ژنان له‌ناو پرۆسه‌ى سياسیی كوردستاندا
له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا هیچ پرسێك ئه‌وه‌نده‌ی پرسی ژنان نه‌بۆته
جێگه‌ى باس و بابه‌تی بازرگانی و به‌رژه‌وه‌ندیه كه‌سیه‌كان بۆ خۆبردنه پێشه‌وه
له حزب و ده‌سه‌ڵاتداران و گه‌یشتن به‌پله‌ی باش و به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی
تایبه‌تی، چونكه هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌كان هه‌وڵی نزیك بوونه‌وه‌ی ژنيان داوه
به ئاراسته‌ی خزمه‌ت كردنی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی حزبی خۆیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی
تێبینی ده‌كرێت له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی كوردستاندا پرسی ژن له‌ناو حزبه علمانیه‌كاندا
له پاشه‌كشه‌دایه، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و ژنانه‌ی به‌شێلگیریه‌وه
هاتنه ناو حزبه‌كان وه‌ك پێویست پشتگیری نه‌كران و حزبه سیاسیه‌كان وه پێويست
پشتیوانیان له پرسی ژنان نه‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی هاتبوونه ناو پرۆسه‌ی
سیاسه‌ت زۆر به‌گه‌رموگوڕی كاریان ده‌كرد بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان، به‌ڵام
وه‌ك پێویست پشتیوانیان لێ نه‌كرا، به‌ڵكو زۆربه‌یان بوونه قوربانی ململانێ
سیاسیه‌كانی نێوان حزبه‌كان، له‌بازنه‌یه‌كی لاوازدا سه‌یر ده‌كران و هه‌ر خۆیان
زۆرجار هه‌وڵی شكاندن و له‌كه‌دار كردنیان ده‌دان و تۆمه‌تی جۆراجۆريان ده‌خستنه‌پاڵ
و كه‌سایه‌تیان له‌كه‌دار ده‌كردن، ئه‌مه‌ش بووه هۆی نیگه‌رانی ئه‌و ژنانه‌ی
خۆیان بۆكاری سیاسی ته‌رخان كرد بوو، له‌دوا جاردا زۆر له‌وانه له‌كاره‌كه‌یان
نا‌ئومێد بوون و دوور كه‌وتنه‌وه، حزبه ئیسلامیه‌كانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆر له
ژنانی دین په‌روه‌ریان به‌هۆی هاوسه‌رگیری سیاسی و ئه‌و بابه‌تانه به‌دبه‌خت و
ماڵ‌وێران كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستاش توانیویانه زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژنان
دابنێن و بتوانن له‌ده‌وری خۆیان كۆيان بكه‌نه‌وه، زیاتر له حزبه سۆسیالیست و
دیموكراته‌كان ڕه‌وشی ژن له‌قازانجی خۆیان به‌كاربێنن، دیاره هۆكاره ئايينه‌كانيش
كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی هه‌یه، حزبه
ئیسلامیه‌كان توانیان به‌ناوی ئاینه‌وه ده‌رفه‌ت بێنن و بارودۆخه‌كه به‌قازانجی
خۆیان بگۆڕن هه‌ڵبه‌ته ده‌توانین ئه‌وه بڵێین ئه‌گه‌ر له‌حزبه علمانیه‌كان
زیاتریان به‌ژن نه‌كردبێ كه‌متریان پێ نه‌كردووه.
