سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی بێ تەوافق

سامان سنجاوی 01/12/2019


سازان (تەوافق) لەڕوی سیاسیەوە، دەرئەنجامە بۆ رێکەوتن لەسەر ئەجندایەکی دیاریکراو، کە لەنێوان چەند حزبێک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن لەبەرانبەر چەند حزبێکیتردا، یا پێکهێنانی کابینە، یا هەر بارودۆخێک کەوا پێویست بکات حزب و رێکخراوەکان سازان لەنێوانیاندا بگەیێنە ئەنجامی رێکەوتن.
بەڵام ئەم سازانە (تەوافق) لەناو یەک حزب لەسەروبەندی کۆنگرە یا دیاریکردنی نوێنەرەکان بۆ پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت، دەستنیشانکردنی کەسەکانە بە لیستێکی دیاریکراوی بێ هەڵبژاردن، ئەمەش خۆی لەباری دەستەگەری (تەکەتول) دەبینێتەوە. بەڵام سازان (تەوافق) بۆ پەێرەو و پرۆگرام، کارنامە.. بۆ حزب و رێکخراوەکان، پێویستە.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە پێنج ساڵ و نیو بەسەر بەستنی چوارەمین کۆنگرە تێپەڕێوە، یان بەو چەمکەی کە لەنێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ دەکاتە نۆ ساڵ بەسەر گوزەری حزبایەتی گوزەشتوە، لەو ماوەیەدا، بە هەزاران کادری نوێ پێگەیشتون، و ئامادەن سەرکردایەتی حزبەکەیان هاوشانی هەڤاڵانی سەرکردایەتی و ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتی بەڕێوە ببەن، بەهۆی دەستەگەری و سازانی سەرەوە، دەرگای سەرکەوتنیان لێدادەخرێت، دادەخرێت، چونکە یان دەبێت خۆیان بە لیستی سازان بسپێرن و تیایدا، بەهای کارامەیی توانا و لێهاتووی خۆیان لەدەست بدەن و بیر و عەقڵ و دەست و مەچەکی ئازادی لەناو حزبدا، بەدەستەگەری ببەستن، یانیش بەتەریکردنیان لەبەرانبەر تەکەتول، هەناسەی سارد لە دڵی گەرمدا بکێشن!
یەکێتی، لەرووی جەماوەری بۆ ئەوەی ببێتەوە بەو یەکێتییەی کە جەماوەرێکی بەرفراون لە خۆی کۆبکاتەوە. دەبێت، چوارەمین کۆنگرە نەک دوور بێت لەتەکەتول، بەڵکو وەک ڤایرۆسێک لە جەستەی خۆی بکاتەوە، ئازادی وەکیەکی بۆ هەڤاڵانی خۆکاندیدکراو، هەبێت. لەبارەکەیتردا گەر ئازادی وەکیەکی دابپڵۆسێندرێت، دەرفەت بۆ ئەندامانی کۆنگرە تەنها چەپڵەلێدانی بەستنی کۆنگرە بێت، کۆنگرە نەکرێ چاترە، چونکە چوارەمین کۆنگرە بۆ یەکێتی، وێستگەیەکی چارەنوسسازە، یەکێتی وەک خۆی ناهێلێتەوە، و دەیخاتە سەر دوڕیانێک، رێگایەک جێی ئومێدی گەلی کوردستان و جەماوەرەکەی بێ، رێگاکەیتر کە سەرئەنجامێکی خراپی لێچاوەنوار دەکرێت.
لێرەدا با ئەم پرسیارانە بکەین، ئایا سەرکردەکانی یەکێتی، پێشتر سازاون؟ بۆ ناسازێن؟! یەکێتیەکان بۆ دەبێت لە نەسازان بترسن؟ کە سازاون و نەسازاون، یەکێتی، ئەی ئەوە نیە کە ئێستا لەو بارودۆخەدایە؟ ئەی دوای چوارەمین کۆنگرەی هەر لەدۆخی سازو نەسازدا وەک ئێستای لێنایەتەوە؟! بەرژەوەندییە گشتیەکان لەروانگەی سەرکردەکانەوە، یان بەرژەوەندییە کەسییەکان لەناو سەرکردەکان، لەڕووی ئابوری و دارایی و دەسەڵات، و پەیوەندییە سیاسییەکان.. هەر وەک خۆیان لە دەستەگەری و تەوافق نامێنێتەوە؟! بۆ دەبێت یەکێتییەکان خەمی دەسەڵاتدارانی یەکێتییان بۆ مانەوە لە پێگەکانیاندا بێت؟ ئایا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و خوێنی ئاڵی شەهیدان بەخەم و گرنگترە، یان چەپاندنی ئازادی لە پێناو مانەوەی دەستڕۆیشتوانی یەکێتی لە تەوافقدا؟ ئەی کۆنگرە بۆ چی؟!