جیاوازی نامەرکەزی و دوو ئیدارەیی

چێنەر شەرعی 28/05/2020


•پرسی نامەرکەزیەت پەیوەستە بە سیستمی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی ووڵات و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ یەکە بچووکەکان و پێدانی دەسەڵات بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکان و نەھێشتنی ڕۆتینیات.
پرسی مەرکەزیەت لای ھەندێك ئەوەندەی پرسێکی سیاسیە ئەوەندە پرسێکی ئیدارەدان و کارگێڕی و ئابووری نیە،بەڵام ھەردووکیانە پێکەوە!
ڕەنگە ئەمە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی جیھانی سێھەم زیاتر ڕەنگدانەوەی ھەبێت و بەڕوونی دیاربێت،چونکە قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن کەسێك یان چەند کەس و دەستە و تاقمێك نەریت و بۆتە دیاردە،ئەمە لە ڕابردوودا لە ڕەووتەکانی نێوان دەسەڵاتی ئایینە جیاوازەکانیشدا ھاتووە کە لە ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاست و قۆناغەکانی پێش شۆڕشی فەرەنسی و شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا و قۆناغەکانی ڕۆشنگەری و ڕێنیسانس زیاتر ڕەنگی دابۆوە کە دەسەڵات لای کەنیسە و پاپاکان بووە و باج و خەراجێکی زۆر و جیاوازی چینایەتیان دروست کردبوو بە شێوازێك ملکەچبوونی کەنیسە ھۆکارێك بوو بۆ فرۆشتنی بەھەشت بە چینێك لەبەرامبەر بڕە پارەیەك(سك الغفران) واتە بەدەست ھێنانی ئەو دنیا بە پارەی ئەم دنیا لە ڕێگەی تێرکردنی کەنیسە،بەھەمان شێوە لە دەسەڵاتەکانی حوکمی ئیسلامیش کە تاوەکو ئێستاشی پێوە بێت ئایینەکان بەپێی مەزھەبە جیاوازەکان لە بەرژەوەندی خۆیان ڕێسا و یاسا بۆ دەسەڵاتەکانیان دادەڕێژن.
•لە ئێستا پرسی مەرکەزیەت پرسێکی گەرم و گرنگ و کاریگەرە و پرسی ڕۆژە چونکە پەیوەستە بە باری دارایی و گوزەرانی ھاووڵاتیان کە بۆ سلێمانی باسی لێوە دەکرێ.
لەڕاستیدا ئەمە تەنھا بۆ سلێمانی نیە و دواجار پەل ئەکێشێ بۆ شارەکانی تریش دەتوانن سوودی لێ ببینن و لە دەستووریشدا ڕێگەی پێدراوە.
•مەرکەزیەت نە دوو ئیدارەییە و نە خیانەت و نە جیاکردنەوەی شارە کوردیەکانە لەیەکتر،بەڵکو یەکسانی و شەفافێت و دابەشکردن و ئاسانکردنی کاروبارەکانە و تەخوینکردنی یەکتر نیە کە بۆ بوودجەیەك ھەیە لە سلێمانی کار و چالاکی و پڕۆژە و خزمەتی پێ ناکرێ بەڵام لە ھەولێر و دھۆك خزمەتی کردووە و ئاوەدانە!!
•لەڕاستیدا ئەو فەرق و جیاوازیە حکومەت کردوویەتی ئەویش تایبەت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە دەسەڵاتی یەکەمە و جیاوازیەکەش لە ڕابردوودا بینیمان کە ئۆتۆمبێلی بۆ پۆلیسی زۆنی زەرد کڕی بەڵام پۆلیسی سلێمانی کە ھاوشانی زۆنەکەی تر لە ئەرك و فەرمان بوون و فەرامۆش کران!!!
