جەنگاوەری پاک

تەها سلێمان 31/10/2019



خەڵات یان مەدالیای جەنگاوەری پاک، ساڵانەو لەلایەن وەزارەتی بەرگری کەنەدا دەدرێتە جەنگاوەرێکی پاک؛ بۆ ئەمساڵ خەڵاتەکە لەسەر بانگێشتی فەرمی دەوڵەتی کەنەدا دەدرێتە یەکێک لەباشترین، ئازاترین و پاکترین جەنگاوەر، ئەویش (مەزڵوم کوبانێ)یە، و ئامانج لەدەست نیشانکردنی کوبانێ بۆ ئەم خەڵاتە، ئەوەیە وێڕای جەنگاوەربوونی لەپێناو مافێکی ڕەواو سروشتی خاک و نیشتمانە داگیرکراوەکەی، هاوکات سەرکردایەتی هێزێک دەکات پەیوەستن بە تێکڕای بنەماکانی مافی مرۆڤ و داکۆکی و پارێزگاری کردن لێی لەکات و ساتی بەڕێوەچوونی جەنگ، بەئێستاشەوە کەلەبەردەم جەنگ و داگیرکارییەکی سەختدان.
ئەم ڕاستیە میدیاکانى که‌نه‌دا ئاشکرایان کردوە که‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى وڵاته‌که‌یان باگهێشتنامه‌یه‌کى فه‌رمى ئاراسته‌ى جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم کوبانێ کردوە به‌مه‌به‌ستى پێدانى خه‌ڵاتى (جه‌نگاوه‌رێکى پاک).
ئەم خەڵاتە چەندین ڕەهەندی گرنگی هەیە، کەدەکرێ بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن؛ یەکەم: دەوڵەت و سەرزەمینی کەنەدا، بەیەکێک لەئارامترین بەشەکانی دنیا دادەنرێ و جگە لەبەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، هیچ کاتێک خوازیاری جەنگ نیەو بوونی خەڵاتی (جەنگاوەری پاک)، هێندەی بۆ پەیوەستبوونە بەپرنسیپەکانی مافی مرۆڤ لەجەنگا، بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی هاندانی جەنگەوە. دووەم: کورد چ لەڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵات یاخود لەباکورو باشووری نیشتمانە داگیرکراوەکەی، جگە لەوەی بەردەوام جەنگی کاولکاری و داگیرکاری نیشتمانەکەی بەسەردا سەپێنراوە، هاوکات لەلایەن پەلاماردەرەکانەوە بۆ سەری، تاوانی جەنگ و دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و تا جینۆسایدیشی لەدژ ئەنجام دراوە، ئەگەرچی دەرەنگیش بێ دەست نیشانکردنی (کوبانێ) بۆ خەڵاتی (جەنگاوەری پاک)ی کەنەدا، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە کەنەدا نەخوازیارەو نەش تاوانەکانی دژ بەگەلی کورستان تەبەنی دەکات و دژی دەوەستێتەوە. سێیەم: لەکاتێکا ئەم خەڵاتە دەدرێتە کوبانێ، ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرگرییەکی نیشتمانی و شەرافەتمەندانەیە، پێش ئەم دۆخە سەختەشی، لەسەر دستی کوبانێ و جەنگاوەرو شەڕڤانەکانی، کۆتایی بە گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی هێنرا، ئەویش (دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی داعش) بوو. چوارەم: خەڵاتی جەنگاوەری پاک بۆ کوبانی، سەرەتای سوڕێکی گەورەو سەختی مکوڕبوونی ڕۆژئاوایە لە بەرگری لەخاک و نیشتمانەکەی و هەروەک بەرپەرچدانەوەی گەورەترین پەلاماری فاشیزمی تورکیایە بۆ سەری و وەکوتریش پابەندی ئاکاری تەواوی ڕۆژئاوایە بەڕێزگرتن لەبنەماکانی مافی مرۆڤ لەکاتی وڵامدانەوەی هێرش و پەلاماری داگیرکاری بۆ سەر وڵات.
ئەم خەڵاتەو بەخشینی بە کوبانێ، نامەیەکی ڕوونیشە بۆ تەواوی دنیا، کەبەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێ: ئەرکی ئەخلاقی هەمووتانە هێرش و پەلامارە داگیرکارییەکانی تورکیای فاشی ڕابگرن و لەوەزیاتر خۆتان لەئاست ئەم بەرپرسیارێتیە بێدەنگ و کەڕمەکەن