ھەرێم و کۆرۆنا

نەشوان ئەحمەد سەعید 01/04/2020



ڤایرۆسێکی نەگریس، کە ھیچ سنورێك ناناسێت، لە کوردستانیش بوە میوانێکی ناوەخت. نزیك بە  مانگێکە، ھەموانی بەبێ خواستی خۆمان لە کونجی ماڵەکانمان کەرەنتین کردوە.
لەم سەردەمی وەیشومەی ئەم ڤایرۆسە، ئەوەی  تاکی کورد پێوەی سەرقاڵە، تۆرە کۆمەڵایەتییەکانە. کەمن ئەوانەی کە خۆیان بە خوێندنەوەو نوسین و شتانێکی بەسودەوە سەرقاڵ دەکەن.
ئەوەی  ئێستا دەیبینی، لەم سەردەمە، یان  گەیاندنی کۆمەك  و ھاوکاری کاك  فڵانە، یان گەیاندنی ھاوکاری دەزگای خێرخوازی حزبەکانە.
کەمن ئەوانەی  بێ ئاگاری راگەیاندن و بەکارھێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ھاوکاری ھەژارو نەدارانی  ئەم نیشتمانە دەوڵەمەندە دەکەن کە سەر زەمین و ژێر زەمینەکەشی پڕیەتی لە خێر.
بەڵام خێری سەر زەمین و ژێر زەمینی نیشتمان، بەداخەوە بۆ گیرفانی  ھەندێك بەرپرس و بازرگانی ئەم وڵاتە دەچێت کە ئێستا جێیان نیە تا پارەی تێدا ھەڵبگرن.
چەند مایەی شەرمە، پیاوێك بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باس لە نەداری و نەھامەتی ماڵ و منداڵی بکات و بایی ھێندە پارەی نەبێت پارچەیەك حەب بۆ منداڵە  خاوەن پێداویستییەکەی بکڕێت.
چەند  پەشمە، ژنێك دەستی دوعا بۆ ئاسمان بڵند بکات و لە لای خوا سکڵای نەبونی و نەداری خۆی بکات.
چ شەرمەزارییەكە خودایە، لەم نیشتمان پڕ لە گەوھەرە، منداڵێك بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە  داوای تەنھا  دو سەدو پەنجا لەم پارەیە بکات و باوکی  بە شەرمەزارییەوە  لەربەدەم میدیاکان بڵێت نەمبوە بیدەمێ.
نازانم..  دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە کەی تێر دەبن لە قوتدانی سەروەت و سامانی ئەم گەلە.
کەی غیرەت  دەتانگرێت و لە پشتی کورسیەکانتان دێنە دەرێ و سەروەتی دزراوی ئەم گەلە دەدەنەوە دەستی خۆیان.

با بەس بێت بە شان و باڵ ھەڵدانی بەرپرسان و سەرمایەدارە ھەڵتۆقیوەکان، وەرن و مەرد بن، ئەوەی ھەتانە نیوەی ببەخشن تا روسوری  بەردەمی گەل بن.