کیشوەری قات و قەیران

ماجد خەلیل 12/04/2020



لەپەراوێزی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە (یەمەن) دا

دوواجار گرێکوێرەی میدیاکانی جیهان کرایەوەو یەکەمین حاڵەتی توشبوو لەیەمەندا تۆمارکرا. رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەچەند راپۆرتێکدا قڕاندی و باسی لە ئەگەری کارەساتاوی بڵاوبوونەوەی بەڵاکە کرد لە یەمەندا. 
لەوکاتەوەی ئەم کۆڤید نۆزدەیە پێی هاڵۆچاندۆتە هەموو کونوکەلەبەرێکی ژیانەوە، لەو کاتەوەی قەڵتاغەکانی کشاندووەتە بەڕەی هەموو کیشوەرێکەوە، چاویان لەسەر بەڕە شڕەکەی یەمەنە. ئاخر بەڕەکەی یەمەن، جگە لە ریزێ بالیف کە حوسییەکان بە پشتوێن و خەنجەرو گوپی پڕ لە گژوگیای قات، شانیان تێدا داداوە، دنیایەک مەراق و مەینەت و مردنیشی ها لەبان.
 هەر گەمەو گسکدانێکی قاتی و قڕی کە روودەدا، ڕەپوڕاست رۆدەکرێتە یەمەنەوە. ئەوان لەبەهاری عەرەبییەوە سەری کەچەڵیان تیمار نەکراو ئەنواعو ئەشکال ئیمانی سیاسیی سەیر سەیر تێیاندا هەڵتۆقی و پێچرا لەسەری کاسوکولی کەلتوریی قاتو قەیرانیان.

 یەمەنییەکان لە باشوری رۆژئاوای نیمچە دورگەی عەرەبیدا، بۆنەگبەتی فرەمەزهەبن. نیوە زیاتریان شافعی کن خۆمانن و دینەکەیان وەک ئێمە بەتوندوتۆڵی گرتووە.
نزیکەی سی لەسەدیش زەیدین و شاخەیەکی شیعەمەزهەبن. 
لێرەدا قوڕەکەیان خەستوخۆڵترەو لەنێوان بەرداشی سعودیەو ئێراندا هاڕراون. ئابورییەکی لاوازو کەنەفتیان هەیەو نەوت کە چل لەسەدی داهاتی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێ وەک ئێمە بووەتە ئافات بۆیان و زیاتر باندەکانی دەسەڵات بە تەنکەر و بۆرییە نەوتی قاچاغ لوشی دەکەن. 
ئەوان ماتڵی غایەلەی فرە غەریبی گیایەکی هۆشبەرن بەناوی قاتەوە. قات قەناعەت بە شاهوگەدایان دەکاو بۆخۆیان داساچاون و لە هەواڵ و هونەری ژیان و دونیا بەدوورن.

 کیشوەری قات، کیشوەری ئەندێشەی غەریبەو وەکو لای ئێمە داروبەردیان بەدیار سیحری دەریای سورەوە شیعر دەنوسن. ئەوان ئێستا میللەتێکی میراتگری ژیاری سەبەئو سەنعان و دەستیان لەبن هەمبانەی مێژووی نەفرەتییەوە دەرچووە. 
ئاخۆ کۆرۆنا چ سوپرایزێکی پێبێت بۆ یەمەن؟ ئەمڕۆ تەواوی میدیای جیهان پشویەکی دا، وەختێ بیستیان یەک حاڵەتی توشبوو لە یەمەندا تۆمار کراوە.
 ئاخۆ ئەمەریکایەک کە ماخۆلانییەتی بەدووای چارەسەری کۆرۆنادا، ئەی  یەمەنییەکان چۆن قۆڵی لێهەڵماڵن؟
 ئاخۆ رەوشی دەستکێش و کەمامەو کەلتوری دەستشۆرین لەو وڵاتە کەم ئاوەدا چ زەردەخەنەو قاقایەک بخاتە سەر لێوی سەرمایەداریی؟

تێبینی: بۆخۆم هەموو رۆژێ چاوم لەسەر چاوی یەمەن بوو، بزانم توشی تاعونەکە دەبن یان نا؟ مەبەستم بوو بزانم سیاسەتی خۆپارێزی چ ڕۆڵێک لە بەرەنگاریی ڤایرۆسەکەدا دەبینێ؟ چون یەمەن سەنگی مەحەکە بۆ ئەوانەی کە خۆیان ناپارێزن. بەهیوای ئەوەی ئەم کۆڤیدە نەبێتە هەژگێک و بئاڵێت لەکلکی رامیاریی ڕێویئاسای یەمەنییەکانەوەو بتوانن لە کونج و کونی ماڵی خۆیاندا بەدیار خەیاڵی سەرمەستانەی سەمەرەی قات و ئایندەی خۆیانەوە رۆژبکەنەوە


Chat conversation end
Type a message...