یادی سەید كەریمی جوامێری هەڵسانەوە

مەلا بەختیار 15/09/2019



سەید كەریم، یەكێك بوو لەو جوامێرانەی لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتیەوە، هاتە ریزی پێشمەرگەوە. ئەمەش هەڵوێستێكی جوامێرانەی ئەو رۆژگارەیە.. چۆن؟
جوامێر، بە هەڵوێستێكەوە ناوەستێ‌، بەردەوام دەبێ‌. بۆیە، نەك لە دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول، بەڵكو لە دوای شكستی هەڵمەتەكانی ناردنی پێشمەرگە لە قامشلۆوە بۆ بادینان ‌و شەهیدكردنی برایم عەزۆ و هاوڕێكانی، سەید و سامان گەرمیانی و شێخ حوسێنی ئیزیدی و هەڤاڵەكانی، بەڕابەرایەتی شاد رەوان نەوشیروان مستەفا، كە زانیان لە سۆران نشیندا، مەفرەزەكانی كۆمەڵە و بزوتنەوەی سۆسیالیستی، بە سەدان پێشمەرگە (شۆڕشی نوێ‌)یان راگەیاندووە، ئەوان‌و زیاتر لە (50) پێشمەرگە، لە كاتێكدا هاتنەوە، بەداخەوە، هێشتا لە بادیناندا، خوێنی شەهیدانی پێشەنگی یەكێتی، وشك نەبوبون و هێشتا، هیچ جۆرە چارەسەرێكیش بۆ كێشەی یەكێتی ‌و پارتی، نەدۆزرابوەوە.
بەڵێ‌، سەید كەریمی شەهید، جوامێریەكی دیكەی نواند و لە تەك هەڤاڵەكانیدا گەڕایەوە و شەهید د. خالید و چەندین مەفرەزەش گەیشتبونە (دۆڵی گۆستێ‌)ی لای برادۆست.. ئەمە پێش هاتنەوەی سەرۆك مام جەلال، لەو هاتنەوەیەدا، كاك نەوشیروان، پشتی بە شەهید سەید كەریم، شەهید حەسەن خۆشناو، سامان گەرمیانی، عادل شوكر، شەهید داود و چەند پێشمەرگەیەكی دیكە بەستبوو.
دیقەت بدەن، یەكێتی و پارتی، خوێن لە نێوانیان دادەچۆڕا.. خوێنێك هەرگیز نەدەبوو بەدەستی یەكتر رژابا.. ئا لەوكاتەدا، شەهید سەید كەریم ‌و هەڤاڵەكانی ناهێڵن سەنگەری برایم عەزۆو هەڤاڵەكانی چۆڵ ببێ‌.. جوامێرانە دێنەوە، هاتنەوەكەش، تاڕادەیەك، لەڕووی عەسكەریەوە، قەرەبووی شكستی هەوڵە سەرەتایەكانی هاتنەوەی مەفرەزەكانی قامشلۆی دابووەوە.
كاتێك (مام) لە 20/7/1977 گەڕایەوە و شەهید عەلی عەسكەری و كاك سالار و ملازم عومەر و هێزەكان گەیشتنە برادۆست، یەكێتی تاڕادەیەك، مەترسیەكانی لەسەر رەویەوە. بەداخەوە، دۆخی یەكێتی و توانای عەسكەری، ئەوكاتە خراپ بوو، ئەگینا یەكێتی بارەگای سەرەكی لەو دەڤەرەدا بهێشتایەتەوە، لام وایە هاوكێشەكان چاكتر دەبون، كێشەی یەكێتی و پارتیش چارەسەریان بۆ دەدۆزرایەوە. چەك ‌و تفاقیش بەردەوام دەگەیشتن، كارەساتی هەكاریش، رەنگبوو روی نەدابا.
شەهید سەید كەریم، هەتا ساڵی (1984) لە پارێزگای هەولێر و سەركردایەتیدا، لە شەڕو هەڵمەتەكاندا، لە پارێزگاری كردنی مام جەلال ‌و نەوشیرواندا، لە گەشتی شەش مانگەی پێكەوەی من و ئەو (1977)ی دەشتی كۆیە و هەولێردا، گەواهی دەدەم، سەید، هەر بەجوامێری مایەوەو بەناجوامێریش شەهید كرا.
سەید كەریم، نازناوی شەهیدی هەیە و كێلەكەی بەرزە. بەڵكو پێڵاوێكی لەسەری هەموو ئەو گەلە جاشەی لە تاسڵوجە شەهیدیان كرد، لە مۆزەخانە دابنرێ‌، خەڵك بە شانازیەوە سەیری دەكات، بەڵام كەللە سەری جاشەكان، بەڕیز دابنرێ‌، خەڵك تفیان تێ‌ دەكات!.