ئەگەر ئاوڕێك لە ڕابردوودیی سەرەتاکانی شۆڕشەکانی کورد بە تایبەت لە (٥٠) ساڵی ڕابردوودا،شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە و لێدوانی دژ بەیەك و دژایەتی ھەبووە کە لەھەمووی ناخۆشتر شەڕی ساڵانی نەوەدەکانی ناوخۆ و براکوژی بوو کە لەئێستا ئەمە ئەستەمە و نابێت و قبووڵ نیە دووبارە بوونەوەی،ھەرچەندە تا ئێستا پاشماوەکانی بەم حوکمڕانیەوە ماوە کە لۆگۆی ئاسایش و پۆلیسجیاواز و یەکنەخستنەوەی ھێزێکی نیشتمانی ھاوبەش نەك ھێزی (٧٠) و (٨٠)ی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار و حوکمڕان بەڕوونی دیارە،ھەرکات چالاکی و دەستکەوتێك ئەبێ ھەرکەس خۆی بە پاڵەوان و خۆی بە خاوەنی ئەزانێت و گەر بە پێچەوانە ھەڵەیەکیش ڕووبدات یەکتر تۆمەتبار و بەرپرسیار ئەزانن و دژ بە یەکتر لێدوان و یەکتر تەخوین ئەکەن.
•لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین کە جارێکی تر شەڕی نەگریسی براکوژی بەرۆکمان ناگرێتەوە و دوو ئیدارەیی ڕوونادات،پرسی نامەرکەزیەتیش دوو ئیدارەیی نیە و کار ئاسانی و دابەشکردنی دەسەڵات و شۆڕکردنەوەیەتی بۆ یەکە بچووکەکان و ڕایی کردن و کەمی تێچوون و بەفیڕۆنەدانی کات و ماندوو نەبوونیانە و خزمەت کردن و ئاوەدانیە،ئەم چەسپاندنی مەرکەزیەتەش لە ڕێگەی حکومەتی ھەرێم و ڕێکارە یاسایی و دەستووریەکانەوە ئەبێت و لە ئێستاشدا لیژنە تایبەتمەندەکانی ئەو پرسە خوێندنەوەی دروست و ئامادەکاری پێویستیان کردووە لە ئەنجوومەنی پارێزگایی سلێمانی،بە ئومێدی ئەنجامی باش و ئایندەیەکی باش بۆ ھاووڵاتیان.
ھەر کارێك باش و دروست بوو بۆ ھەر شارێکی کوردستان بێ جیاوازی جێگایی ستایش و دەست خۆشییە و بە پەرۆشیەوە ھەمووان پێشوازی و پشتیوانیەکی زۆری لێ بکەین،نەك بە ھەڵە و لێکدانەوەی بیری تەسکی حزبایەتی و پەیامی ئاڕاستەکراو ئەم پرسە گرنگە بە لێکترازان و خیانەت و دوو ئیدارەیی نیشان بدەین!
•ڕۆڵی میدیاش دەورێکی خراپی لە دۆخە سیاسیەکان بینیووە و قۆناغەکانی قۆستۆتەوە کە ئەمیش دیسان حکومەت و خودی سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارە،چونکە ناکرێ کەناڵێك یان دەزگایەکی میدیایی ئەم پرسە و پرس گەلێکی چارەنووس ساز و گرنگ کە لە بەرژەوەندی گشتی بێت،خەڵكی پێ چەواشە و ئاڕاستە بکەیت.
ئەبوو سەرۆکی حکومەت فەرمان بە وەزیری ڕۆشنبیری بکات کە لێپێچینەوە و لێپرسینەوە و مامەڵەیی یاسایی لەگەڵ ئەو جۆرە میدیایانە بکات کە دۆخی ناوخۆ و پرسێکی چارەنووس ساز بشێوێنی و سزایی یاساییان بدەن،بەڵام وەك ئاشکرا و ڕوون دیارە کە دەزگا میدیاییەکان ھی کەس و دەستە و تاقم و لایەن و بەپێی بەرژەوەندی و ئامانج و ستراتیژی ئەوان پەیام ئاڕاستە دەکەن.