كرێكاران و هێزی گۆڕانكارییە سیاسییەكان

ئەحمەد محەمەد سەعید 14/09/2019




دوای (133) ساڵ لە رەشترین رۆژی مێژوویی كرێكاران، دوای گرتن‌و كوشتن‌و كەمئەندامكردن‌و دەركردنی كرێكاران، كەچی خەباتی كرێكاران درێژەی هەیە، كرێكاران‌و پیشەگەران دوای ئەو زوڵم‌و ستەم‌و بێكارییەی كە ئەمڕۆ لە جیهانی مرۆڤایەتیدا هەیە، بەهۆی پێشكەوتنە خێراكانی تەكنەلۆجیا و جێگرتنەوەی ئامێر و دەزگا و رۆبۆتە پێشكەوتووەكانەوە، گرفتی گەورەی بێكاری لەنێوان چینی كرێكاراندا خوڵقاندووە.
سەرباری ئەو هەموو پێشكەوتنە زانستیەی ئەمڕۆ گرفتی بێكاری فراوانتر و قوڵتركردۆتەوە لەڕژێمە دیكتاتۆر و دەسەڵاتدارە بنەماڵەییەكاندا، ئەم دوو فاكتەرە فاكتەری زانستی پێشكەوتنی مرۆڤی ئالی و دەسەڵاتدارە ستەمكارەكان بڕستی هێز و توانای ژیانی لە كرێكاران بڕیوە، بەڵام بە جۆرێكی تر كرێكارانی یەكڕیز كردووەو كرێكاران بوونەتە پێشەنگی راپەڕین‌و شۆڕشەكان بەدرێژایی سەدەو نیوێك، كە نەخشەی راپەڕین‌و بەرخودانەكان لەپێناوی دەستكەوتنی كار و كەمكردنەوەی نرخی خۆراك و سوتەمەنی و پێداویستی سەرەتایی ژیان، بە یەكڕیزی كرێكاران دەیان رژێمی دیكتاتۆر و دەسەڵاتی زەبەلاحیان لەسەر تەختی پاشایەتی ئاواكرد.
ئەو گۆڕانكارییەی كە لە دەیەی ئەم دوواییەی بەهاری عەرەبی، جوانترین نموونەن‌و پێشەنگی راپەڕینەكان لە یەك كرێكارەوە دەستیپێكردو دەسەڵات دوای دەسەڵات بەرانبەر بە خەباتی چینایەتی كرێكاراندا دەڕما، هەروەك روخانی رژێمی (زەین عابدین بن عەلی) لەسەر دەستی (محەمەد بو عەزیزی) چەخماخەی شۆڕش دەستی پێكرد.
ئێستا وڵات لەژێر سایەی سەندیكای (كاری) تونسی‌و بڕیارەكانیدا وڵات بەڕێوەدەبرێت، هەروەها نزیكترین نموونە سەندیكا پیشەگەرەكانی سودان‌و لەمانگی نیساندا توانیان كۆتایی بە حوكمی 30 ساڵەی (عومەر حەسەن بەشیر) بهێنن دوای ئەوەی نرخی سوتەمەنی‌و نانی لەسەر هاووڵاتیان و كرێكاران گرانكرد.
ناڕەزایی كرێكارە پیشەگەرەكانی سودان ئەوەندە بەتین و تاوبوو، دەسەڵاتی سەربازیشی ناچاركرد كە دەبێت هەوڵبدات حكومەت تەسلیم بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بكات‌و دەسەڵاتی سەربازی كۆتایی پێهێنرا.
لێرەدا مەبەست و ئامانج ئەوەیە كە سەندیكاكانی كرێكاران دەتوانن هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكان ئاڵوگۆڕ بكەن بە دەسەڵاتێكی مەدەنی دیموكراسی كە گەل و كرێكاران و چەوساوەكان لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا ژیانێكی شایستە بژین و جیاوازی چینایەتی‌و رەگەزی و ئیتنی نەهێڵێت و هەموو هاووڵاتیان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا دادپەروەرەدا بە ئارامی بژین.

 

ئەحمەد محەمەد سەعید
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی سەندیكاكانی كریكارانی كوردستان