ترامپ، بڕیارە چاوەڕواننەكراوەكان و رۆژئاوای كوردستان

مەلا بەختیار 09/10/2019



ترامپ.. سودگەرایە
سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترامپ) وەكو رابەرێكی پۆپۆلیستی، لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا، راستگۆیە. فرت و فێڵی نییە. وەكو سەرمایەدارێكی پراگماتی (سودگەرایی) ئەمریكی، لە لوتكەی دەسەڵاتدا، بڕیار دەدات و پێش هەموو بەهایەكی سیاسیش، بەهای دراو، دەكاتە پێوەری بڕیاردان.
ترامپ، تاكە سەرۆكە، بەردەوام كۆمێنتی تایبەتی هەیە. رۆژانە، لە چەندین ئاراستەوە، خەریكی ململانێی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییە؛ چۆنی ویستبێ‌ بەرامبەر، برادەر یان نەیار، بڕیاری داوە. دژی هەموو وڵاتێك گەورەو بچوك، بەپێی بەرژەوەندی ئەمریكا، هەڵوێستی وەرگرتووە. نەگوێ‌ دەداتە كاریگەری سعودیە كە قەبری پێغەمبەری تیایەو لای موسڵمانان پیرۆزە، نەبایەخ دەداتە چینی میللی، كە كۆنفشیوس و ماوتسیتۆنگ دەپەرستن (هەروا بوداش) لەلایەكەوە جەنگی بازرگانی دژی چینی یەك ملیارو نیو نفوس دەكات. لەم لاوەشەوە، بەرگری لە (قەتەر)ی چەند سەد هەزارێك دەكات، دژایەتی چین، بۆ باج و دۆستایەتی قەتەریش ، بۆ قازانجە!!.
ئەوەتەی ترامپ سەرۆكە، دژایەتی كوردستانمان بە ئاشكرا لـێ‌ نەدیووە. بەڵام تائێستاش، سیاسەتەكەی، دەستەبەری مافی دیموكراسی نییە بۆ نەتەوەكەمان.
لە پشتیوانیكردنی شەڕڤانان، چەك و پارەی باشی داونەتێ‌، بەڵام كێشە سیاسیەكانی فەرامۆش كردوون. وەكو جەنگاوەری قارەمان دژی داعش، پشتیوانیانە، نەك وەكو ئازادیخواز. كاتێك باسی مافی سیاسی كورد ناكات، ئامانجەكەی دیارە، كە رازی كردنی حكومەتەكانە.. ئەوەتا دەركەوت دژی توركیا، لەبەر بەرژەوەندیەكانی بڕیار نادات. بەڵكو رازیشیان دەكا.
تا ئێستا، یەك جاریش، ترامپ، باسی مافی دیموكراسی و خەباتی رەوای نەتەوەی كوردی، لەهیچ پارچەیەكی كوردستان نەكردووە. بەڵام هەمیشە وەكو جەنگاوەری ئازا، باسی كردوون.
بەندە، ساڵەهایە وتومە: ئێمە جەنگاوەری بەكرێ‌ گیراو نەبوین و نین، هەتا لە جەنگدا هاوكاریمان بكەن و دوای جەنگ پاداشتی مادیمان پێ‌ بدەن و پەردەی شانۆكەمان لەسەر دابخەن. هەمیشە وتومە: ئێمە ئازادیخواز بوین، پێش داعش و پێش تیرۆریستانی تریش. ئەوەتا، دەركەوت بەجەنگاوەری ئازامان تێ‌ گەیشتون!!.
كورد، قوربانی پشتیوانەكانە
كورد، لە سەدەی رابردوەوە، زۆر جار قوربانی سیاسەتی پشتیوانیەكانێتی.
-راپەڕینەكانی شێخ مەحمود، قوربانی بەرگریكردن بوو لە عوسمانیەكان لەشەڕی پێنجوێن (1916) دژی روسیاو ساڵی (1917) لەشەڕی دژی ئینگلیز، هەر بۆ بەرگری لە عوسمانیەكان.
-كۆماری مەهاباد (1945-1946) كرایە قوربانی شورەوی پشتیوان. نە شورەوی نەوتی ئێرانی دەستكەوت و نە كۆماری كوردستانیش ما.
-شۆڕشی ئەیلول، كرایە قوربانی ئێران و ئەمریكای پشتیوان.
-(شۆڕشی نوێ‌) و كوردستان، دوچاری ئەنفال و كیمیاباران كرا، لەبەر ئەوەی ئێران پشتیوانی دەكرد.
مەخابن، لەو مێژووە سەد ساڵەدا، تاقە تاقی كردنەوەیەكیش، پەندی سیاسی فێری سەركردایەتی سیاسی هیچ بەشێكی كوردستان نەكردووە، ئەوەتا ئەمجارەش رۆژئاوای كوردستان و شەرەڤانانیان، دەكرێنە پێخۆری پشتیوانە ئەمریكایەكان.
پەیەدە دەڵێت: ئەمریكای پشتیوانمان، خەنجەریان لێداین. ئەمریكاش دەڵێت: شەڕڤان ئازا بون، بەڵام ئەمریكا پارەی بێشوماری پێ‌ داوون. دوا وتەی سەرۆكی ئەمریكاش، هەر باسی ئازایەتی دەكات، بەڵام ئەوەی باشە، دەشڵـێ‌ پشتیان تێ‌ ناكەین، بەخوا!!
