چۆن دەوڵەمەندبین!؟

ماجد خەلیل 17/05/2020

 

مەیدانی تەجریش، لەخاڵی کۆتایی خیابانی وەلی عەسری تارانەوە دەستپێدەکات. ئەو کوردانەی کن خۆمان، نیانە چوبێتە تاران و تێرتێر تەجریش نەگەڕابێ.
ئەوێ پێشتر شارۆچکەیەکی باکوری تاران بووەو لە ئێستادا شێوەی شەقامی ئۆرزدی سلێمانی و ئەسواق سیروانی هەولێر وەهایە.
شەقامێکە گەنجانە دەنوێنێ و بەمسەرو ئەوسەری محاجەرەکانی لێوار شەقامەکەدا، جاهێڵ و جەوانە گەشتیارەکان، دەڕواننە کیژە شیکپۆشە شارییە تارانییەکان.
ئەوانەی رووسەرییەک وەک کۆڵەبەس، بەئاسمانی تەوقی سەریانەوە، موعجیزە ئاسا بێکۆڵەکە راوەستاوە.
ئەوانەی بە مانتۆیەکی مۆدێلییەوە مەتەرێزی هەموو هەناسەیەکی ئینقیلابیان لەخۆیان چنیوە.
ئەوانەی بە زەمق و لەزگەکەی کەپویانەوە، کامەکامەیان بەو کرێکارە ئەڤغانی و عێراقیانە دەکرد، کە جومعەو خەمیسان، خلخل لەمەیدانەکەدا دەبوونە پاڵەوانبازی خەیاڵپڵاوێکی خراپ، خراپ وەک هەموو ئامۆژگاری و ئایاتێکی گەشەپێدانی مرۆیی ئەم سەردەمە.
پانزەساڵێ پێش ئێستا، منو مەلا عەبدوڵای شێخ ئەحمەدی ئەحماوا، بێئەوەی کوچەو کۆڵانێکی تاران بەڵەدبین( ئێستەیشی لەگەڵ بێ یەکشوێنی سلیمانی شارەزا نەبووین و ناوی شەقامەکان تێکەڵ دەکەین، بۆناوی خوا چەند شوێنێ شارەزاین، لەوانە دەستهاڕەکە، دارە سوتاوەکە، بەردەم مزگەوتی گەورەو سوکەڕاجەکە، پاسەکانی قالاواو و پیرمەنسور و ماسیفرۆشەکانی ئەسحابە سپی).
بەهەرحاڵ لە خیابانی وەلی عەسرەوە کشاین بەرەو تەجریش، بیستبومان ئارامگەی ئیمامێکی شیعەکان، بەناوی ئیمامزادە ساڵح لەوێیە، ئیمامزادە کوڕی موسای کازمە کە حەوتەمین ئیمامی نێو دوازدە ئیمامی شیعەکانە.
وەختێکم زانی پیرەمێرد و خانمەکان، پیرەمێردەکان زیاتر قاپوت و چاکەتی سایز گەورەوشۆڕیان لەبەردابوو، ریشیان ماشوبرنجی و مڕومۆچ دیاربوون. خانمەکانیش چارشێوی سپی و گوڵگوڵینیان بەخۆیاندا دادابوو، روخۆش و کەیفساز دیاربوون. مەلا عەبدوڵا زووزوو هەر لەخۆیەوە دەیوت: ئەمانە مێردەکانیان موعتادو تلیاکین و بەجێیان هێشتوون، منیش کەیفم بەم تێبینییەی مەلا دەهاتوو و بێ یەکودوو دەموت راستدەکەی.
مەرقەدەکە حەوشەیەکی دڵگیریی هەبوو، پڕبوو لە کۆترە شینکەی کێویلە، لەگومەزی مەزارگەکەوە دەفڕین و لە حەوشەکەدا دەنیشتنەوەو دانیان بۆ ڕۆکرابوو.
خانمەکان بە هروژم دەچوونەژورێ و دانەدانە دەهاتنە دەرێ.
ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا نامیلکە فرۆشێکی بەردەم مەرقەدەکە بوو. نامیلکە فرۆش، کابرایەکی کەللەڕووتاوی تەمەن وەستاو بوو، قەڵەوێکی قیرچیسمە دیاربوو، شانەیەکی تەختەی بەدەستەوە بوو، تاوناتاوێ قژە بژو شێوە هیلاییەکەی کە هەردوو بناگوێی دەگەیاند بەیەکتریی، شانەیەکی پێدا دەهێناو (سەڵو عەلا موحەمەد) سەڵاواتێکی دەدا. کاسپییەکەی کابرا، پارچە گونییەکی پیازو پەتاتەی پیوواوی راخراوبوو . گونییەکە چەند دەرزەنێ نامیلکەی لەسەر رۆکرابوو، لەبەرگی نامیلکەکان نوسرابوو:(چگونە ثروتمند شویم)، لەنامیلکەکەدا باسی چل رێگاکرابوو بۆ دەوڵەمەند بوون. ناونیشانێکی سەرنج راکێش بوو، بە تایبەت بۆ ئێمەی نەدی و بدی و دێهاتی، کە تەنها لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا زەنگینی و زەڕداریمان بەرگوێ کەوتبوو.
