راگەیاندنکارانی کوردستان و شەقامی ناڕازی بەغدا!

سامان سنجاوی 31/12/2019


بۆئەوەی مرۆ، دوچاری هەڵەی لێکدانەوە نەبێت، بۆهەر بارو بابەتێک، پێویستە لە جەوهەری دۆخەکە قاڵبێتەوە، خۆی لەلاینداری بەدور بگرێت، هەمەلایەنە هەڵسەنگاندنی هەبێت. بابەتەکەشمان لەسەر ئیرۆی شەقامی نارازی بەغدایە، بۆ ئەوەی راگەیاندکارو رۆژنامەنوس نەکەوێتە هەڵە یان لایەنداری بەسەر روانینەکانی بداتەوە، باشتر وایە وەک خۆنیشاندەرێکی عیراق لە بارودۆخەکەی بیر بکاتەوە، ئەویش بۆ لەسەر شەقامە، بەڵام ئەگەر وەک کایەیەک لەدەرەوەو لەسەرەوە سەیری دۆخی عیراق و شەقامی نارازی بکات، بێگومان پرسیارەکانی ئەو راگەیاندکارانە دوچاری کرچ و کاڵی دەبێتەوە، راگەیاندکار بەم کاڵیە ئەو پرسیارانە بۆ رای گشتی دەخاتە روو، ئایا خۆنیشاندەران هەمان دەنگدەری کۆی حزبەکانی عیراق نین، کەوایە ئەی سێ مانگ خۆنیشاندان لەپای چی؟ یان هەر ئەم خۆنیشاندەرانەنین کە دوبارە لە هەڵبژاردنەکان دەنگ دەدەنەوە بەو حزبانەی کە ئێستا خۆیان لەبەرەی نارەزایی نیشانیانداون!
لەچەند رۆژی رابردودا، لەتەلەفزیۆن و راگەیاندنەکانی کوردستان ئەم جۆرە بیرکردنەوەی سەرەوەم دەبیست، سەیر بوو، ئەمە رای بەشێکی رۆژنامەنوس و راگەیاندکاری کوردستان بێت، لەسەر دۆخی پڕ کێشەی سیستەمی حکومڕانی لە عیراقدا.
ئەی باشتر نیە، ببپرسین خۆنیشاندان لە عیراق ماوەی سێ مانگ زیاترە بەردەوامە، ئایا ئەمە تەنها خۆنیشاندانە، یان گەیشتۆتە ئاستی راپەڕین؟ بەپێچەوانەی ئەو رایانەی سەرەوە، حزبە عیراقیەکان، بەردەوام لە هەوڵدان لەنیو خۆنیشاندەرانی عیراق، بەپێی ئەجنداکانیان، کە هەندێک جار ئەجندای دەرەوەی عیراقیشە بخزێنە ناو رای گشتی راپەڕیوان، بینیشمان کە لەماوەی کەمدا ئەو ئەجندا حزبیانە زوو زوو پوچەڵ دەبنەوە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نیە، کە حزبەکان بەتێکڕایان لەناو خۆنیشاندانەکاندا نێن.
بۆ زیاتر رونکردنەوە، لەسەر پێگەی تێکرای حزبەکان لە عیراقی عەرەبیدا، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دواهەمین هەڵبژاردن، ئەویش لە بەغدا تێكڕای بەشداربوانی هەڵبژاردنەکان %٣٨ بوو، واتا تەنها لە سەدا سی و هەشتی دانیشوانی بەغدا دەنگدەری کۆی حزبەکان بون لە بەغدا، بۆیە لە %٦٢ دانیشتوانی بەغدا لەدەرەوەی حزبەکانی عیراق لە رۆژی هەڵبژاردنەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا دانیشتبون! ئەی ئەمە بێئومێدی و بێهیوای خەڵک نیە؟ لەبەرانبەر ئەو حوکمڕانیەی کە لەدوای روخانی رژێمی بەعس، لەسەر دەسەڵاتن، گەلی عیراقی عەرەبی و شیعەکان  بە روخانی رژێمی سەدام خۆشحاڵ بون، کە سیستەمێکی نوێ بێتەکایەوە، ژیانێکی باشتر لەرابردوی بۆ مسۆگەر بێت. سەرئەنجام لەماوەی پانزە ساڵ لە حوکمڕانی لەسەر دەستی حزبە شیعیەکان، عیراق بەرەو کاولکاری و گەندەڵی بێڕادە بەردەوام بوو، ئابوری عیراق لەوێرانی رژێمی بەعس بۆ کەلاوەی بێسەروبەر رۆچوە، ئەو توانا داراییەی کە هەیە بە هێزی هەناردە نەوت راگیراوە، ئەگەرنا ئایا لەعیراقدا ژێرخانێک ماوە ببێتە کۆڵەگەی راگرتنی باری ئابوری؟ ئەی بۆنابێت بپرسین لەم دۆخە بەسەرباز کراوەی عیراق، پێش خۆنیشاندانەکان خەڵک چی پێدەکرا؟ جگەلەوەی لەهەڵبژاردەکان بەشداری نەکات، و لەدەرفەتێکدا ویژدانی خۆی بگەێێنێتە شەقام! ئەی بۆ نابێ بپرسین ئەو خەلکە کە برواو متمانەی بەو حزبانە نماوە، هەر ئەو %٦٨خەڵکانەنین کە ئێستا شەقامەکانی بەغدایان تەنیوە. ئەم دۆخی بەشداری نەکردنە لە هەڵبژاردنەکاندا لە تەواوی عیراق و کوردستانیش، لەرووی رێژەیی بەشداریکردن لەیەک نزیک بون! 
ئەمە سەرەڕای، کێشەکانی ناو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، نارەزای لەسەر لایەنداریان بۆ حزبەکان، کەبوە پارسەنگ بۆ حزبەکانی دەسەڵاتداری عیراق،و مانەوەیان لە حکومڕانیدا. کە یەکێک لەداواکارییە سەرەکیەکانی راپەڕیوانیش لە ئێستادا دانانی کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی بێلایەنە.
بۆیە زۆرینەی ئەو هاوڵاتیانە لە بەغداو شارەکانی عیراق لەسەرشەقامن، دەنگدارانی تێکڕای حزبەکانی عیراق نین، بەڵکو وێڵن بەدوای سیستەمێک کە گوزەران و ژیان و کەرامەتیان پارێزراو بێت، بۆیە یان حزبە عیراقیەکان بە ئیسلامی شیعەو سونە و بەنەتەوەپەرست و چەپ و دیموکرات.. بەرنامەکانیان بەپێی خواستی شەقام کە یەکەمین باشترکردنی ژیان و گوزەران و بەرەنگاری گەندەڵی..بگۆڕن، یان دەبێ چاوەڕێی بەدیلێکی نوێ بن کە لەخواستی جەماوەرە دابمەزرێت.