاندبێت، بەڵکو یەکێکە لە هۆکارەکانی داڕمانی، بە هۆی لاوازی بەشێك لەو بەڕێوەبەرانەوە.

ئەگەر سەرنجێکی ژمارەی خوێندکارانی کورد بدەین لە خوێندنی کوردی لە ساڵانی رابردوودا و بەدیاریکراوی لە پاش رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەردا، ئەوا دەبینین کە ژمارەیان لە داكشاندایه و ڕێژەکەش لە کەمبوونەوەدایە.

ئێستا زۆربەی پۆلەکانی خوێندنگا کوردییەکان لەناو شاری کەرکوك و شارۆچکەکانی دەوروبەری خوێندکاری کەمی تێدایە و هەندێکیان نیمچە چۆڵن، تا گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی مامۆستایان و خوێندکاران لە هەندێ خوێندنگادا لەیەکەوە زۆر نزیکن.

ئەو گەڕەکانەی کە خوێندنی کوردی تێدا تا رادەیەك بە گەرم و گوڕی ماوەتەوە ئەو گەڕەکانەن کە توانای دارایی خانەوادەی خوێندکاران نزمە و بەشێك لەو خێزانانە ناچارن مناڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندنی کوردی لەبەر جەنجاڵی یان نەبوونی یان دووری خوێندنگا عەرەبییەکان، ئەو گەڕەکانەش بریتین لە پەنجا عەلی و کوردستان (فەیلەق) و دەروازە.

گرنگینەدانی خوێندنی کوردی بە زمانی عەرەبیش بووەتە هۆی لاوازی زمانی عەرەبی لای خوێندکارە کوردەکان، ئەمە لاوازییەش دەبێتە هۆکارێك بۆ دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ عەرەبەکانی کەرکوك، لەوانەیە کەسێك بپرسێت ئەی بۆچی ئەوان خۆیان فێری کوردی ناکەن؟! وەڵامەکەی ئاسانە! چەند کورد لە شاری هەولێر سەرقاڵن بە فێربوونی زمانی تورکمانی؟! وەڵام کەس یان ژمایەکی زۆر کەم چونکە هەموو کات کەمینە ناچارە خۆی فێری زمانی زۆرینە بکات کوردیش نزیکەی لە سەدا دوانزە بۆ پانزەی گەلێ عێراق پێکدێنێت.

لاوازی خوێندکاران کورد لە زمانی عەرەبیدا وای کردووە رێژەی هەرە زۆری خۆێندکارەکانمان تەنها لە زانکۆی کەرکوك بخوێنن چونکە لە زۆربەی بەشە زانستییەکان مامۆستای کورد هەیە و کۆرس بووك و پرۆگرامی خوێندنیش کراوەتە کوردی، ئەمە وایکردووە ژمارەی خوێندارانی کورد لە زانکۆکانی تری عێراق کەمبێتەوە، لە ئەنجامدا دەرفەتی وەرگرتنی ئەزموون و فراوانبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەمبووەتەوە.

بەشێکی یەکجار زۆر لە خوێندکارانی کوردی کەرکوك روو لە بەشی زمانی کوردی دەکەن لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی کەرکوك بە هۆی لاوازییان لە زمانی عەرەبی، بۆیە بەشی زمانی کوردی لە ساتی دامەزراندنییەوە یەکێك بووە لە بەشە جەنجاڵەکانی زانکۆی کەرکوك، هەموو ساڵێکیش بە پلەی یەکەم یان دووەم هاتووە لە رووی ژمارەی خوێندکارانەوە.

ئاخۆ کامیان زیانی زیاترە، خوێندکارێك بە کوردی قسە بکات و زمانێکی تر بزانێت یاخود خوێندکارێك بچێتە زانکۆ و لە نیوەی قسەکانی مامۆستاکەی تێنەگات؟!
ئەو خوێندکارە کوردەی عەرەبی بەباشی نازانێت بێگومان ناتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ نەتەوەکانی تر بکات بۆ بەدەیهێنانی نمرەی بەرز، کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دامەزراندن.

سەرەڕای هەموو ئەوانەی باسکران، نکۆڵێ لەوە ناکرێت کە فێربوونی زمانی دایك زۆر پێویستە بەڵام پێویستە ئەو خوێندکارە بە زمانێکی تر دەوڵەمەند بکرێت لە شارێکی فرەنەتەوەی وەکو کەرکوكدا.

بریا پەروەردەی کەرکوك دیدێکی قووڵتری دەبوو و خوێندنگا کوردییەکانیش گرنگی زیاتریان دابایە فێربوونی عەرەبی و خوێندکارە کوردەکان هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بەباشی فێردەبوون.

خوێندنی کوردی لە شاری کەركوك پێویستە رێکبخرێتەوە و دووبارە ئاراستە بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تایبەتمەندی کەرکوك بگونجێت و ئامانجەکانمان بەدیبهێنێت.

محەمەد ئەحمەد محەمەد/بەکالۆریۆس لەزمانی کوردی

 

وتاری زیاتر