بازاڕی ئۆنلاین لەسەردەمی كۆرۆنادا

هاوکار فایەق 19/03/2020

 
لەدوای ئەوەی پەتای كۆرۆنا بەتەواوەتی سەرتاسەری جیهانی گرتۆتەوە و كوردستانیش بەدەر نەبوو لەو بارودۆخەی كە ئێستا دەگوزەرێت ، خۆشبەختانە بەهاوكاری هاوڵاتیان و حكومەت باش لەگەڵی دەڕۆین.
دواتر بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان حوكومەتی هەرێم چەند ڕێنمایی و بڕیارێكی دەركرد و قەدەغەی هاتوچۆی لەهەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێم ڕاگەیاند بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە و پاراستنی زیاتری گیانی هاوڵاتیان.
منیش چاوێكم خشاند بەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانداو دواتر وتم سەردەم سەردەمی بازاڕكردنی ئۆنلاینە و گەر قەدەغەی هاتوچۆش بێـت هاوڵاتی دەتوانن لەماڵەكانی خۆیانەوە داوای ئەو پێداویستیانە بكەن كە ڕۆژانە پێویستیانە ، 
ئەوەندە جوان ڕێكلامیان بۆ كردبوو منیش ( ئەپ) ی چەند كۆمپانیا و ماركێتێكم لەموباییلەكەمدا دابەزاند و وتم ڕۆژێكەو ئەمڕۆ ئیتر پێویست ناكات بچمە دەرەوە كاتێك كە هاتوچۆ قەدەغەیە.
دواتر لیستێكی بچوكم ئامادەكرد و ژمارەی شوێنێكم لێدا و جارێك زەنگی لێدەدا و وەڵامی نەبوو دواتر زەنگم بۆ لێدایەوە زۆر سەرقاڵبوو ئەم پڕۆسەیەم زۆر دوبارەكردەوە دواتر كۆڵمدا.
دواتر ماركێتێكی ترم تاقیكردەوە دوای دوو جار زەنگلێدان وەڵامی دامەوە و منیش لیستەكەم بۆ خوێندەوە، بەڵام گومانم هەبوو لەوەی كە بەخێرایی وەڵامی دامەوە ، دوای كەمێك بێدەنگی هەردوكمان ، گوتی بەڕێزم دەبێـت ئەو كەل وپەلانەی دەیكڕیت لای ئێمە دەبێت لە 100 هەزار كەمتر نەبێت ئەوكات دەتوانین بۆت بگوازینەوە بۆ ماڵەوە،  منیش سوپاسم كرد و تەلەفۆنەكەم داخستەوە.
دواتر شوێنێكی ترم تاقیكردەوە ، ئەویش بەبیانوی ئەوەی سپارشیان زۆرە و  ئەمڕۆ ناتوانێت كەل و پەلەكان بۆ من بگوازێتەوە،  گوتیشی لەوانەیە تا 2 ڕۆژیتر نۆرەت بەرنەكەوێت، دواتر و دواتر شوێنی تر و بیانوی ترو بیانوی ترو شوێنی تر ، تا ئەم كارانەم ئەنجامدا نزیكەی نیو كاتژمێری خایاند .
ئیتر تەواو بێزار بوم و لەسەر دەستورە كۆنەكەی پێش كۆرۆنا، سەرەڕای بونی قەدەغەی هاتوچۆ بەڵام بەناچاری هاتمە دەرەوە و گەڕم خواردەوە بۆ دوكانە بچكۆلەكەی نزیك ماڵی خۆمان وئەو لەدورو من لەدور پێداویستییەكانم كڕی و هاتمەوە.
بەڕاستی سیستەمی بازاڕكرد نی ئۆنلاین و گەیاندن بۆ ماڵەكان وەك ئەوەی خۆیان دەیڵێن، نەدەتوانێـت بەم جۆرە خزمەت بەهاوڵاتیان بكات و نە بەم شێوەیەش دەڕوات بەڕێوە ، ڕاستە ئێستا لەجیهاندا ئەمانیش لۆدی زۆریان لەسەرە بەوەی كە خەڵكانێكی زۆر لەماڵەكانی خۆیانەوە داوای كەل و پەلەكانیان دەكەن ، بەڵام گەر بەراوردی ئەو هەمو ماركێت و كۆمپانیایانە بكەین بەخەڵكی كوردستان ، گەر بەسیستەم ڕێكبخرێن ئەوا زۆر بەئاسانتر و بەجوانتر لەم دۆخانەدا دەتوانن خزمەتی خەڵك بكەن و زۆرترین خەڵك سود لەم سیستەمە وەربگرن،