چ كۆنگره‌یه‌كمان ده‌وێ؟
گۆٍانكاریه‌كانی جیهان و پێشهاته‌كانی تری ناوچه‌كانی تری كوردستان، هه‌روه‌ها عێراقیش به‌تایبه‌تی، بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش، ئه‌مانه هه‌مویان ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واویان له‌سه‌ر كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتی ده‌بێت، چونكه ئه‌و كۆنگره‌یه‌یه بۆ هێزێك ساز ده‌كرێت، كه له‌م ناوچه‌یه‌دا پێگه و سه‌نگێكی به‌هێزو كاریگه‌ری هه‌یه و هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌م حزبه‌دا، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئاراسته‌كان دروست ده‌كات به شێوه‌یه‌كی گشتی.
ئه‌مرۆش كوردستان له‌هه‌ر كاتێكی تر زیاتر به قۆناغێكی پرله رووداودا ده‌روات و ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی داهاتوو، پر ده‌بن له رووداوگه‌لێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی عیراقیشدا. هاوكات، كه‌ركوك و ناوچه دابراوه‌كان ده‌بێ ده‌ستكه‌وێته‌وه و كورد دوباره ببێته‌وه هێزی سه‌ره‌كی له‌و شاره. نه‌خشه و ئه‌جینداكان به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست له گۆڕانی به‌رده‌وام دان، له هه‌موو كاتێكی تر زیاتر قابیلی گۆرانن. له‌سه‌ده‌ی رابووردوودا، یاساكانی شه‌ری ساردی زلهێزه‌كان بوو كه سنووره ده‌ستكرده‌كانی ده‌پاراست، به‌لام ئه‌و یاسایانه و مێژووی شه‌ری سارد ئاودیوی سه‌ده‌كه بوون و ئیمرۆ یاساكانی عه‌وله‌مه‌ی ئابووری و شه‌ری دژبه تیرۆریزم بونه‌ته سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ بریاردان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كان و سنووره‌كانیش دیاری ده‌كه‌ن. راسته كه سه‌ركرده‌ی كورد له‌سه‌ر مێز‌ی نه‌خشه‌كێشاندا تا ئیستا نه‌بونه‌ته لایه‌نێكی سیاسی هه‌ره گرنگ و یاریكه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و سیاسه‌تانه، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر ژیرانه هه‌لسوكه‌وت بكات، ره‌نگه له چه‌ند ساڵی داهاتوو گۆڕانی گه‌وره و چاوه‌ڕوان نه‌كراو بۆ كورد بێته دی، هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌تی ببێته چه‌قی ئه‌و گۆڕانكاریانه.
خه‌ونی له‌وانه‌ش ئه‌زه‌لیتر ئه‌و رۆژه دێته دی كه سیسته‌می دیموكراسی ده‌ستووری و فره حیزبی له‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌چه‌سپێت. بۆیه‌ش مانه‌وه‌ی هێزو توانا و ته‌بایی ناو یه‌كێتی گرنگیه‌كی ستراتیژی هه‌یه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م حزبه و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی. ده‌بێت یه‌كێتی رۆلی سیاسی و ئیداری و ئابووری و عه‌سكه‌ری و ئاساییشی سه‌ره‌كی ببینێ. له ململانێی سه‌ر شانۆی عیراقی و نێوده‌وله‌تیدا رۆلی كاریگه‌ری هه‌بێ و نه‌چێته‌ی خانه‌ی په‌راوێز خستنه‌وه. زۆر گرنگه یه‌كێتی له رووی پێكهاته و توانا‌و پته‌وی وهه‌یكه‌لی حزبی خۆیدا، حزبێكی دیار بێت. چونكه لای هه‌موان ئاشكرایه به لاوازبونی یه‌كێتی ئه‌وا ته‌واوی پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌ت له كوردستان و ده‌ستكه‌وت و هه‌له چاره‌نوسیه‌كانمان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
