چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی و چارەنوسی کرێکاران

ئەحمەد محەمەد سەعید 15/12/2019


لەمێژە  کۆنگرە بووبووە باس و خواسی زۆرینەی ئەنندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، دەیان پڕۆژە و سیناریۆ ئامادەدەکرا بەمەبەستی نوێبونەوەو گەڕانەوەی حزب بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم مادەکانی پەیڕەو ، کە بە بۆچوونی کەسانی شارەزاو بەشێکی زۆری هەڤاڵان بەئاشکرا لادان لەپەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتی بەڕونی دەبینرا، هیچ پێوەرێکی دڵسۆزی و خزمەت لەبەرچاو نەدەگیرا جگە لەپێوەری مەحسوبیەت و مەنسوبیەت  .
خۆشبەختانە بڕیارە قورسەکە دراو قۆناغەکانی پێش کۆنگرەو ئامادەکاریەکان بەشێوەیەکی باش و بەکەمترین کێشە پرۆسەکە سەرکەوتوانە کۆتایی هات، 
ئەگەر بگەڕێینەوە پێش ڕاپەڕین ئەو دەمەی بازرگانی و شۆڕشی دوو ئاڕاستەی لەیەک جودابوون ، شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، پاڵپشتی ئەوشۆڕشە گەورەیە پێکهاتبوون لەکرێکارو جوتیارو پاڵەو ڕەنجدەران ، کرێکاران نەک هەر پاڵپشت بوون بەڵکو بەسەدانیان شەهید یان بوونە قوربانی شەڕی ڕەوای نەتەوەکەمان ، لەپێناو گەیشتن بەمافی چارەی خۆنوسین .
وێڕای ئومێدی سەرکەوتنمان بۆکۆنگرەو نوێبوونەوەو گێڕانەوەی یەکێتی بۆ هێڵە ڕاستەکەی ، لەگەڵ  نیگەرانیمان لەوەی تاکو ئێستا دڵنیا نین کە چۆن و بەچ شێوەیەک چینێکی گەورەو زیندوی وەک کرێکاران مافی بەشداربوون و شێوازی بەشداری چۆن و چەند دەبێت . سەندیکاکانی کرێکاران وەک هەموو ڕێکخراوە دیموکراتی و پیشەییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان ، دەبێت دەنگی زوڵاڵی خۆی لەچوارەمین کۆنگرەی یەکێتی ببیسترێت، ئاخر کێ دەتوانێت بڕیار لەچارەنوسی کرێکاران لەکۆنگرەدا بدات لەکاتێکدا  بڕوای پێی نەبێت ، کێ بەنوێنەرایەتی کریکاران لەکۆنگرەدا ئازارو زەحمەتیەکانی ژیانی کرێکاران بەگوێی ئەندامانی کۆنگرەدا بچڕێت .
کێ دەتوانێت ماف و بەرژەوەندیەکانی کرێکاران بکاتە دەسکەوت و لەپەیڕەوی یەکێتیدا بیچەسپێنێت . هیوادارین کە نوێنەرایەتی کریکاران لەکۆنگرەدا بەڕەواببینن ، بۆئەوەی ئێمەش خشتێکی ئەودیوارە بین کە ئەبێتە بنچینەیەکی بەهێزتری یەکێتی .
حزبەسۆسیال دیموکراتیەکان بەگرنگیەوە دەڕواننە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ، بەهیچ شێوەیەک ناتوانن فەرامۆشیان بکەن ، بگرە لەبڕیارە چارەنوسسازەکاندا حسابی تایبەتیان بۆ دەکرێت . بیرو ڕای ئێمەی کرێکاران ئەوەیە کە بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنگرە هەیبەت و ڕەوایەتی بۆ سەندیکاکانی کرێکاران بگێڕێتەوەو کەسانی شایستەو لێهاتوو خزمەتکار بەکرێکاران لەشوێنی شیاوی خۆیاندا دەسنیشانبکریت ، ئەو کادرانەی شیاوی سەندیکاکانی کرێکاران نین و بەهەڵە یاخود لەرێگای ناشەرعی و جۆراو جۆرەوە گەیشتون بە پلەی لێپرسراوێتی لەپلەکانیان ببەخشرێن و کادری شایستە جیگایان بگرێتەوە.


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان