ڕێکخستنی کاری کرێکاری بیانی

ئەحمەد محەمەد سەعید 12/04/2020


  

ئەو وڵاتانەی لەڕوی ئابوریەوە لاواز دەبن و بەبهای دراوی ناوخۆیی لەبەرانبەر دراوی بیانی بەهاو نرخی لەدەس دەدات ، دەوڵەت توانای بەرزکردنەوەی بەهاکەی نابێت ، وڵات لەڕووی دارایی و ئابوریەوە بەخێرایی پاشەکشە دەکات ، کەرتە خزمەتگوزاری و سێکتەرەکانیتری دەوڵەت بەخێرایی لەگەشەکردن دەوەستن ، لەجیاتی بەرەو پێش بەرەو پاش دەگەڕێتەوە .
دەستی کار زیاد دەکات ، کارگەو کارخانەکان فرۆشی کاڵاو کەل و پەلەکانیان  لاواز دەبێت ، ناچاربەداخستنی کاتی یاخود هەمیشەیی دەبێت ، لەبەرانبەردا بژێوی هاوڵاتیان سەختتر دەبێت ، ژیانکردن دەبێتە کارێکی زەحمەت ، کرێی ڕۆژانەی کرێکار کەمدەبێتەوە بۆنیوە زیاتر ، بەهۆی دروستبوونی دۆخێکی ناجێگیری دارایی ، کەمی کار بڕست لەژیانی کرێکار دەسەنێت ، لەو دۆخە زەحمەتەدا دەستی کار لە ( کرێکار ، ئەندازیار ، پزیشک ، خاوەن پیشە جۆراوجۆرەکان  ) ناچار بەگەڕان بەدوای کاردا دەکات ، وڵات جێدەهێڵن بە ئومێدی دەسکەوتنی هەلی کار و ژیانێکی شایستە بۆخۆیان و خانەوادەکانیان ، بە ناچاری سنوری وڵاتان دەبڕن ، بۆگەیشتن بەژیانێکی باشتر بەداخەوە دەکەونە داوی قاچاخچیەکان و دەبنە خۆراکی دەریا.
هەر وڵاتێک دەستی کار ڕوی تێبکات  بەتایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو پیشەسازی و وڵاتانی خاوەن تەکنەلۆجیای نوێ ، سود لەدەستی کاری بیانی وەردەگرن ، دەتوانن کاڵاو پێویستی زیاتر بە خواستی بازاڕ دابین بکەن ، بەوجۆرە  ئابوری ئەو وڵاتە زیاتر گەشە دەکات و کاڵاو بەرهەمە زیادەکەش کەلەپێویستی بازاڕ زیاترە هەناردەی وڵاتان دەکرێت .
بەهۆی دەستی کاری کرێکاری بیانی و پێویستی خواست لەسەر کاڵا ، دەیان کارگەی پێشکەوتوو دادەمەزرێن .
ئەوەی پێویستە هەبوونی یاسای کارە کەدەبێتە زامنی پاراستنی مافی کرێکاری بیانی ، بەجۆرێک جیاوازی چینایەتی بەشێوەیەکی داد پەروەرانە کەمتر دەکاتەوە .
یاسای کاری عێراقی ژمارە ( ٣٧ ) ساڵی ( ٢٠١٥ ) بەحەوت مادە ڕێکخستنی کاری کرێکاری بیانی کردووە ، بەجۆرێک ڕێکخراوە لەمادەی ( ٣٠ ) ماوە بەهیچ خاوەن کارو داوو دەزگایەک نادات بەبێ مۆڵەتی کارکردن  کرێکار بخەنەسەرکار ، تێکڕای پێنج مادەکەیتر بەجۆرێک مافی کرێکاری بیانی پاراستووە کەخاوەنکار دەخاتە ئاستی بەرپرسیاری تەواو  بەرانبەر گیان و مردنی کرێکار ، بەجۆرێک کەخاوەنکار ناچار بەپاراستنی ژیانی کرێکار دەکات لەسەلامەتی کارەکانیان .
مادەی ( ٣٦ ) ی یاسای کار هۆشداری توند دەدات بەسەرپێچیکارانی یاساکەو ماف دەدات بەکرێکار  بەپێی یاسا مافی پارێزراو دەبێت ، لەکاتی سەرپێچی خاوەنکار بەبڕێک پارە سزای توند دەدریت ، بەم جۆرە و بەپێی یاسایەکی دادپەروەرانە مافی کرێکاری بیانی لەئێراق پارێزراوە.


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی 
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان