سێ سەرۆكایەتی هەرێم و پێناسەیەكی ڕاست

کەمال محەمەد 18/04/2020



باشترین پێناسەیەك كە بۆ ئەم دەسەڵاتە بكرێت ئەوەیە كە پرسیارێك بەئەندازەی نزیكەی ٣٠ ساڵی حكومڕانی   بۆ تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە ئامادە بكرێت و بەشێوەیەكی ئازادانە بواریان بۆ بڕەخسێنرێت و ڕێگای دەربڕینی بیروڕاكانیان كراوە بێت تا بتوانن  گەوهەری ئەو بویەرە بەدەست بهێنن كە قەیرانەكانی دەسەڵاتی پێ هەڵسەنگێنن.لەهەرێمی كوردستان نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارامەو راستینەیی  بەرامبەر بەم دەسەڵاتە رەوشێكی سەروتری قەیرانەكانی دروست كردوە،رەوشێك كەكردەی حكومەت و حكومرانییەكەی لە بازنەیەكی بچوكداهێشتۆتەوە .

پارتی بەشێوەیەكی گشتی هەمیشە لەهەوڵی  كۆكردنەوەی چەقی دەسەڵاتەكاندا بوە بەتایبەتی لەنێو خێزانەكەی خۆیدا كەهەمو ئەمانەش ئاماژەیەكی مەترسیداری  ئەو حیزبەیە بۆ هێشتنەوەو تونكردنەوەی كۆی دەسەڵاتە سیاسی و ئابوری ونەوتییەكان  ،ئەمە كرۆكی ئەو دیمەنە لە سیاسەتەیە كە پارتی وەك هێزی یەكەم  پێڕەوی ئەكات ،

دروستبونی قەیرانەكان و حیكایەتە تراژیدییەكانی حكومڕانی ڕێككەوت نییە بەڵكو ئەو عەقڵ ومیتۆدە حیزبییە یە كە بیرۆكەی حكومەت و كردەی حكومڕانی تێكشاندوە ،بۆیە ئەگەر بمانەوێ پێناسەیەكی راست بۆ هەرسێ دامەزراوەكەی سەرۆكایەتی و دەزگاكانی حكومڕانی بكەین ئەبینین تەواو پێچەوانەی  بیرۆكەكەی مۆنتسیكۆیە كە دەڵێت لەدروستكردنی هەركۆمەڵگایەكی سیاسی و دامەزراوەكانیدا  ئەوەی ڕەنگ ڕێژی ئەكات ڕۆڵی سەركردەكانێتی  بۆئەوەی دوای پێكهێنانیان دامەزراوەكان بتوانن  ڕۆڵی سیاسەت و ئەركی سەركردەكانیش رەنگ ڕێژ و دیاری بكەن نەوەك سەركردەكان  بەڵام لە هەرێمی كوردستان  بەپێچەوانەوە  هەمان عەقڵێتی  حیزبی باڵی كێشاوە بەسەر دامەزراوەكاندا ،كەدواجار مەبەست لێی بەخێزانیكردنی دەسەڵاتی سیاسییە .

پەرلەمان وەك دەزگایەكی تەشریعی لەم ساتەدا هێندە لەخۆبژێنی ئەندامەكانییەوە نزیكە هێندە لەدەركردنی یاساكان و چاودێری سیاسەت و ئابوری چاودێری حكومەتەوە نزیك نییە و نەیتوانیوەببێتە سەنتەری هێزو ئیرادەی گەل و بەشێوەیەك دەستی لەخۆی بەرداوەكە نەیتوانیوە نوێنەرایەتی پرەنسیبە سیاسی و مۆڕاڵییەكان بكات و توانای خاوەندارێتی بۆ هیچ بەرنامەو پێشهاتێك نییە و زیاتر دۆڕاندنێكی سیاسی و تەشریعیان پەسەند كردوە ،

ئەوەی ئەبینرێت و بەدی ئەكرێت لە ساتەوەختی قەیرانەكان نەبونی پشتبەستن بوە بە هزرو زانستە سیاسییەكان تا لەڕێگەیەوە بتوانرێت  دامەزراوە یاساییەكان لەسەرو دەسەڵاتی كەسانی نێو حیزبەوە بێت ،بۆیە ئەوەی ئەبینرێت حكومڕانییەكە خاڵی لەهەر بەرنامەیەكی سیاسی و ئابوری  و ئیداری و پاراستنی سەرەوەری  بۆیە كاتێك سەرۆكایەتییەكانی هەرێم  ئەبنە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی حیزب لەبری یاسا  بێ گومان ڕۆڵی دەسەڵاتێكی هیچ گەرایی ئەكەن بە بەری دامەزراوەكاندا ،ئەم داگیركارییە حیزبییە لە سەرۆكایەتییەكاندا بۆتە هۆی دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ریفۆرمێكی جیهانبینی بۆیە ئەوەی كە بەدی ئەكرێت  هەڵگری ئەو دیدەیە كە دیدی موڵكدارییانە لە حیزەبەكانیان ،ئەمەشە وایكردوە كەنەتوانن یان نەیانویستوە جۆرێك لە سیستەمی سیاسی بنیاد بنێن كە دیموكراسی و پێكەوە ژیانی هەمو چین و توێژەكانی دەستەبەربكات .