له‌راستیدا، ئه‌و كۆنگره‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێ بیبه‌ستین و ببێته مایه‌ی دڵخۆشی و هه‌ستانه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌دی بێت، بریتییه له پرۆسه‌یه‌كی ئازادنه و تێیدا خواستی تێكۆشه‌ران و خه‌باتگێڕانی سه‌رده‌می شاخ به‌دی بێت و مافی مانه‌وه‌ش له‌ناو هه‌یكه‌لی حزب له‌ده‌ستنه‌ده‌ن، وه‌ك چۆن نه‌وه‌ی نوێی به‌هه‌مان شێوه و به ئه‌ندازه‌ی خه‌میان بۆ داهاتوو ماف‌و چاره‌نوس‌و ئازادیان لێ زه‌وت نه‌كرێت، چونكه ئه‌گه‌ر رابردوو له‌وان بسه‌نرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌یه داهاتوو له ئێمه داگیر بكرێت، له نێوان ئه‌و دوو ئاراسته‌شدا، ئه‌وه‌ی سبه‌ینێی كۆنگره پێویستی پێی هه‌یه، بریتییه له ئاوێته‌كردنی هه‌ردوو جه‌مسه‌ره سیاسییه‌كه‌ی ناو یه‌كێتیه، كه هه‌م ده‌بێت مێژوو به پێوه بوه‌ستێت‌و هه‌میش ئاینده له خه‌ونی خۆی نه‌كه‌وێت، به‌مه‌ش ده‌توانرێت كۆنگره‌یه‌ك ببه‌سترێت به هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و باڵانسه وه‌ك خۆی، چونكه ناكرێت كۆنگره هه‌ر به خه‌یاڵی شۆڕش به‌سه‌ر نه‌وه‌ی دوێنیدا بسه‌پێنریت، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو جه‌مسه‌ره مێژووییه‌كه به‌و چه‌شنه بیر بكه‌نه‌وه، ئه‌وه سه‌ره‌تای یه‌كێتییه‌كی تر نابینین، به‌ڵكو كۆتایی مێژووییه‌ك به‌رجه‌سته ده‌كه‌ین.
كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی یه‌كێتی به قۆناغێكی وه‌رچه‌رخان تێپه‌ڕێ له مێژووی سیاسیی یه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستاندا. چونكه كۆنگره‌ی دوای مام جه‌لاله، ئه‌و پیاوه‌ی هه‌موو كاتێك ده‌یتوانی به (گۆچانه سیحراویه‌كه‌ی) هه‌موان له ژێر چه‌تری یه‌كێتی كۆبكاته‌وه و سیاسه‌تێك دابڕێژێت هه‌موانی پێیه‌وه په‌یوه‌ست بكات. كۆنگره ده‌بی به فیعلی بۆ نوێبوونه‌وه و هاتنه پێشه‌وه‌ی خوێنی تازه بێت بۆ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی، ده‌بی بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی و جه‌مسه‌ره‌كانی بێت و بۆ به‌هێزبوونی بێت، نه‌ك بۆ كه‌نارگیركردنی كه‌سانی تر. (پێویسته كۆنگره‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كان بێت).
له‌لایه‌كی تره‌وه، كۆنگره‌ی یه‌كێتی كه‌وتۆته نێوان دوو به‌رداشه‌وه، كه ئایا گۆڕانكاریی ده‌كات به تایبه‌ت له په‌یڕه‌و و پرۆگرام و قووچه‌كی ده‌سه‌ڵات و مه‌كته‌بی سیاسیی یان نا؟ چونكه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌توانێت ئه‌و گۆڕانكارییه بكات، ده‌كه‌وێته به‌رده‌م شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی ناوخۆیی به تایبه‌ت له ئاستی كادره ناوه‌ندییه‌كان و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی یه‌كێتی، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م پێكهاته‌یه له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وه‌ك خۆی نه‌مێنێته‌وه و ده‌ست ببه‌ن بۆ گۆڕانكاریی ریشه‌یی، به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی ئێستا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن ده‌بێت بچنه په‌ڕاوێزه‌وه و ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كانیان بن كه ئه‌مه له ئێستادا كه‌مێك ئه‌سته‌مه. كه‌واته لێره، دۆخی یه‌كیتی وا ده‌خوازێت هه‌ماهه‌نگی و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن دروست ببێت پێش ئه‌وه‌ی هه‌موان بچنه ناو كۆنگره. هه‌موان به رۆحیه‌تی نوێبونه‌وه و وه‌لانانی كێشه و ناكۆكی و جیاوازیه‌كانیان بچنه ناو كۆنگره، ئه‌گه‌رنا كۆنگره له‌بری نوێبونه‌وه، باڵی تر و پارچه پارچه بونی تر و په‌رته‌وازه‌یی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه.
كۆنگره ئه‌و قۆناغه‌یه كه ئه‌گه‌ر به‌هۆشیاری و روحیه‌تێكی راستگۆیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، سه‌ركه‌وتوو نابێت. بۆ سه‌رخستنیشی پێویسته هه‌موان ئه‌وه بزانن، كه ئێستا حزب كه‌وتۆته به‌ر چاره‌نوسێكی یه‌كجار گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه. بۆ ده‌ربازكردنی ئه‌و قۆناغه‌ش ده‌بێت سه‌رجه‌م جیاوازیه‌كان وه‌لا بنرێن.
پێویسته له‌مه به‌دواوه ده‌بێ یه‌كێتی به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێت (به كادر، سه‌ركرده و ئه‌ندامیش) سیستمێك په‌یڕه‌و بكرێت كه تێیدا چاودێریكردن بخرێته سه‌ر كار و چالاكی و ئه‌ركه‌كانی هه‌مو ئه‌وانه‌ی سیاسه‌تی یه‌كێتی ئاراسته ده‌كه‌ن . به‌و واتایه كه ئه‌ندامانی په‌روه‌رده بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی شایسته بن و ئه‌وانه‌ش كه شایسته ده‌بن یا شایسته‌ترینن، ڕێگایان بۆ بكه‌ینه‌وه بێنه پێشێ و به‌رپرسایه‌تی وه‌ربگرن، بێنه ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب و ئیداره‌ی حیزب به‌ده‌سته‌وه بگرن. ئه‌وه به‌شێكە له ئه‌ساسنامه‌ی نوێ‌دا، ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ی كه بۆمان ده‌كرێ جێی بكه‌ینه‌وه، له بڕیار و ڕاسپارده‌كانی كۆنگره‌دا جێی بكه‌ینه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستمان ئاوه‌ڵا بێ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا. ده‌ستمان ئاوه‌ڵا بێ كه كه‌سێك كه شایسته‌یه و كاری له‌ده‌ست دێ و ده‌توانێ خزمه‌ت به‌و خه‌بات و ئامانجه بكات، بێنین له‌ژێر چه‌تری حیزب‌دا كۆیان بكه‌ینه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی كه ده‌ست و پێ گیرن، پێویسته ورده ورده لایانبه‌رین. مادام ئێمه ده‌مانه‌وێ یه‌كێتی وه‌ك حزب بكه‌ینه چه‌قی خه‌بات، ده‌بێ چه‌تره‌كه‌مان زۆر به‌رینتر و فراوانتر بكه‌ینه‌وه. بتوانین خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ر و ئازادیخواز، بێنینه ڕیزی حزبایه‌تی(گه‌نجان و ژنان) به‌تایبه‌تی. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت، چیتر یه‌كێتی وه‌ك حزبێكی مۆدێرن ناتوانێت له گۆره‌پانی سیاسی‌دا خۆی ده‌ربخات.
پێویسته هه‌ر یه‌كێتیه‌ك له‌كاتی ئیستا بپرسێت ئایا ئایدیا و بیرۆكه‌ی نوێ هه‌ن بۆ ئاینده‌ی ئه‌و حزبه؟ بێگومان ده‌بێ هه‌بێ. ئایدیا و بیرۆكه‌یه‌ك كه بیرۆكه‌ی هه‌موومان بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌كی لۆژیكی و چاره‌نووسساز بۆ یه‌كیتی. ئێمه‌ین ئه‌وڕۆ(كادران) ئه‌و ڕاسپارده و ئه‌ركه‌مان له‌سه‌ر شانه كه ئه‌و ڕێگایه ببینینه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و ڕێگایه نه‌دۆزینه‌وه، له كوردستان هێز زۆره، ئه‌و هێزانه ئێستا تا دێت به‌هێزتر ده‌بن و جێی پێی خۆیان قایمتر ده‌كه‌ن.
راسته ئه‌و ئاڵوگۆڕانه به شه‌و رۆژێك و كۆنگره‌یه‌ك به‌دی نایه‌ن، به‌ڵام ئێمه ده‌بێ خاڵێكمان هه‌بێ كه له‌و خاڵه‌وه هه‌نگاوه‌كانمان هه‌ڵبێنینه‌وه، چ كات هه‌ڵیدێنینه‌وه؟ له كوێڕا ده‌ستپێده‌كه‌ین؟ كۆنگره ده‌رفه‌تێكی باشه، ئه‌گه‌ر نه‌توانین لێره‌وه بیكه‌ین، بۆ نموونه ده‌ڕوا تا چه‌ند ساڵی دیكه و دیسان بڕیاره‌كانی كۆنگره دیسان به‌و شێوه‌ی له ڕابردوودا بووه، ده‌ست و پێمان ده‌به‌ستێ و دیسان چه‌ند ساڵی تر به‌ده‌ست بێ به‌رنامه‌یه‌ی و بێ ئایدیایی ده‌ناڵێنین.