دیقەت بدرێ‌، نە ئەمریكا باسی هیچ رێكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پەیەدەو هێزە كوردستانیەكان دەكات، نە پەیەدەو هێزە كوردستانیەكانیش، باسی رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا، لەسەر مافەكان و ئەگەرە سیاسیەكان دەكەن. كەوابێ‌:
ئەمریكا دژی داعش جەنگاوەری ویستووەو پەیەدەی دەستكەوتووە. پەیەدەش دژی داعش، پشتیوانی ویستووەو ئەمریكا ئامادە بووە. ئەم جۆرە پەیوەندییە، كە گرێ‌ بەستی سیاسی تیا نییە، ئاكامەكەی ناكامی سیاسییە.
كۆنگرەی ژنێف و فەرامۆشی كورد
سـێ‌ ساڵە، كۆنگرەی ژنێف، چەند جارێكیش كۆنفرانسی ئەستانە، كراوون، دیسان بەداخەوە نە لە رێی روسیاو نە لەرێی هیچ وڵاتێكەوە، خیتابی سیاسی رۆژئاوای كوردستان، یەك و رێك نەخرا، هەتا بتوانن، چ خۆیان و چ لەرێی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، ببنە بەشێكی پرۆسەی چارەسەرو لە چۆنیەتی نوسینی دەستوری نوێی سوریا. سەرەنجام، شەڕ لە كۆتاییدایەو نوسینی دەستور دەستی پێكردووە، كوردیش وریا نەبێ‌، دەستی لەبنی هەمانە دێتە دەر.
ئێستا، پەیەدەو شەڕڤانان، كەوتونەتە دۆخێك، دڵمان نایەت رەخنەیان لێبگرین. هەموو ئاواتێكیشمان ئەوەیە، تێك نەشكێن و چارەسەرێكی گونجاو بدۆزنەوە. ئەگینا، وەكوتر، دەمێكە ئەم دۆخە ترسناكەمان لەگەڵ ئەوان و لایەنەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان (وەكو یەكێتی) و وەكو شەخسیش، باسكردووە. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئێستاش، دەنگوباسی پۆزەتیف هەیە.
یەكەم: یەكێتی ئۆروپا، دژی ئۆپراسیۆنی توركیایە.
دووەم: ئێران دژێتی و هەرگیزیش پێی خۆش نییە، توركیا خاكی سوریا داگیر بكات. چونكە پێیان وایە، وەكو ئەسكەندەرونەی لـێ‌ دەكەن.
سێیەم: زۆربەی پارتەكانی كۆماری و دیموكراتی، لەناو ئەمریكادا، دژی بڕیارەكەی ترامپن.
چوارەم: رای گشتی ئەمریكاو میدیای جۆراو جۆریان، دژی خیانەتن لەكورد. رای گشتی ئۆروپاش، هەمان هەڵوێستیان هەس.
هەروەكو بڕیارەكەی بەهاری ئەمساڵ، كە ترامپ بڕیاری دا، سوپا لە رۆژئاوا بكشێنێتەوە، لە ژێر فشاردا هێشتیەوە، لە دوێنێ‌ شەوەوە، جۆرێك لە پاشگەزبونەوە، بە ترامپەوە دیارە. رەنگە، لە نیوەی بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە یان زیاتر.
ئەگەر، هێزە كوردستانیەكان، وتاریان یەك بخەن و رێك بخەن، بەدڵنیاییەوە، بەشێكی هاوكێشە ترسناكەكەی رۆژئاوا، دژی هێرشەكەی توركیا، قابیلی گۆڕانكارییە. بەڵكو قۆزتنەوەی هەلومەرجەكە گرنگە، بۆ ئەوەی دانوستانێكی هەمەلایەنە، لەناو پرۆسەی سیاسی سوریاداو لە نوسینی دەستوریاندا، دەستبەری مافی كورد بكرێ‌.
ئاماژە سیاسیەكان و ناكۆكییەكانی زلهێزەكانیش، بەتایبەتی لە نێوان روسیاو ئەمریكا، پێمان دەڵێن: روسیا ئامادە نییە، دژی كورد بێ‌. یەكێتی ئۆروپاش هەروەها.
بەدڵنیاییەوە، بۆ دۆخی ئێستای سوریاو لەبەر ئەو گەمارۆیەی لەسەر ئێرانە؛ هەروەها، لەبەر ئەوەی ئەمریكا خەریكە كەتنەكە دەدات، ئێران، رەنگە زیاتر ئامادەبێ‌، كوردو دەوڵەتی سوریا نزیك بخاتەوەو جۆرێكیش لە چارەسەری سیاسیشیان بۆ بخاتە ناو پرۆسەی دانوستانەكە و دەستورەكەش!
وەلـێ‌.. پلاتفۆڕمی پرۆسەكە، یەكخستنی خیتابی هێزە كوردستانیەكانە. پێویستە پێكەوە، بەرپرسیارێتی سیاسی و دیپلۆماسی چارەنوسی كورد، بەپێی رێكەوتنێكی گونجاو، هەڵبگرن. ئەگینا، شەڕ، كە دەستی پێكرد ئەحكام و لێكەوتەی ترسناكتری لـێ‌ دەكەوێتەوە. بەتایبەتی وڵاتێكی گەورەو كاریگەری وەكو توركیا، بەرپای بكات.