هەدەپە بەهەڵبژاردن دەگاتە ئامانج؟

هاوکار فایەق 01/09/2019


لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا هەدەپە سێ گەورە شاری كوردستانی بەدەست هێناو دەنگ و ئیرادەی زۆربەی خەڵكی لەباكور بردەوە، بەتایبەت لەهەر سێ گەورە شاری ماردین و ئامەد و وان ، لەدوای ماوەیەك لەهەڵبژاردن، ئێستا پارتی دەسەڵات ئاكەپە دەیەوێت شارەوانیەكانیانی لێزەوت بكات و كودەتا بەسەر دەنگی خەڵكدا بكات و لەجێی سەرۆك شارەوانیە كوردەكان ( قەییوم ) واتە جێگرەوەی خۆسەپێن دابنێت بەجۆرێك كە خزمەت بەپارتی دەسەڵات لەتوركیا دەكات، ئەمە سەرەڕای تۆمەتباركردنی سەرۆك شارەوانیە كوردەكان بە بیانوی بونی پەیوەندیان بەپەكەكەوەو دروستكردنی تۆمەتی گەورە بۆ سەرۆك شارەوانیە كوردەكان و دەیەوێت لەڕێگەی قەییومەكانەوە سزایان بدات.
لەئێستادا ئەوەی هەدەپە لەدەستیدێت هاواركردن و گردبونەوەی سەرشەقامەكانەو ئیدانەكردنی ئەو بڕیارەیە كە لەلایەن ئاكەپەوە سەپێنراوە، ئاكەپە بەم بڕیارەی سەلماندی كە نیازی ئەوەی نیە لەگەڵ كورد دانوستان بكات، یاخود بەئاشتی كێشەكانی لەگەڵ كورد چارەسەر بكات، هەربۆیە بڕیارێكی لەو شێوەیە دەردەكات .
ئەمە لەكاتێكدا هەر لەدوای یەكەم ڕۆژی هەڵبژاردن ئاكەپە پیلانی ئەوەی داڕشتبوو كە چۆن و بەچ شێوەیەك قەییومەكانی ڕەوانەی شارە كوردەكان بكات، بەڵام چاوەڕێی پێشهاتەكانی دەكرد، بەتایبەت دروستكردنی ناوچەی ئارام و كشانەوەی كوردەكان لەسنورەكانی توركیاو دڵنیایی باشی لەئەمریكا وەرگرت و ئەوەشی بۆ دەركەوت كە ناوچەی ئارام دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئیتر كوردەكانی پشت گوێ خستەوەو دیدارو بینینەكانی ئۆجەلانیش كەم بونەوەو دۆخەكە بەرەو تێكچون هەنگاوی نا.
ئیتر هەدەپە لەوە تێگەشتوە كە مەحاڵە بەهەڵبژاردن لەگەڵ توركیا بگاتە ئامانج، ئەمەچەند جارێكە هەدەپە شارەوانیە كوردەكان بەدەست دەهێنێت بەڵام لەلایەن ئاكەپەوە قەییومی بەسەردا دەسەپێت.
بەم دواییانە لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پارێزەرەكانی، ئۆجەلان ئاشكرایكرد كە ئامادەن دانوستان لەگەڵ توركیا بكەن بەئاشتی كێشەكانیان چارەسەر بكەن گەر توركیاش ویستی هەبێت و پابەندی مەرجەكان بێت ، دواتر ئەم دەستپێشخەرییەی ئۆجەلان لەلایەن توركیاوە بەفەرمی هیچ وەڵامێكی نەدرایەوەو ئاكامەكەشی گەشتە ئەوەی كە سەرۆك شارەوانیە كوردەكانیش لەدەست بدەن .
لەو ڕۆژەوەی ئاكەپە بڕیاری قەییومی بەسەر شارەوانیە كوردستانیەكاندا سەپاندوە لەناخی هەدەپەوە چاوەڕواندەكرا كە جەهەپە هەڵوێستی جددی بەرانبەر ئاكەپە هەبێـت بەڵام بەداخەوە هیچ هەڵوێستێكی دڵخۆشكەرانەیان نەبو، لەبەرانبەردا هەدەپە لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی شارەوانی ئیستەنبوڵدا هەڵوێستێكی جوانی بەرانبەر جەهەپە دەربڕی و هەدەپەییەكان دەنگیان بەكاندیدی جەهەپە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو داو وایانكرد لەئیستەنبوڵ سەربكەوێـت كە ئەمەش ڕزگاركردنی جەهەپە بوو لەتوركیا كە ماوەی 18 ساڵە چاوەڕێ دەكرد بەداخەوە ئەوان هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆیان بەرانبەر لابردنی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە نەبوو، جگە لە ئیدانەكردن.
گەر ئەو قەییومانە بەسەر شارەكانی ئەنقەرەو ئیستەنبوڵدا بسەپێنرایە، دڵنییام هەدەپە هەڵوێستێكی جوامێرانەی دەنواند، بۆیە نابێت هەدەپە داهاتوی خۆی بداتە دەست جەهەپە چونكە لەكۆتاییدا ئەویش هەر جەهەپەیەو پارتێكی توركییەو ئەوەی لەبەرژەوەندی خۆیان و توركیادا نەبێت ئاوڕی لێنادەنەوە.
پارتێكی گەورەی وەك هەدەپە كەیەكەمین پارتی گەورەی سیاسی كوردستانی باكورە بەو هەمو دەنگدەرەوە گەر نەتوانێت خاوەندارێتی شارەوانیەكانی خۆی بكات ئیتر پێم وایە پڕۆسەی دیموكراتی لەو وڵاتەدا بونی نیە، هەدەپەو پارتەكانیتر دەبێت هەوڵ بدەن دەستوری ئەو وڵاتە بگۆڕن سەر لەنوێ بینوسنەوە بەجۆرێك كە مافی كوردەكان و نەتەوەكانیتری تێدا جێگیر بكرێت ، گەرنا هەر بەم جۆرە بەردەوام دەبێت ، كوردەكان لەهەڵبژاردندا دەیبەنەوەو توركەكان جێگەیان دەگرنەوە.
ئێستا هەدەپە دەبێت زۆر بەهێزو خۆڕاگر بێت بەرانبەر ئەو ناهەقیی و نادادپەروەرییەی كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەرانبەریان ئەنجامدراوە، دەبێت كۆڵنەدات و دەنگی خۆی بگەیەنێتە هەمو جیهان و لەدادگا نێودەوڵەتیەكان سكاڵا تۆماربكات و بۆ جیهانی بسەلمێنێت كە هەدەپە و كوردەكان لەتوركیا نمونەو پشتگیری تەواوی پڕۆسەی دیموكراتین .
لەكۆتاییدا هەردەنگی خەڵك و پڕۆسەی دیموكراتی دەبێـت زاڵبێت بەسەر دەسەڵاتی شۆڤێنیدا.