ئەو چیرۆکانەی باس لە کوڕە هەژارێ دەکەن چۆن لە کوێرە رێیەکدا رێهەڵەدەکات و کوپە لیرەیەک دەدۆزێتەوە.
بەڵێ نامیلکەفرۆش، پێڵاوەپەڕۆیەکی بەسەر پێوە بوو، رەنگی کراسەکەی، زۆر سەیر کاڵببوویەوە، لەگەڵ مەلا عەبدوڵا کاتژمێرێ مشتومڕی ئەوەمانبوو رەنگی هەوەڵینی کراسەکە چۆن بووە. باوەڕتان بێ موحەمەد بەڕادەعی کە کەشفی کورە ئەتۆمییەکانی ئێرانی پێسپێردرابوو، نەیدەتوانی کەشفی کاڵبوونەوەی کراسەکە بکات.
کەچی هاواری دەکرد، بۆخۆم نوسەری کتێبێکی گرنگم، من (سیروس فەیزنەژادم)، گەر دەتانەوێ دەوڵەمەند بن، وەرن رێگەی دەوڵەمەندبونتان پیشانبدەم.
زوو زوو نیگەهبانەکانی ئیمامزادەکە دەهاتن دووریان دەخستەوە. کابرا کلێتەیەکی لەسەردابوو، وەلێ دانی لەدەمدا نەبوو، بەو کڵۆ شەکرەی نێو زاری، کە جارجار لوشمەیەکی لە چاییەکەی دەستی دەدا و جۆرە فیکەیەکی سەیری دەکرد و ئێمەومانانی کە دەوروخلمان دابوو دەهێنایە پێکەنین.
ئاگام لێبوو داوای کڵۆشەکرێکی زیادەی لە چایچییەکەی تەنیشتی کرد، وەلێ پێینەداو خوڕاندی بەسەریدا.
وتم مەلا عەبدوڵا، ئەم سەگبابە، سەیریکە چۆن ئەو خەڵکەی کەرکردووە، بۆخۆی دەڵێی مەدالیای گەداییە، کەچی بە خەڵکی وانەی دەوڵەمەدبوون دەڵێتەوە.
ئەم بەزمە لە ئێستایشدا زۆر بڵاوە. ئەوەتا خەڵکانێ پەیدا بوون وانەی عەشق و سەرکەوتن و کوردستانێکی بەهێز و چی و چی دەڵێنەوە، کەچی بۆ خۆیان دۆڕاون.
هەیە دەنوسێ بیست رێگە بۆ گەیشتن بەخەونەکانت، کەچی بۆخۆی هەر خەونی نیە تا بێتەدی.
هەیە دەنوسێ چۆن دەبیتە یەکەم، سەدان کەسیش گوێی بۆ دەگرن، کەچی بۆخۆی لە کۆتایشدا نییە.
هەیە ڕێسای خێزانێکی بەختەوەر دەنوسێ، کەچی بۆخۆی دۆسیە خێزانییەکەی لە دادگایە.
هەیە بەرپرسێکی ئەم وڵاتەیەو لە پێشەکی نامیلکەکانیدا بە وتەیەکی جیهادییەی عەرەب ئەڤغان و عەبدوڵا عەزام دەستی پێکردووەو نوسیویەتی: منداڵەکانتان بە دەنگی دۆشکەو راجیمە رابێنن، با ئازابن.
کەچی دەڵێن: تەنها کاتێک لەشەواندا خێزانەکەی بەئاگا دێنێ، بۆ ئەوەی لەتەکیا بچێتە تەوالێت، چون لە تاریکی و شەولەبان دەترسێ. ئیتر هیچکات و بۆ هیچشتێ خەوی نەزڕاندووە!
بەڵێ کۆی هەموو ئەم دیاردە بەر عەکسانەیە، پێمان دەڵێت، چارەنوسی کوردستانێکی بەهێزیش، وەک چارەنوسی نامیلکە فرۆشەکەی بەردەم ئیمامزادەی تەجریش وەهایە!

 


چارەنوسی (کوردستانێکی بەهێز) و نامیلکە فرۆشەکەی بەردەم ئیمامزادەی تەجریش!
گوزەشتەی گەشتێکی تاران لەگەڵ مەلا (عەبدوڵای شێخ ئەحمەد)ی ئەحمەدئاوا