خۆپیشاندانەكانی عێراق لە نێوان ئاییندەیەكی كۆمیۆناڵ و زەمینلەرزەی سیاسیدا

کەمال محەمەد 28/10/2019



ئەگەر ورد ببینەوەلە كتێبی ”ئارینت لینهارت ”كە باس لە دیموكراتی و سەركردەی سیاسی و پرسە سیاسییە گرنگەكان ئەكات ناتوانێرێت لە عێراقی ئەمڕۆدا ئەو باسە بە واقیعی بیبینرێت ،بەڵكو ئەوەی كە هەیەو ئەبینرێت پیادەی هەژمونێكی مۆنۆپۆلیانەیە لە نێوان هێزە ئۆڵیگاریشییەكاندا نەوەك پاراستنی هاوسەنگی نێوان هێز و پێكهاتەكان لە سیستەمی سیاسی و حكومڕانیدا كە دواجار سەرچاوەی كێشەكان لێرەوە سەرهەڵ ئەدات و بەردەوامی هەیە بۆیە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەحریر و پارێزگاكانی خواروی عێراق زادەی ئەم جۆرە لە حكومڕانییەی سیاسییەكانن كە كاریگەری لەسەر كۆی سیاسەت وهاوڵاتیان و  بەتایبەت گەنجان لە بەشدارییان و سود وەگرتنیان لەسێكتەرەكانی ژیان كردوەو كۆت و بەندیانی كردوە ،عێراقی دوێنێ و ئەمڕۆ هەمیشە كێبڕكێی تێدا بینراوە لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و داهاتەكانی هەمو ئەمانەش لە ئەنجامدا هۆكار بوە بۆ شكستهێنان لەبەرێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا  ،

عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوەو ئایینە وكێشەو ململانێكانی  بەرەدەوامی هەبوە ئەگەر لە سیاسەتی عێراق بگەین و بگەڕێینەوە مێژوو،ئەمەش وایكردوە هەرگیز ئیرادەیەكی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مەعریفەی  بۆسەرلەنوێ  بنیاتنانەوەی  دەسەڵاتەكانی  جێبەجێكردن و دادوەری و یاسادانانی نەبێت و هەمیشە بەدەست فرە نەتەوەییەكەی و نەوت و توندوتیژی و جەنگەكانییەوە  ناڵاندویەتی،بۆیە سیاسەتمەدارەكانیشی هیچ لەململانێكانی نێوانیان نەكردوە بۆ گۆڕانكاری و  بونیادی عێراقێكی خاوەن سیستەمێكی دیموكراتی و فرەیی و هاوڵاتیبون  بەڵكو بە پێچەوانەوە  هەوڵەكانیان  بۆ پاكتاوی سیاسی و حكومڕانی ئەوی دی بوە ،

لە لایەكی دیكەوە بەفیڕۆدانی ملیارەها دۆلارلە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقدا و بڵاو بونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێری هۆكاری تێكشانی پێكهاتەو پەیكەری دەوڵەتی عێراق بوە  لە ئێستادا ،كۆی ئەم سیستەم و سیاسەتەش بەتەنها كاری نەكردۆتە سەر داهات و سامانی وڵات  بەڵكو ڕژاوەتە ناو تاكەكان و ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەوە ،بۆیە بەم شێوەیە عێراق  بەرەو كۆمەڵایەكی تراژیدی دروستكراو بۆ گەلەكەی هەنگاوی ناوە هەتا ئەمڕۆكەش بەردەوامی هەیە  ،

ئەوەی كە بۆتە هۆی ڕەشبینی زیاتری هاوڵاتیان سیاسەتی پشك پشكێنەیە كە باڵی كێشاوە بەسەر زۆربەی لایەنەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری و نیشتمانیدا  لەلایەن سەركردەو حیزبە سیاسییەكاندا كە هۆكاری چارەسەری نەكردنی تەنگەژە سیاسی و ئیداری و ئابورییەكانی عێراقی بەدواداهاتوە ،بۆیە گەلی عێراق  بە بێ گوێدانە مەزهەبییەكانی سەركردەكانیان ڕژاونەتە سەرشەقامەكان و لە ماوەی چەندین ڕۆژدا  ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە جۆری حوكم و شێوازی حكومەتكردن خستۆتە بەرچاوان و خوێنێكی زۆریان لەو پێناوەدا بەخشیوە و  ئامادەی بەخشینی دیكەشن لە پێناو ئاییندەی كۆمەڵگایەكی كۆمیۆناڵ و یەكسان ،تا بتوانن مافی بەشداری یەكسان و بڕیاردانی پەیوەست بەخۆیان هەبێت لەتەواوی سێكتەرەكاندا ،

خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراق ئەگەر لەسەر بیری پێشكەوتووخوازی و ڕیفۆرمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و مەزهەبی بێت ئەوا ئەتوانێ  تروسكەی هیوا لەشەوەزەنگی لایەنە سیاسییەكان بە زیندوویی ڕابگرێت و دواجار خۆیان و مافەكانیشیان بەدوور بگرن لەیۆپۆپیا و زەمین لەرزەیەكی سیاسی كە دیسانەوە دۆخی كائیۆس بكاتەوە بە بەریاندا ،

وەك ئەزانین عێراق بەدەر نەبوە لە دەستێوەردانە دەرەكییەكان كە هۆكارێكی سەرەكی بە هۆی ڕێكنەخستنی نێوخۆیی حیزبەكان خۆیانەوە بوە كەهەمیشە هۆكارێك بوون بۆ ئاڵۆزی و بەیەكداچویی زیاتركە كاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی سیاسی عێراق  بەجێهێشتوە و ناسەقامگیری و فشۆڵی كارەكتەری لە جومگەكانی دەوڵەتدا دروست كردوە كەدواجار ئیفلیجی سیاسی و حكومداری بەرهەم هێناوە و زیاتر لاوازی دەسەڵاتی یاسادانانی بەسەر جێبەجێكردندا بەدەرخستوە بۆیە ئەگەر خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراق سەربكێشێت بۆ ململانێكان و جیاوازە مەزهەبی و ئەتنییەكانی لایەنە سیاسییەكان بەدەستی زلهێزەكان ئەوا پێشینەی خوێناوی عێراق بەس ئەبێت بۆ دوبارە ناسەقامگیری و  خوێنڕێژییەكی زیاتر و ناجێگیرییەكی دیكەی گەلەكەی .