ئایا ئه‌و ژنانه‌ی به‌پشتگرتنی حزبه‌كان هاتوونه‌ته ناو پرۆسه‌ی
سیاسی تا چه‌ند توانیویانه له‌به‌ره‌و پێش بردنی پرسی ژنان به‌شداری بكه‌ن، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی له‌ڕێگای حزبه سیاسیه‌كانه‌وه گه‌یشتونه‌ته ده‌سه‌ڵات ناچارن بیركردنه‌وه‌شیان
له‌چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی حزبه‌كان دابێت و هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی
ئه‌و حزبه بێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ژنێكی سه‌ر به پارته ئیسلامیه‌كان له‌گه‌ڵ
فره‌ژنیش نه‌بێت وه‌كو خۆی، به‌ڵام وه‌كو ئافره‌تێك له حزبێكی سیاسی ئیسلامی
كارده‌كات و په‌یڕه‌وی فه‌لسه‌فه‌ی حزبه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌نگ له‌سه‌ر جێبه‌جێ
كردنی یاسای فره‌ژنی ده‌دات، خۆ ئه‌گه‌ر پرسیاری لێ بكه‌یت ئایا له‌گه‌ڵ فره ژنی
دایت بێ گومان ده‌ڵێت نه‌خێر ، پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی كێشه‌ی ژنان و ڕای
تایبه‌تی خۆشی كارده‌كات، وه‌ك بنه‌مایه‌كی ئاینی و بیروباوه‌ڕی حزبه‌كه‌ی كه‌حزبێكی
ئیسلامیه ڕه‌فتار ده‌كات.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت حزبه سیاسیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی پێویست بێت
بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی حزبه‌كانیان كارئاسانی ده‌كه‌ن ژنان بێنه بواری هه‌ڵبژاردنه‌وه
بۆ پۆسته په‌رله‌مانی و حزبیه‌كانیش، به‌ڵام كه‌متر ڕێگا ده‌ده‌ن به‌ژنان له
پۆسته كارگێڕیه به‌رپرسیارێتیه‌كانی تر شوێنیان پێبدرێت، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه ته‌نیا
هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌بێت پێیان وابێت به‌شێك له‌و ژنانه‌ی هاتوونه‌ته پێشه‌وه به
پشتیوانی حزب له‌هه‌ڵبژاردندا ئه‌و شوێنه‌ی پێبه‌خشراوه، به‌ڵام له‌ڕووی كارگێڕیه‌وه
ڕه‌نگه له‌و ئاسته‌دا نه‌بن بتوانن كاری وا گه‌وره به ئه‌وان بسپێرن. ئه‌وه‌ش
ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ پێشكه‌وتنی ڕه‌وشی ژنان هێشتا له‌و ئاسته دا نیه جێگای
دڵخۆشی ژنان بێت. من لام وایه ئه‌گه‌ر به‌راورد به‌ڕابردوو ڕه‌وشی ژنان له‌هه‌رێمی
كوردستان زۆر چوه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام هێشتا كاری ژنان نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و
ئاسته‌ی جێگای دڵخۆشی بێت، پێویسته ژنان خۆیان په‌روه‌رده بكه‌ن پشت به‌خۆیان
ببه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی كادری لێهاتوو به‌توانایان لێ ده‌رچێت و خاوه‌ن توانی خۆیان
بن، چونكه ژنانیش وه‌ك پیاوان هه‌میشه هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی له‌به‌ر چاوانن و له‌به‌رپرسه‌كان
نزیكن له‌هه‌موو پۆست و كاره‌كاندا ئه‌وانه دووباره ده‌بنه‌وه و ڕێگا به‌ژنانی
تر ناده‌ن بێنه پێشه‌وه، ئه‌وان خۆشیان له‌و ئاسته‌دا نین بتوانن ڕچه‌بشكێنن و
سنوور ببه‌زێنن تا بارودۆخی ژنان له‌سه‌رده‌ستی ئه‌وان گه‌شه بكات و پێش بكه‌وێت
كرۆكی كاره‌كه‌ش لێره‌دایه، چونكه پرسی ژنان په‌یوه‌سته به‌ژنان و ته‌نیا خۆیان
ده‌توانن پانتایی مه‌سه‌له‌ی ژنان فراوان بكه‌ن و ببێته جێگای دڵخۆشی هه‌موو ئه‌وانه‌ی
له‌خه‌می ئه‌م پرسه‌دان بۆ پێشكه‌وتنی پرسی ژنان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاش.