كۆرۆنا چی به سه‌رمایه‌دارو پیاوانی ئاینی وت؟
كۆرۆنا پێمان ده‌ڵێت: سیستمی سه‌رمایه‌داری چه‌نده به‌هێز بێت، چه‌ك‌و جبه‌خانه‌و مووشه‌كی ئه‌تۆمی هه‌بێت، ده‌سته‌وه‌ستانه له ئاست كۆمه‌ڵێك رووداو و پێشهاتی چاوه‌ڕواننه‌كراو.
تێمانده‌گه‌یه‌نێت كه به‌رپرسان، ئیتر هی هه‌رێم بن یاخوود وڵاتانی تری جیهان، چه‌نده به‌هێزو سته‌مكارو ده‌وڵه‌مه‌ندبن، چه‌نده لووتبه‌رز و له‌خۆبایی بن، به‌رانبه‌ر به ڤایرۆسێكی نادیاری وه‌كو كۆرۆنا یاخوود له‌هه‌مبه‌ر جۆره مه‌ترسییه‌كی هاوشێوه‌دا كه ره‌نگه له ئاینده‌دا ده‌ربكه‌ون چۆك داده‌ده‌ن‌و لاواز‌و زه‌لیلن‌و هیچ جیاوازییه‌كیان نییه له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاسایی، ئه‌و كه‌سه بێ نه‌وایانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتداران تا رۆژانێك به‌ر له‌ئێستا گاڵته‌یان پێ ده‌كردن‌و حیسابی مرۆڤیان بۆ نه‌ده‌كردن.
زه‌مه‌نی كۆرۆنا، به به‌رپرسان‌و سیاسییه چه‌نه‌بازه‌كان‌و ده‌وڵه‌مه‌نده چاوچنۆكه‌كانی وت: نه‌كه‌ن وابزانن هه‌میشه له ته‌نگانه‌و ئاسته‌نگه‌كاندا وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چن‌و هه‌ژاران‌و ره‌عیه‌ت به‌ته‌نها‌و بێ پشت‌و په‌نا جێده‌هێڵن، ئه‌وان گۆرگ بیانخوات‌و ئێوه‌ش له‌دووره‌وه پێیان پێبكه‌نن، نه‌خێر ئیتر ئه‌و خه‌یاڵه نه‌كه‌ن، ئه‌وه به‌سه‌رچوو، ده‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر ئێوه‌ی بێ كه‌ڵك به‌پاره‌و ده‌سه‌ڵاته فشۆڵه‌كانتانه‌وه بتوانن پزیشكی تایبه‌ت بۆ خۆتان‌و خێزانه‌كانتان دابین بكه‌ن‌و هه‌ژاران راده‌ستی قه‌ده‌ر بكه‌ن‌و به فڕۆكه تایبه‌ته‌كانتان له‌ساده‌ترین ناخۆشیدا بفڕن‌و بگه‌نه به‌هه‌شته ساخته‌كانی ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكا، ئه‌وا ئیتر له‌مه‌ودوا هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌تان بوون به‌بڵقی سه‌ر ئاو، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ژاران تووشی ده‌ردو ناخۆشی بن، ده‌توانن ئێوه‌ش تووش بكه‌ن، قه‌ڵا قایمه‌كانتان كه ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكایه، خۆیان هاواریان لێ هه‌ڵساوه‌و له‌تاوی كۆرۆنا داوای هاوكاری له وڵاتێكی هه‌ژاری وه‌ك ئوردن ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌بێت به‌خۆتاندا بچنه‌وه‌و ئیتر گرنگی به‌هه‌ژاران‌و چینه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بده‌ن.
هاوكات، ئه‌م زه‌مه‌نه ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو كه هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان چاوچنۆك نین، ئه‌وه‌تا ده‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندی مرۆڤدۆست‌و نیشتمانپه‌روه‌ر هاتوونه‌ته نێو گۆڕه‌پانه مه‌ترسیداره‌كه‌و رۆژانه كۆمه‌ك‌و یارمه‌تی پێشكه‌ش به هه‌ژاران ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی بواربده‌ن وێنه‌یان بگیرێت یان ناویان بهێنرێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی نیشانداین كه سه‌ركرده ئه‌و پۆپۆلیستانه نین كه له شێنه‌ییدا قسه‌ی زل‌و وتاری هه‌ستبزوێن ده‌ده‌ن‌و له ته‌نگانه‌دا سه‌ری خۆیان وه‌كو نه‌عامه ده‌خه‌نه نێو لم‌و خۆڵه‌وه‌و خۆیان له كونه تاریكه‌كاندا حه‌شارده‌ده‌ن، سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه ئه‌و پزیشك‌و كارمه‌نده پزیشكییانه‌ن كه پێشمه‌رگه ئاسا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سه‌ربازه دڕو نه‌بینراوه‌كانی كۆرۆنا ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌رپرسه كارگێڕییانه‌ن كه شه‌و و رۆژ له‌سه‌ر شه‌قام‌و ناو كۆڵانه‌كان‌و به‌رده‌وام له‌جموجۆڵدان‌و ژیانی خۆیان خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه له‌پێناو سه‌ڵامه‌تی خه‌ڵك، ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ك سیستم‌و یاسا ده‌پارێزن‌و له‌لایه‌كی تر نه‌خۆشخانه‌كان به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ولاشه‌وه خۆراك بۆ هه‌ژاران كۆده‌كه‌نه‌وه هاوكات به‌زمانی گووڵ خه‌ڵك تێده‌گه‌یه‌نن كه چۆن خۆیان بپارێزن‌و تكایان لێده‌كه‌ن كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك خۆیان رابگرن‌و له‌ماڵه‌وه بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاتنی جه‌ژنی كرێكاراندا ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌م په‌تایه‌دا لێبده‌ن. ئه‌م كۆرۆنایه ئه‌وه‌ی ده‌رخست كێ سه‌ركرده‌یه‌و كێی تر سه‌ركرده‌ی ساخته‌یه.
