کۆرۆناو بێکاری و ڕێکخراوی کار

ئەحمەد محەمەد سەعید 18/04/2020



  ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ( International Labour Organization ) ساڵی ١٩١٩ دامەزراوە ، بنکەی سەرەکی لەجنێفی سویسرایە ، فاکتەری دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەرئەنجام و لێکەوتە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وجەنگی یەکەمی جیهان ، فەلسەفەی دامەزراندنی ڕێکخراوی کاری نێو دەوڵەتی ( I L O)  بەدیهێنانی ئاشتیەکی دادپەروەرانەیە کەتەواوی هاوڵاتیان و بەتایبەتی چینی کرێکار لێی بەهرەمەندبن ، دیارە دادپەروەری نایەتەدی تەنها بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی نەبێت .
دەوڵەتی ئێراق لەساڵی ( ١٩٢٥ ) وە پەیوەندی لەگەڵ دروستکردوە ، لەساڵی ( ١٩٣٢ ) بووەبەئەندام لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ، دەوڵەتی ئێراق تائێستا ( ٦٧ )  ڕێکەوتننامە نیودەوڵەتیەکانی ( I L O ) ی واژۆکردوە ، بەمەش یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆرترین ڕێکەوتنی واژۆکردبێت و پابەندی تەواوی بەیاسا نێودەوڵەتیەکان دەربڕیوە بەمەبەستی پاراستنی مافی کرێکارو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان ، پابەندبوون بەمادەو بڕگەیاساییە نێودەوڵەتیەکان بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەرانەیە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگاو بەئامانج گەیاندنی خواستەکانی کرێکارانە لەچوار چێوەی ڕێکەوتنامە نێو دەوڵەتیەکان .
کرۆنا گەورەترین زیانی ئابووری و لێکەوتەی داڕمانی دارایی جیهانی لێکەوتەوە ، لەنێویشیاندا ئێراق وڵاتی پشت بەستوو بەبەرهەمی نەوت و ووزە ، کرۆنا ئەم ڤایرۆسە بچوکە چارەنوسی دەوڵەتانی ئابوری زەبەلاحی  وەک ئامریکاو وڵاتی چین و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوای خستۆتە بەر ڕەوشێکی نادیار و مەترسیەکی حەتمیەوە ، کەدەربازبوون لەم پەتا مرۆیی و ئابووریە بووەتە کارێکی حەتمی .
کرۆنا سەرجەم جومگەکانی ژیانی پەکخستووە ، کەرتەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و زەمینی وەستاندوەو سەدان ملیار دۆلاری زەرەر پێگەیاندوون ، کارگە پیشەسازیە گەورەکانی لەکار خستووە ، ئابوری وڵاتانی بەرهەمهێنی بەجۆرێک راگرتووە هەرگیز چاوەڕوانی  جۆرێک لەو دۆخەسەختە نەبوون ، بەسەدان ملێۆن کرێکاری لەکارەکانیان وەستاند و لەچوارچێوەی ماڵ و بیکاریدا کەرەنتینەکرد .
مەترسی پەتای جیهانی کرۆنا ئەوەندە کاریگەربوو ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی  ( I L O )  ی هێنایە دەنگ .
ڕێکەوتی ( ٧ / ٤ ) لەبەیان نامەیەکدا ئاماری کرێکاری بێکاربووی ڤایرۆسی کرۆنای  ڕایگەیاند کە زیاتر لە ( ١٩٥ ) ملێۆن کرێکار بەژن و پیاوەوە لەجیهاندا بێکار کرد ، راشیگەیاند ئەگەر ئەم دۆخە نەخوازراوە بەم جۆرەی ئێستا درێژە بکێشێت و چارەسەرێکی تەندروستی خێرای بۆ نەدۆزرێتەوە لە کۆتایی مانگی چوار ڕێژەی بێکاری بەرز دەبێتەوە بۆ ( ٢٢٠ ) ملێۆن کرێکار کەئەمەش مەترسیدارترین کارەساتی مرۆی و گەورەترین کێشەی کۆمەڵایەتی و گەورەتریین بێکاری جیهانی و نەمانی ئاشتی و دادپەروەری لێدەکەوێتەوە .
ئەگەر حکومەتی ئێراق و هەرێمی کوردستان بەمجۆرە چاوەڕوانی قەدەر بکەن و بەبەرچاویانەوە کرێکار بێکار ببێت و گارگەو دامەزراوەکان دەرگاکانیان نەکرێنەوە کێشەکەڵەکەبووەکان زیاتردەبن ، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجاوەی دارایی زیاد نەکات ، ئەگەر چاکسازی لە بواری سەرچاوەی ووزەو کانزاو سەرجەم خاڵە سنوریەکانی نەکات ، ئەگەر گەندەڵی بەری پێنەگیرێت و چەند کەسێکی کەم لەم هەرێمە بچوکەی ئێمەدا بەهرەمەندبن لەخێرو بێری و زۆرینەی دانیشتوانەکەی بەتایبەت چینی کرێکارو توێژەکانیتری کۆمەڵگا بێبەشبکرێن  ، ئاشتی کۆمەڵایەتی بەم جۆرە حکومڕانیە نایەتە دی و لێکەوتەی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، کۆمەڵگا لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت ، زەرەر مەندترین چینیش کرێکار دەبێت ئەوانەی داهاتی ڕۆژانەیان تەنها کرێکاریە.


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان