نەخشەو پلانەكانی دوای ١٢٠ كاتژمێرەكە چین ؟

کەمال محەمەد 20/10/2019



لەدوای ڕاگەیاندنی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بەناوی كانی ئاشتی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان توركیا ئەیەوێت سنورەكانی دەسەڵاتی بەروی دەرەوەدا بكاتەوەو بەرەو هێزێكی هەژمونگەرایی هەنگاو بنێت بێگومان هەمو ئەمانەش بەناوی پاراستن و دەستەبەركردنی ئاسایشی سنورەكانیەوە ئەنجام ئەدات ،بەمجۆرەش بەرفراوانترین شەری لەدژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە باكوری سوریا هەڵگیرساندوە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا  لە دوای تویتەكانی سەرۆكی ئەمریكاوە هات كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە باكوری ئەو وڵاتە ڕاگەیاندبوو سەرەنجام ئەو هێزەی كە بە هاوپەیمانە ستراتیژەكەی ئەمریكا لەشەری تیرۆرستانی جیهان ناوی ئەهێنرا لە ناو تێكۆشانی پاراستنی بوون و ئازادیخوازییاندا بەتەنها مانەوەو گۆشەگیر كران ئەردۆغان و توركیا بەشێوەیەكی دور لە یاسا نێودەوڵەتی و مافە مرۆییەكان  پلانە مەترسیدارەكانی بۆ لەناوبردنی كوردان و داگیركردنی جوگرافیاكەیان  پیشانی هەمو جیهان دا ،هەرچەندە هەندێك دەنگی جیاوازی ئەمریكا و وڵاتان نەیتوانی بەر بە هێرشەكانی توركیا بگرێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە دەرهەق بە پێشێلكارییەكان بدەن ،هێرشەكانی ئەم جارەی توركیا تەنها ئامانجیان دامركاندنەوەی بزوتنەوە ئازادیخوازییەكانی كورد نەبوو لە باكوری سوریا بەڵكو داگیركردن و دەست بەسەرداگرتنی گرنگترین ناوچەی جیۆپۆلەتیكی ڕۆژئاوای كوردستان بوو  كە دابڕانی بوو لەدەریای ناوەراست وێڕای چەندین كێڵگەی نەوت و بەپیتی خاكنو جوگرافیا كشتوكاڵییەكەی كە بوژانەوەیەكی بەهێزی ئابوری لەدوادائەهات ،ئەمانەو سەرەڕای ئەوەی كەئەم ناوچانە لەروی جیۆپۆلەتیكی و سیاسییەوە كاریگەری زۆری لەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستان هەیە  ،

لەماوەی چەندین ڕۆژ لەشەڕو پەلاماردانەكانی توركیا  كچان و كوڕانی ڕۆژئاوا لەترسی داگیركردن و دەست بەسەرداگرتن و ئاسیمیلاسیۆن و ژینۆسایدكردنیان وەك لەمێژوودا لەئەنادۆڵ ومیزۆپۆتامیا رویدا دوای ئەوەی پشتگیری یەكێتی سۆڤیەت بەدەستهێنرا بوو ئەمجارەیان بەرخودانێكی مەزنیان ئەنجامدا،ئەو تێكۆشانەی هێزەكانی هەسەدە لەم چەن ڕۆژەی شەردا نواندیان لە ڕێگای ستراتیژی و تەكتیكی تێرو تەسەلەوە ئەنجامیاندا یەكلاكەرەوە بوو كە تا كۆتایی ژیانیان بەرخودان بە بنەما بگرن ،هەمو ئەمانەش وایكرد كە پلان و نەخشەكانی ئەردۆغان و سوپاكەی كە چەند ڕۆژێكیان بۆ پێشڕەوی و چونە ئەو شوێنانەی كە مەبەستیان بوو دایانڕشتبوو فەشەل پێهێنا ،

ترسی دروست بونی ئۆراسیایەكی بەهێز لەلایەن روسیاو  ئێران و توركیا وایكرد ئەمریكا ئەندامەكەی ناتۆ بهێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆو ڕێكەوتنەكان بۆ ئەوەی هەژمونی دەسەڵاتەكانی لەو دیو زەریای ئەتڵەسی بەئاسان نەیەتە پێش چاوان ،بۆیە ترەمپ لە دژایەتی كردنی توركیا بۆهەر قەوارەیەكی توركی و هێزەكانی هەسەدە كەوتە گومان و كەناڵە دیبلۆماسی و سیاسییەكانی لەگەڵ توركیا فراوانتر كرد و چاوپۆشی لە سیاسەتە دوژمنكارییەكانی توركیا كرد بەرامبەر بە هاوتا هاوپەیمانەكەی خۆی لە تەنگەژەكانی سوریا  ،

بەرخودانی ڕۆژئاوا و فشارەكانی ئەندامانی كۆنگرێس لە بەرەی كۆماری و دیموكراتەكان و شڵەژانی شەقام و دەنگە ناڕازییەكان بۆسەر ترەمپ و هەروەها فشارەكان بۆسەر ئەردۆغانیش چ لە ناوخۆی وڵات چ لە تێكچونی پلانەكانی جەنگ لە سوریادا وایكرد پلانی B بخرێتە كار كە سیمای دەرەوەی وای نیشان ئەدات كە مەبەست لێی نیاز پاكی و ئاگر بەست بوو ،بەڵام روی پشت پەردەی  ڕێكەوتنە دوقۆڵییەكەی ئەمریكا و توركیا  شتێكی دیكەمان ئەخاتە مێشكەوە كە بەرژەوەندییە كانی زلهێزەكانی لەسەر بنیاد نراوە،بەڵام بیرمان نەچێت بەرجەستەبونی كردەیی پرۆژەكە لەسەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان بە نەگەڕانەوە بۆ جەمسەری روسی ئاسان نابێت بۆیە لە كۆتا ساتەكانی ئاگر بەستە ١٢٠ كاتژمێرەكەدا پۆتین ئەردۆغانی بانگێشت كردوە كە ئەم دانیشتنە سەنگی مەحەك ئەبێت بۆ ئەرۆغان كەئاخۆ تاچەند و چۆن پلان و خەونە هەژمونگەراییەكەی ڕێگا ئەبڕێت ،

ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین  ئەگوزەرێ سیمای دوگۆڕانكاری جیاواز و پارادۆكسی پێوە دیارە ،كە یەكێكیان سەر لە نوێ  بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەهالەیەك ترازانی سنورەكان و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەو داڕشتنەوەی دەسەڵاتەكانی دەوڵەتەكانە لەناوچەكەدا ،ئایا لەم پارادۆكسەدا نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەرەو چ ئاقارێكدا ئەڕوات ؟ئایا زلهێزەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چۆن ئەتوانن دوبارە خۆیان پێناسەو فۆرمۆلە بكەنەوە ؟

ڕوسیا بەهەنگاو نانە كیسەڵییەكانی دەیەوێت هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەكەو جیهاندا بسەپێنێت و ببێتە ئیمپراتۆریایەكی تەزاری نوێ لەسەر هەمان پێگەی یەكێتی سۆڤیەت بەڵام بەهێزتر و بەپێی سەردەم ،بۆیە هەوڵدان بۆ شرۆڤەكردن و رونكردنەوەی ئاراستەی گۆڕانكارییەكان  بەندە بە سیاسەتەكانی زلهێزەكان و ئەوەی لەپشت پەردەوە ئەگوزەرێت !

ئەوەی بۆ كوردەكان گرنگەلەم قۆناغەدا بەتەنها بەرگریكردن نییە لە ڕێگەی شەڕ و بەرخودانەوە بەڵكو خۆتەیاركردنی تیۆری كوردان گرنگترە بۆ بەرەوپێشچونی جەنگە دیبلۆماسی و سیاسییەكانیان لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی نەبنە لاوازترین ئەڵقەی سەرمایەداری مۆدێرنێتەی جیهانگیری زلهێزەكان كە لەژێر هەزارنو یەك دەمامكدا سیاسەتەكانیان ئەنجام ئەدەن ،بۆیە پێویستە هەموو كوردان ئەو روناكییەی كە هاونەتەوەییەكەیان لە ڕۆژئاوا بەدەستی هێناوە لەنێو ئەو زریانە سەرشێتەی ڕۆژهەڵاتی لەسەرئەو بنەمایە هەرچی زوە ئەوهێزە بەدەست بهێنن و كێشەو پرسی  چارەسەری كورد بكەنە ڕۆژەڤی سەرەكی جیهان و دەرفەتی قەتیسكردنی سەرجەم یۆتۆپیاكانی نەتەوە دێرینەكەی دەستەمۆی پلانەكانی دوای ئاگربەستە ١٢٠ كاتژمێرییەكە نەكات .