كۆرۆنا، رووی ده‌می ده‌كاته پیاوانی ئاینی‌و پێیان ده‌ڵێت: ئه‌وه‌م بۆتان سه‌لماند كه ده‌بێت ژماره‌ی نه‌خۆشخانه‌كان چه‌ند هێنده‌ی ژماره‌ی مزگه‌وت‌و په‌رستگاكان بێت، كۆمه‌ك‌و پیتاكه‌كانتان بۆ هۆڵه‌كانی چاودێری چڕی نه‌خۆشخانه‌كان هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی كۆمه‌كه‌كانتان بۆ درووستكردنی مزگه‌وت‌و كڵێساكان خێریان زۆرتره. كۆرۆنا پێی وتن: من رێز له ئاین‌و مه‌زهه‌به‌كانتان ناگرم، وه‌لێ رێز له به‌رگری له‌شتان‌و خۆپارێزیتان ده‌گرم، له دوعا‌و نزاكانتان ناترسم، به‌ڵكو له ڤاكسین‌و ده‌رمانه‌كانتان ده‌ترسم. زه‌مه‌نی كۆرۆنا كه ره‌نگه له‌داهاتوودا پێی بووترێت "ساڵی كۆرۆناكه"، پیاوانی ئاینی واقعبین‌و ژیری له پیاوانی ئاینی گه‌مژه‌و ده‌ق په‌رسته‌كان جوداكرده‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه ئاینداریی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه له‌پێناو مرۆڤدا بێت، به‌ڵكو خوودی ئاین ده‌بێت له خزمه‌ت مرۆڤایه‌تیدا بێت، نه‌ك مرۆڤ بخرێته ته‌هلوكه‌وه له‌پێناو ئایندا، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام " دروودی خوای له‌سه‌ربێت" په‌یڕه‌وی كردووه، چونكه ئه‌گه‌ر له‌دۆخێكی وه‌كو ئێستادا ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته یان چه‌ند مانگێكیش دابخرێت‌و نوێژی به‌كۆمه‌ڵ رابگیرێت باشتره له‌وه‌ی له‌كاتی ئه‌و نوێژانه‌دا هه‌زاران كه‌س تووشی په‌تا كوشنده‌كه بن‌و سه‌دانیان لێ بمرێت، بە داخستنی مزگەوتەکانیش بۆ ماوەیەک ئیسلام لەناوناچێت.
سه‌رده‌می كۆرۆنا، گوێمان راده‌كێشێت‌و پێمان ده‌ڵێت: ئه‌ی ئاقڵانه، ئیتر له هه‌موو شتێك بێزار مه‌بن، له‌كاتێكدا كه هه‌وڵی باشتركردنی ژیانتان ده‌ده‌ن قه‌ناعه‌تیشتان هه‌بێت به‌وه‌ی كه هه‌تانه، چیتر به‌رده‌وام بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن، ژیانتان خۆش بوێت، یه‌كترتان خۆش بوێت، چێژ له هه‌موو سات‌و رۆژه‌كانتان وه‌ربگرن، چونكه ئه‌وه‌تا ئێستا هه‌ر هه‌مووتان خۆزگه بۆ رۆژانی پێش ده‌ركه‌وتنی من ده‌خوازن، خواخواتانه رۆژگار بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاتانه‌ی رۆژانه له‌سه‌ر كاره‌كانتان بوون‌و ماندوو ده‌بوون.
له‌كۆتاییدا، كۆرۆنا پێمان راده‌گه‌یه‌نێت: من كاتێكی كه‌مم ماوه له‌ناوتاندا، كۆتا وه‌سیه‌تم ئه‌وه‌یه له‌كاته ناخۆش‌و ناله‌باره‌كاندا ئه‌وه‌نده كه‌م ته‌حه‌مول مه‌بن، ترسنۆك‌و لاواز مه‌بن، هه‌موو شتێك، كه‌سێك، خاڵی لاوازی هه‌یه، خاڵی لاوازی منیش تێكه‌ڵاونه‌بوونتانه، پاك‌و ته‌میزیتانه، ده‌توانن له‌ڕیی ئه‌و لاوازییانه‌مه‌وه زه‌فه‌رم پێ به‌رن‌و زووتر خۆتان له مه‌ترسییه‌كانم ده‌ربازبكه‌ن، به‌ڵام له‌كۆتاییدا بۆتان ده‌رده‌كه‌وی و ده‌زانن من جگه له‌و زیانه‌ی پێم گه‌یاندوون، چۆن هۆشیارم كردنه‌وه‌و زۆر به‌هاو نه‌ریتی خراپم تێتاندا گۆڕی، چۆن كه‌شوهه‌وام پاك كرده‌وه كه به‌هۆی پاشه‌ڕۆ پیسه‌كانتانه‌وه هه‌ساری زه‌وی له سه‌ره‌مه‌رگدابوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش من نه‌مهێشت هه‌مووتان له‌ناو بچن.